هەرێم نیوز
وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەرجەم چالاکوانانی لایەنگری فەلەستین كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر کەشتیی مادلین دەستگیركران و دەیانویست گەمارۆی سەر غەززە بشكێنن، بە زوترین کات دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.
دەیڤید مانسەر، وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوی ئیسرائیل کۆنترۆڵی كەشتی "مادلین"ی كرد و هەمو شتێک بە ئاسانی بەڕێوەچو، هیچ زیانێکی گیانی نەبو.
ئاماژەی بەوەشكرد، كەشتیەكە گوازراوەتەوە بۆ بەندەری ئەشدۆدی ئیسرائیل. هەروەها ئەوان دڵنیابوین کە سەنشینەكانی (چالاکوانانی لایەنگری فەلەستین) خۆراک و ئاوی پێویستیان پێیە، بێگومانیش، بە زوترین کات دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.
بە وتەی وتەبێژی فەرمی ئیسرائیل، نایانەوێت ئەو کەسانە دەستبەسەر بكەن. هەروەها بەگوێرەی ڕۆژنامەی یەدیوت ئەهرۆنۆت، یەکەی کۆماندۆی هێزی دەریایی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە دەستیان بەسەر کەشتیی مادلیندا گرت، کە بەرەو کەناراوەکانی غەززە دەڕۆیشت.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، کەشتییەکە کە 12 چالاکوانی لایەنگری فەلەستینی هەڵگرتبو، ئاڕاستەی کەناراوەکانی ئیسرائیل کرایەوە و بڕیارە سەرنشینەکانی بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
پێشتر ڕێکخەرانی کەشتییە هاریکارییەکەی مادلین کە بەرەو غەززە دەڕۆیشت ڕایانگەیاند، ئیسرائیل سەرلەبەیانی ڕۆژی دوشەممە ڕێگری لە کەشتییەکە گرتوە، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر ڕایگەیاندبو کە ڕێگری دەكات لە گەیشتنی ئەو كەشتیە بە ناوچەکانی فەلەستین.
کەشتیی مادلین، ڕۆژی یەکشەممە لە سیسیلیا-ی ئیتاڵیاوە بەرەو غەززە بەڕێکەوت، بۆ گەیاندنی هاوکاری و شکاندنی گەمارۆی ئیسرائیل لەسەر ئەو كەرتە.