لای ئیسرائیل، هیچ وڵاتێك هێڵی سوور نییە، گرنگ ئەوەیە سەركردەكانی حەماس بكاتە ئامانج، جا لە ئێران بن یان قەتەر، یان هەر وڵاتێكی تر.
ئیسرائیل، ئیسماعیل هەنییەی لە ئێران كوشت، لە لوبنان و سووریا چەندین سەركردەی حەماسی كردە ئامانج، ئەوەشی لە چاوەڕوانی كەسدا نەبوو، لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، سەركردەكانی حەماسی كردە ئامانج. ئەمە ئەنكەرای نیگەران كردووە، ترسی لێنیشتووە، كە دوای دۆحە نۆرەی ئەنكەرایە، بۆیە زۆر بەتوندی دژی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس وەستانەوە.
میدیاكانی ئیسرائیل، بەڕوونی دەڵێن سەكردەكانی حەماس لە توركیادا بوونیان هەیە و توركیا پاڵپشتیان دەكات، بۆیە نۆرەی توركیاش دێت. ماوەیەكی زۆریشە ئیسرائیل لە ئەنكەرا پڕە و دەیەوێت بەم جموجۆڵانە لێی نزیك ببێتەوە.
پێموایە ئەگەر لە سووریا، تەحریر شام و توركیا هێرش بكەنە سەر رۆژئاوا، هەلێكی باش دەبێت بۆ ئیسرائیل تا پەلاماری توركیا بدات، جیا لەوەش دوور نییە، ئیسرائیل لەناو ئەنكەرادا حەماس بكاتە ئامانج، چونكە ئاسمانی توركیا بەتاڵە، بەجۆرێك تاوەكوو ئێستا سیستەمێكی بەرگری نییە بتوانێت ئاسمانی خۆی بپارێزێت.
لە ٢٠١٢، كاتێك كەشتییەكی توركیا، لەرێگەی مانگی سووری توركیاوە ویستی بچێتە غەززە و خۆراك بۆ دانیشتوانەكەی ببات، ئەوكات غەززە گەمارۆی خرابووە سەر، ئیسرائیل هێرشی كردە سەریان و ١٢ كەسی توركی كوشت و توركیا ورتەی لێوە نەهات.
تا ئەمریكا و رۆژئاوا تەنیا سەیری ئیسرائیل بكەن، بەئارەزووی خۆی سەركردەكانی حەماس لە وڵاتان بكاتە ئامانج، نەك ئەنكەرا، رەنگە وڵاتانی ئەورووپاش هێڵی سوور نەبێت لای ئیسرائیل.