دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئێران: لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل، ئێمەش هێرش دەکەینە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە

هەرێم نیوز 

فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران پەیامێکی ئاراستەی وەزیری ئیتلاعاتى وڵاتەکەى کرد و ڕایگەیاند سەرکەوتنێکى گەورەیان بەدەستهێناوە لە دزەپێکردنی ژێرخانی ئەمنی ئیسرائیل، توانیویانە زانیارى ورد لەسەر بەرنامەى ئەتۆمی و سەربازیی ئیسرائیل بەدەستبهێنن و دەرکەوتوە بەوهۆیەوە مووشەکەکانی ئێران وردتر خاڵی کاریگەریی دەپێکێت. 

حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، دەڵێت: بە خۆشی و شانازییەکی زۆرەوە، پیرۆزبایی سەرکەوتنی گەورە و سەرسوڕهێنەر و شکۆمەندانەی سەربازە نەناسراوەکان لە شەڕی زانیاری لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی دەکەم.

فەرماندەی سوپای پاسداران لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وتى: وەزارەتی هەواڵگری زانیاریی هەستیاری سەربازیی و ئەتۆمی لەسەر قەوارەی زایۆنی بەدەستهێناوە، ئەم دەستکەوتە جارێکی دیکە گورزێکی کوشندەی دا لە بانگەشەی توانستی هەواڵگریی قەوارەی زایۆنی، بەوردی هێرش دەکەینەسەر دامەزراوە ئەتۆمییە نهێنییەکانی ئیسرائیل ئەگەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێمە بەئامانج بگیرێت.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران ڕایگەیاند، ئێران بەڵگەنامەكانی تایبەت بەدامەزراوە ئەتۆمییەكانی قەوارەی زایۆنی (ئیسرائیل)ی دەستكەوتووەو گواستویەتییەوە بۆ ناوخۆی وڵات بەمزوانە بڵاودەكرێنەوە. 

ئەو وتیشى: ئۆپراسیۆنی بەدەستهێنانی بەڵگەنامە ئەتۆمییەكانی ئیسرائیل بەرفروان و ئاڵۆزو هەمەلایەنە بوون، بەوردییەكی زۆرەوە پلانی بۆ دانرابوو. 

ئەم ئۆپراسیۆنە سەرەتا بە دزەكردن و دواتر راكێشانی سەرچاوەكان دەستیپێكرد تا گەیشتە زانیارییەكان، كە سوپاس بۆ خوا ئێستا گەنجینەیەكی ستراتیژی زۆر گرنگمان هەیە.

ئەو بەڵگەنامانەی كە دەستمان كەوتووە تەنیا تایبەت نییە بە بواری ئەتۆمی ئیسرائیلەوە، بەڵكو زانیاری لەبارەی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكاو ئەوروپاو وڵاتانی تریش لەخۆدەگرێت، ئەمانە لەپاڵ زانیاری هەواڵگریی تر كە توانای بەرگریمان بەهێز دەكات. 

هەروەك چۆن كرۆكی بەڵگەنامەكان گرنگن، شێوازی گواستنەوەشیان بەهەمان شێوە گرنگە، بەشێوەیەكی تەواوەتی پارێزگاریمان لێكردووەو لەڕووی میدیاییەوە بێدەنگیمان لێكردووە تاوەكو بەڵگەنامەكان بە سەلامەتی دەگەنە ئێران، بۆیە ئێمە میكانیزمی گواستنەوەی بەڵگەنامەكان لە ئێستادا ئاشكرا ناكەین، بەڵام جەخت دەكەینەوە كە بەمزوانە ئەو بەڵكەنامانە بڵاودەكەینەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP