دواین هەواڵ

هەلێكی زێڕین بۆ یەكێتی

‌كوردستان ئەحمەد

14/07/2021

دۆخی ناوخۆی یەكێتی دروست دوو هەفتەیە هەرێمی كوردستان و  ناوچەكە و تەنانەت جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵكردووە، بەشێكی زۆر لە شارەزایانی كایەی سیاسی یەكێتی و شرۆڤەكاران هیچ شۆك نەبوو بەوەی كە ڕوویدا، چونكە دەیانزای ئەو بۆمبە تەوقیتكراوەی دوگمەكەی لە تارانە و دوگمەیەكی لە واشنتن ڕۆژێك هەر دەتەقێتەوە، بەڵام بە كێدا دەتەقێتەوە؟

هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە باڵباڵێن و گروپ و لایەنی جیاجیا پێكهاتبوو، كە گەورەترین باڵیان باڵی ڕیفۆرم و چاكسازی بوو كە نەوشیروا مستەفا ئەمین، سەركردایەتی دەكرد و سەر ئەنجام بە دروستكردنی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتای بە خەونی گەورەی  نەوشیروان مستەفا ئەمین هات.

گەورەترین گرفتی ئەم حزبە ئەوەیە لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە نەیتوانییەوە پێگەیەكی بە هێز و لینكێكی بەهێز لە دەرەوەی ماڵی جەلال تاڵەبانیدا دروستبكات، بزوتنەوەی گۆڕانیش ئەو باجەیدا كە نەیتوانیوە لەگەڵ دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا پەیوەندیەكی نێودەوڵەتی دروستبكات.

لە ناوخۆی كوردستانیشدا لە ڕاستیدا هەرگیز یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دۆستێكی نزیك و هاوڕێیەكی ڕاستەقینەی نەبووە چ لە ئاستی تاكدابێت یاخوود لەئاستی گروپ و حزب و ڕێكخراوە تا دەگاتە ئاغا و دەرەبەگەكان، وێنە و قسەكانی بەڕێز عەتا سەراوی بەڵگەیەكی ڕوونن لەسەر ئەو قسانە كە تەنها لە یەك مانگدا بەیعەتی بە دوو سەركردەی جیاوازی یەكێتیدا.

ئێستا بمانەوێت و  نەمانەوێت ئاڵۆزییەكی گەورە نێو ماڵی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی لە سەر ئاستی باڵا و لوتكە گرتوەتەوە كە مەترسیەكەی لەوەدایە دوو دەزگای زۆر مەترسیدار و بڤەی ئەو حزبەی گرتوەتەوە كە هەریەكە لە دەزگای دژە تیرۆر و دەزگای زانیارین، ئەوەش هاوكێشەكە هێندە ئاڵۆز دەكات كە زۆر كەس ناوێرێت پەنجەی بۆببات و گفتوگۆی لەسەر بكات.

لە ڕاستیدا و لە ئەمری واقیعدا هەردوو باڵەكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هێندەی یەك مەترسی و هێز وپارە و دەسەڵاتی خۆیان هەیە، بەڵام هەریەكەیان بە شێوازێك ڕووبەڕووی دەورووبەریا بوەتەوە.

یەكێتی و سەردەمی لاهور شێخ جەنگی

لە سەردەمی لاهور شێخ جەنگیدا كە دوای كۆنگرەی چوارەمی ئەو حزب بووە هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەتوانین بڵێین لاهور جەنگی وەك سەرۆك مامەڵەی دەكرد نەوەك وەك هاو سەرۆكی یەكێتی.
چونكە لاهور جەنگی توانیبووی هەم پارە هەمیش هێزی یەكێتی و وە ڕێكخستنەكانی یەكێتی بخاتە ژێر ڕكێفی ڕاستەقینەی خۆیەوە ولاهور شێخ جەنگی لە ڕێگەی مۆبایلەكەیەوە تەواوی ئەو سێ جوومگەیەی ئاڕاستەدەكرد.
بەتایبەتی دەزگای زانیاری و دەزگای دژە تیرۆر كە ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی  خۆیدا جوڵەی دەكرد، ئاڵۆزی گەورەشی لەسەر ئاستی ناوخۆ دروسكردبوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە سۆشیاڵ میدیادا هێزكی گەورەی بە زەبری پارە دروستكردبوو.

