دواین هەواڵ

ئەیلوول.. شۆڕشی هەموو كوردستانییان بوو

‌ نەجمەدین محەمەد

9 کاتژمێر پێش ئێستا

شۆڕشی ئەیلوول درێژترین و بەرفراوانترین شۆڕش بوو لە 11ی ئەیلوولی 1961 لەژێر چەتری پارتی دیموکراتی کوردستاندا بە رابەرایەتیی مستەفا بارزانی هەڵگیرسا و بووە جێی ئومێدی هەموو چین و توێژێک هەر لە زاخۆە تا خانەقین، تەنانەت بۆ پارچەكانی دیكەی نیشتمانیش بووە جێی ئومێد. سەرەڕای ئەوەش، پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەکانی دیكەی کوردستانیش هاتنە ڕیزی شۆڕش لەژێر سەركردایەتیی بارزانی خەباتیان كرد.
لە شۆڕشی ئەیلوولدا، سەركردایەتی و هێزەكانی پێشمەرگە و هەر تاكێكی كورد كە لەژێر سێبەری شۆڕشدا بوو، بەوپەری پاکی و دڵسۆزی، دسپلینی پارتایەتی و شۆڕشگێڕی و بەرگریكردنی لە دۆزی رەوای كوردستان جێببەجێ دەکرد و ڕێزیان لە بڕیارەکانی شۆڕش و سەرکردەی مەزن مستەفا بارزانی دەگرت، لەسەر ئەو رێبازە و لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی بۆ کوردستان قوربانیی زۆریان دا و بە هەزاران لە رۆڵە لەخۆبردووەكانی كوردستان شەهید بوون، كە ئەگەر پیلان و گەلەكۆمەكیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دژی شۆڕش و كورد نەكرابوایە، ئەوا زۆر نزیك بووبووەوە لە گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆی لە دەستەبەركردنی ئازادی و خۆبەڕێوەبەری یەكجارەكی لە تەواوی ناوچە كوردستانییەكاندا بە كەركووكی دڵی كوردستانیشەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕژێمی ئەوکاتی عێراقی ناچار کرد دان بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستاندا بنێت و رێككەوتننامەی ١١ی ئادار واژۆ بكات، كە داننان بوو بە كورد وەك نەتەوەی دووەم و هاوشان لەگەڵ عەرەب لە عێراق، كە هەموو مافێكی هەیە.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، هەر لە پەرلەمانی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشكەوتنە بەرچاوانەی لەسەر ئاستی سیاسی و دیبلۆماسی و ئاوەدانیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گڕگرتوو و پڕ شەڕ و گێژاو، هەرێمی كوردستان ئارام و سەقامگیرە و رۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشكەوتن و ئاوەدانیی زیاتر دەچێت، ئەمە بەرهەمی خەبات و تێكۆشانی هەموو ئەو گەلە ستەمدیدەیە هەر لە شۆڕشەكانی بارزان و شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و شۆڕشی گوڵان و تەواوی شۆڕش و راپەڕینەكانی كوردستان، هێشتاش خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی بەرەو وەدیهێنانی ئامانجەكانی دیكە و مافە رەوا و دانپێدانراوەكانمان لە دەستووری عێراق بەردەوامە.
ئەگەرچی رژێمەكانی عێراق فشاری زۆر دەخەنە سەر گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بیانووی جۆراوجۆری پێدەگرن و قووت و مووچەی خەڵكی كوردستان بە بارمتە ئەگرن، بەڵام سەرەنجام خەڵك و حكوومەتی كوردستان بە خۆڕاگری و سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی، هەر بە مافە رەواكانی دەگات.
لەم ساڵیادی پڕ شکۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی رابەری كورد مستەفای بارزانی و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان. سڵاو دەنێرین بۆ سەرۆك و مەرجەعی كورد مەسعود بارزانی و تەواوی گەلی كوردستان لە هەر كوێیەكی جیهانەوە بن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP