دواین هەواڵ

سیناریۆکانی کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسڕائیل

‌كاروخ خۆشناو

1 رۆژ پێش ئێستا

لەسەرەتای دەستپێکی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، بەنێوەندگیری سەڵتەنەی عومان، تره‌مپ (٦٠) ڕۆری دایە ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی ئەم ماوەیە، ئیسڕائیل لە هێرشێکی کتوپڕدا گورزێکی کەمەرشکێنی لە ئێران وەشاند و چەندین سەرکردە و بنکەی ئەتۆمی و ژێرخانی موشەکی کردنە ئامانج. ئیسڕائیل بەم هێرشەی (گۆمی)رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە جۆرێک شڵەقاند کە ڕێگری کرد لە بەڕێوەچوونی گەڕی شەشەمی دانوستانەکان کە بڕیار بوو ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەڕێوە بچێت، ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل ناوچەکەی هاوشێوەی گڕکانێک تەقاندەوە کە ڕەنگە ئاگرەکەی سنورەمانی ئێران تێبپەڕێنێت، ئەم ڕووداوەش وەک گەورەترین لێکەوتەی دوای هێرشەکانی ٧ی ئوکتۆبەر لەقەڵەم دەدرێت، لەم چوارچێوەیەدا گرنگە عەقڵمەندانی کورد هەوڵێکی جدی بدەن، لەنێو ئەم ئاگربارانەدا بێلایەنی و هاوسەنگی بپارێزن تاکو پروشکی ئەم ئاگرە بەر کوردستان نەکەوێت، چونکە لەوە دەچێت ئەم ئاگرە (برداً و سلاماً) بەسەر عێڕاقدا تێ نەپەڕێت. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا سیناریۆکانی کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بەهێرشەکانی ئیسڕائیل چی دەبن؟

سیناریۆی یەکەم/ تۆڵەکردنەوەی راستەوخۆ: واتە بەفەرمی ڕاگەیاندنی جەنگی مان و نەمان دژی ئیسرائیل، بەڵام ئێران دەزانێت کەوا بەرگەی لێکەوتەکانی ئەم سیناریۆیە ناگرێت، چونکە روون و ئاشکرایە کەوا تره‌مپ لە بەهانە دەگەڕێت، ئەگەر ئێران ئەم سیناریۆیە جێبەجێ بکات، ئەوکاتە تره‌مپ وەک ئەوەی (هەنگوینی لە دار دۆزیبێتەوە) بەهانەی پێویستی دەکەوێتە دەست بۆ بەشداریکردن لە شەڕ و گورز وەشاندن لە ئێران، لێکەوتەی ئەمەش مەترسی ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەدواوەیە، ئەگەرچی لە ئێستادا بژاردەی ڕووخانی ڕژێمی ئێران لە ئەجیندای ئەمەریکا و ئیسڕائیلدا نیە.

سیناریۆی دووەم/ تۆڵەکردنەوەی ناڕاستەوخۆ: واتە کاردانەوەی ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، لەرێگای پڕۆکسیەکانی وەک (حەشدی شەعبی وەلائی) لە عێراق و پاشماوەکانی (حوسیەکان) لە یەمەن تاکو هێرشی مووشەکی بکەنە سەر ئیسرائیل، ئەم سینارۆیە ئەگەری ڕوودانی بەهێزە، چونکە ئێران بۆ (حفظ ماء الوجه) و پاراستنی ڕژێمەکەی هەموو پڕۆکسیەکانی دەکاتە قوربانی خۆی. سیناریۆی

سێیەم/ تۆڵەکردنەوە لەرێگای دروشمی بریقەدار: لەوە دەچێت ئێران ئەم سیناریۆیەش جێبەجێ بکات، چونکە کەمترین مەترسی و زیان و لێکەوتەی دەبێت لەسەر ڕژێمی ئێران، هەروەها لە (٤١) ساڵی رابردووشدا ئێران هەمیشە گوتوویەتی (مەرگ بەر ئەمه‌ریکا و مەرگ بەر ئیسرائیل) بۆیە لەم کاتە هەستیارەدا لەوە دەچێت ئەمە سیناریۆی دڵخوازی ئێران بێت، ئەویش بەمەبەستی رازیکردنی شەقامی شیعە، چونکە (باری لاری ئابووری و ناهاوسەنگی هێزی سەربازی) وا دەکات کاردانەوەی ئێران لەوە زیاتر تێپەڕنەکات، بۆ ئەوەی بەهەر شێوەیەک بێت ڕژێمەکەی لە کەوتن ڕزگار بکات.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین (بزنسمان)ەکان بەگشتی و ترەمپ بەتایبەتی لە هیچ یارییەکدا حەزناکەن بدۆڕێن، ئیگۆی تڕەمپیش وا دەخوازێت کە شوێن دەستی خۆی لە مێژووی ئەمه‌ریکا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جێ بهێڵێت، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئێران و پڕۆکسیەکانی (بەتایبەت حەشدی شەعبی وەلائی) بەهانە دەدەنە دەست (دۆناڵد ترەمپ) تاکو شوێن پەنجەی خۆی لەسەر رووی عێڕاق و ئێراندا بنەخشێنێت؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP