ساڵانە پیاوانی ئایینی ئیسلام، لە پێشانگای کتێب لە سلێمانی، تەنانەت لەهەولێریش، ئامادەبوونێکی بەرچاویان هەیە.
ئەمە وەهای لەهاوڕێیەک کردبوو کە پێیوابێت مەلا و فەقێ و ئیسلامییەکان زیاتر دەخوێننەوە، بەبەراورد بە ڕۆشنبیرە نائیسلامییەکان.
بەڵام ئەز دەپرسم: ئەگەر وەهایە بۆچی پیاوانی ئایینی زیاتر و زیاتر پێشناکەون و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو سەلەفیبوون دەگەڕێنەوەو زیاتر چەقبەستوو دەبن ؟.
وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە کە هەندێک لە مەلاو فەقێ و بانگخواز و ئیسلامییەکان، کتێب، بەتایبەتی کتێبی موجەڵڵەد، بۆ جوانی و ڕیزکردنی لە پەرتووکخانەی ماڵەوەیان دەکڕن، جا هەیانە پەرتووکخانەکەی لە ژووری میوانە.
ئەوان تەنها ئەو کتێبانە دەکڕن و دەخوێننەوە کە خزمەت بەفیکری ئیسلامگەرانەی خۆیان دەکات، خۆ نایەن کتێبەکانی (فرۆید، لاکان، ئەریک فرۆم، میشێل ئۆنفری، ئەدۆنیس، فەرەج فۆدە، نەوال سەعداوی، هاشم ساڵح، حامد عبد الصمد، العفيف الأخضر، فراس السواح و خزعل الماجدي) و ڕۆشنبیر و بيرمەندانی هاوشێوەیان بخوێننەوە.
کە لەپێشانگای کتێب بووم، پۆل پۆل پیاوانی ئاینیم دەدەی لەدەوری ئەو کۆشکانەی کتێب گلێر دەبوونەوە کە کتێبی ئایینی ئیسلامییان دەفرۆشت، تەنانەت بەدوای کتێب سەبارەت بە ئاینەکانی دیکە نەدەگەڕان.
بەداخەوە، سەرچاوەی زانیاریی هەندێک لە مەلاو فەقێ و ئیسلامییەکان زۆر سنووردارە. ئەوان پەرتووکێک لەدەرەوەی ئایینی ئیسلام ناخۆێننەوە، ئەگەر پەرتووکێکی نا ئاینیش بخوێننەوەو سەبارەت بە زانستێک یان بوارێکی مەعریفی بێت، دەبێت وەها نووسرابێت کە باوەڕی ئەوان تۆۆۆۆۆۆخ بکاتەوە و لەخزمەت تێڕوانینی ئاینی ئەواندا بێت.
ئەمە جگە لەوەی هەوڵدەدەن کایە زانستی و مەعریفییەکانی دیکە، لەبەرژەوەندی ئیسلام بشکێننەوەو بەوشێوە ملی بجەڕێنن کە خزمەت بەدیدگای ئەوان بکات، بۆنموونە هەر ئەو ڕۆژە لەپێشانگا، کەسێکیان هێنابوو، سەرەتا دەستیان کرد بە مەدح و سەنای، گوایە زۆر شارەزای پەرەپێدانی مرۆییە، باسی (کارامەیی خوێندنەوە)ی کرد، کە چووە سەر ستەیج، بابەتی سیمینارەکەی و پەرەپێدانی مرۆییشی ئیسلامیزە کرد و بە بیسمیللا دەستی پێکرد و ئایەتی قورئانی بەنموونە دەهێنایەوە، وەک لەئەو وێنەیەدا دیارە کە لەتەک ئەم پۆستەدا بڵاوی دەکەمەوە.
هەر لە پێشانگا گوێم لەدەنگی بەرزی بانگ بوو لە بڵندگۆیەکەوە، بەڕێکەوت لەئان و ساتی بانگەکەدا، هاوڕێیەکم دی، گوتی: فایدەی نییە، پێشانگاکەی ئەمساڵیش دەڵێی پێشانگای ئیخوانولموسلیمینە.
منیش گوتم: جا قەیچییەکا، کەسانی وەک تۆی خەڵکی شار کە خۆتان بە سۆشیاڵ دیموکرات، یان لیبراڵ یان عەلمانی یان هەرشتێکی دیکەی نائیسلامی دەزانن فەرموون پێشانگایەک بکەنەوە. وتی: ئاخر..... وتم: ئاخرو ئۆخری ناوێ.
هەروەها کەسێکم دی، دیاربوو یەکێک بوو لە هەڵسوڕێنەرانی کاروباری پێشانگا، لەپێشانگای پێشوو، هەر لەوێ دیبووم، پرسیاری لێم کرد: ئایا ئەمساڵ بۆچوونت سەبارەت بە پێشانگا گۆڕاوە. منیش گوتم: نەخێر. دیاربوو دەیزانی پێشتر پۆستێکم لەسەریان کردووە.
پوختەی باسەکەی من ئەوەیە، مەلا و فەقێ و ئیسلامییە بەڕێزەکان، هەرچەندە زیاتر بخوێنەوە، کەڵکی نیە؛ چونکە خوێندنەوەکەیان لەبازنەیەکی داخراودایە. هەیشیانە کە دێت بۆ کتێبخانەو پەرتووک دەکڕێت، زیاتر وەک کاڵایەکی جوان لەماڵەوە، لەپەرتووکخانەکەی یان لەژووری میوان دادیدەنێت.
باقی وەسەلام.