جیاواز لە هەموو پرسەكانیش پارەیەكی خەیاڵی لە پەیج و سایت و وێبتیڤی و میدیای گەورەدا سەرفدەكرد كە لاهور جەنگیان وەك پاڵەوانێكی گەورە دەردەخست، كە وای لێهاتبوو لاهور جەنگی دەستی بۆ پرسی گەورە دەبرد كە لە دەرەوەی توانای خۆی و حزبەكەیدا بوو، وەك پرسی سەرۆككۆماری عێراق و پرسی میسای میلی توركیا و دەستبردن بۆ موقەدەساتی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئەو گۆڕانكاریی و  ئەو كارانەی لاهور شێخ جەنگی دەیكرد كاریگەریی گەورەی لەسەر دۆسیەی ئەمنی و ئابووری ناوچەكە ئەوروپا و جیهانیش هەبوو، بۆ نموونە دەستبردن بۆ پرسی نەوتی كەركوك و رادەستكرد نەوتی ئەو شارە بە ئێران و حەشد خۆی لە خۆیدا هەڵوەشاندنەوەی پرۆسێسی ستراتیژی ئابووری گەورەی هەرێمی كوردستان و توركیا و رووبەرووبووەوەی پڕۆژەی ستراتیژی ئەمریكابوو بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئابووری ئەورووپا و ڕووسیا كە پلان هەبوو بەنەوت و گازی كەركوك رووبەڕووی ڕووسیا بنەوە.

هەموو ئەوانە لەلایەك  دەنگۆی دەستبردن بۆ دۆسیەی ئەمنی گرنگی وەك پرسیەكانی حەشدی شەعبی و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و باندی لەشفرۆشی و شتی دیكە كە میدیاكان باسی دەكەن و منیش وەك خۆی دەیگوازمەوە، كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر ئەو بالەی یەكێتی هەبووە كە لە ڕابردوودا كردوونی.

لە سەردەمی هاوسەرۆكی لاهور جەنگیدا كە لە ڕاستیدا وەك سەرۆك مامەڵەی دەكرد، چەند پرسێك هەبوو زۆر گرنگ بوو كە بریتی بوو لە دەستبردن بۆ چەند مووقەدەساتێكی گرنگ كە بۆ بەرامبەر بەتایبەتی ئەمریكا و خودی هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانییەوە هەیە هەبوو ئەو دۆخەی دروستكرد كە ئێستا دوو هەفتە زیاترە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی تێكەوتووە.

چۆن دۆخەكە تێكچوو؟

لاهور شێخ جەنگی لەسەردەمی زێڕینی خۆیدا دەستی بۆ زۆر پرس برد كە نەدەبوو بەلایەنی كەمەوە تا پێنج ساڵی دیكە دەستی بۆ ببات و هێندە پەلە بكات لەكردن و گوتنیان و هەروەها متمانەكردن بە چەند كەسێكی دەورووبەری خۆی كە توشی گرفتی گەورەی كردن.
لاهور شێخ جەنگی لەیەك كاتتدا دەستی بۆ چەندین پرسی گرنگ برد وەك:-

یەكەم: بەها دانەنان بۆ سەرۆك بارزانی و ئامادەنەبوون بۆكۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و ئەو حزبەدا.

دووەم; دەستێكەڵكردن لەگەڵ ئێران و حەشدی شەعبی كە نیگەرانی ناوخۆی و نێودەوڵەتی لەسەر بوو.

سێیەم: بڕیاردانی تاكڕەوی لە حیزبەكادا و پەراوێزخستنی هێرۆ خان و شانازی ئیبراهیم ئەحمەد.

چوارەم: بەهادانەنان بۆ توركیا و خۆیەكلای كردنەوە بۆ ئێران.

پێنجەم: سزادانی بەرپرسان و دورخستنەوەی كەسە گرنگەكانی وەك مەلابەختیارەكان و ئەوانی دیكە.

شەشەم: دەستگیركردن و كۆنترۆڵكردنی ڕێكخستنەكان.

حەوتەم: سەرفكردنی پارەیەكی زۆر بۆ مەبەستی تایبەت.

هەشتەم: بچوككردنەوەی پافڵ تاڵەبانی و بڕیاری تاكڕەوانە.

هەموو ئەو خاڵانەو دەیان خاڵی دیكە هۆكاری ئەوەبوو كە لاهور شێخ جەنگی بەم دۆخەی ئێستا بگات بەتایبەتی دوو بابەت پرسی پارتی دیموكراتی كوردستان و پرسی ئەمەریكا.

چی ڕوویدا؟

لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لە نێوان ماڵی تاڵەبانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و ئێران و ئەمریكا و توركیا و ئیسڕائیل و ڕووسیاو چەندین وڵاتی دیكە ئەنجامدرا، بەپێی زایارییە نەدركێنراوەكان هێندە بەڵگە دەست ماڵی تاڵەبانی کەوتووە كە بەتەواوەتی دەیسەلمێنن كە لاهور مەترسیەكی گەورەبووە بۆسەر ماڵی تاڵەبانی و خاوەنی ڕاستەقینەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.

بەڵگەیانیش بریتین لە

١- ژەهر خواردەكردنی بافڵ تاڵەبانی.
٢-بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر.
٣-زانیاریدان بە حەشد دژی هەولێر و ئەمریكا.
٤-كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی یەكێتی.
٤-قۆرخكردنی زانیاری و دژەتیرۆر دژی هەموو یەكێتی.
٥-لەناوبردنی چەندین زانیاری گرنگ كە بۆ دۆزی كورد زۆر گرنگە.
لەهەمووی گرنگتر ڕووبەڕووبوونەوە و جنێودان بەسەرۆك بارزانی و مامەڵەی نەشیاوی ئەو بنەماڵە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی.

یەكێتی لەسەردەمی بافڵدا

لەپاش كۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی ماڵی تاڵەبانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و ئێران و توركیا و ڕووسیا و ئەمریكا و چەند لایەنێكی دیكە، بەتەواوەتی بڕیاری یەكجارەكی درا لەسەر ئەوەی كە لاهور جەنگی و داروودەستەكەی لە دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر دوربخرێتەوە، چونكە مەترسیەكی گەورەی دروستكردووە.

ئێستا دوو هەفتەیە ئاڵۆزیەكی  گەورە لە نێوماڵی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا دروستبووە كە بە قازانجی بافڵ تاڵەبانی و زیانی گەورەی لاهور شێخ جەنگییە، بەجۆرێك ئیدی ناونراو دەستی بەهیچ جومگەیەكی ناوئۆرگانەكانی یەكێتی بگات.

بافل تاڵەبانی بە پشتیوانی نێوخۆی و نێودەوڵەتی بڕیاری كۆتاییداوە لەسەر ئەوەی كە زۆنی زەرد لە بیرۆلۆژیكایەكانی ماڵی جەنگییەكان و باڵی ئێرانیزم و حوكمڕانی فیكری هەواڵگریانە دوربكەوێتەوە، ئەوەش دوای سەلماندنی ئەو بەڵگانەهات كە خرانە بەردەم بافڵ تاڵەبانی لەسەر ئاستی باڵای هەرێمی كوردستاندا.

ئێستا دۆخی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە شێوەیەكی ئاكتیڤانە بە قازانجی ماڵی مام كۆتایی هاتووە و چیدیكە لاهور شێخ جەنگی ناتوانێت لە مووبایلەكەیەوە حوكمی بنەماڵەی تاڵەبانی و زۆنی سەوزبكات.

ئەمریكا و یەكێتی و ئایندەی ناوچەكە

یەكێتی لەسەردەمی لاهور شێخ جەنگی بەهۆی  ئاڵاتاڵەبانی و ئاراس جەنگییەوەو خودی لاهور تاڵەبانییەوە پەیوەندییەكی پتەویان لەگەل شیعەكانی عێراق و ئێرانەوە هەبوو، لە راستیدا خۆشیان باشدەیانزانی كە ئەمریكا چەند نیگەرانبوون لەو دۆخەو پەیوەندییە.

تا ئەوڕادەیەیەی زاییارییەكان دەڵێن ئەمریكا هێندە نیگەرانی دۆخەكە بووە كە ئامادەبووە ڕووبەڕووی هەرگرفتێكیش ببێتەوە گەر لەبەردەم پڕۆسەی پاكسازیدا دروستبكرێت ئەوەش وایكردووە لەسەر ئاستی باڵا ئەمریكا چاودێری و دەستێوەردان لە دۆخی ئێستای یەكێتیدا دەكات.

ئێستا هیوایەكی باش لەبەردەم یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا هەیەكە ناوچەی قەڵەم ڕەو  وە  چەكڕەوی خۆی لە ژێر سێبەری ئێراندا دەربهێنێت و خۆی بەشێوەیەكی گرنگتر ببوژێنێتەوە كە بتوانێت لە ئاستی شارە پێشكەوتووەكانی جیهاندا دەربكەوێت.

ئەمریكا لە سەردەمی سەرۆك تڕەمپیشدا نەیشاردوەتەوە كە ئەوەی لە سولەیمانی ڕوودەدات مەترسیدار و گرنگ و قورسە پێویستە ئاوڕێكی ڕاستەقینەی لێبدرێتەوە و ئەگەریش بەرپرسە باڵاكان دورنەخرێنەوە بێگوومان لەناونەبرێن ئەوا سڕبكرێن، چونكە ئەمریكا بە هاوكاری كورد سەرقاڵی پڕۆژەیەكی مەزنە لە ناوچەكەدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP