دواین هەواڵ

ئیسرائیل و ئێران و ئەمریکا

‌د.سەردار عەزیز

1 رۆژ پێش ئێستا

شەوێ پێش ئەوەی بنوم ووتم سبەینێ دەربارەی ئەو مشتومڕە دەنوسم کە لە واشنتۆن دەگوزەرێت سەربارەت بە ئێران. بەڵام وابزانم گەر بتەوێت چاودێری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەیت نابێت بنویت. ڕۆژانی پێشوو لە واشنتۆن کێبڕکێی زۆر هەبوو لە نێوان چەند بەرەیەکدا.

کاتێک کە مارک لیڤن سەردانی کۆشکی سپی کرد بوە مایەی نیگەرانی بەرەی دژە شەڕ لە واشنتۆن. مارک لە بەرەی شەرە دژ بە ئێران و هاوکاری ئیسرائیل و ئەمریکا. مارک لە فۆکس نیوزە و هەڵگری دیدی خێزانی ڕۆبەرت مەردوخە. ڕۆبەرت لە لایەنگرانی لێدانی ئێرانە.

کاتێک مارک چوو بۆ کۆشکی سپی تەکەر کارلسۆن تویتێکی درێژی کرد کە تیایدا دژایەتی بۆ سەردانەکەی مارک نیشاندا و داوای کرد کە ئەمریکا بەشدار نەبێت لە هێرش بۆ سەر ئێران. تەکەر لە بەرەی تەرمپە، کە هەروەها دژ بە شەڕە. لە ڕاستیدا تەکەر دوای ترەمپ ڕەنگە کاریگەرترین کەسایەتی ئەو بەرەیە بێت کە زیاتر مەیلی بۆ مەسیحیەت هەیە، هەتا ئاستێکیش دژە سامییەتە، یان جوە.

بەرەی مەردوخ لە زۆر ئاستدا کار دەکەن، بۆ نمونە لە ڕێگای ڕۆژنامەی نیویورک پۆستەوە، کە خاوەنەکەی مەردۆخە، هێرشی زۆر دەکرێتە سەر ستیڤ ویتکۆف، کە ئەویش جوە، بەڵام لە بەرەی دژە شەڕی ترەمپە.

دوو لێکدانەوەی هەیە بۆ هەڵوێستی ترەمپ: یەکەم، دەڵێت، هەرکەسێک دواین کەس بێت کە بینیبێتی، ئەوا ترەمپ هەڵگری دیدی ئەو کەسەیە، یانی خۆی خاوەن هیچ دیدێکی تایبەت نیە.

دووەم، نەخێر ترەمپ خۆی خاوەن دیدی خۆیەتی، کە نایەوێت شەڕ ببێت. [لێرەدا جێگای ئاماژە پێدانە کە دونیا بینی ترەمپ بە زۆری کە دێتە سەر ئێران لە دژایەتی ئۆباماندایە، بۆیە نایەوێت هەمان ڕێکەوتنی ئۆباما دووبارە بکاتەوە، هەروەها دەیەوێت خەڵاتی نۆبێکی ئاشتی وەربگرێت].

وەها دیارە بەرەی دژە شەڕ و بەرەی شەڕ، بە فشاریان لە سەر ترەمپ، ترەمپ ڕێگای مامناوەندی هەڵبژاردوە، ئەویش ڕێگریی نەکرد لە لێدانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، بەبێ بەشداری ئەمریکا. هەرچەندە ستراتیژی نەتەنیاهو ئەوەیە کە ئەمریکاش بکاتە بەبەشێک لە جەنگەکە.
ڕەنگە پێویست بێت ستراتیژی ئیسرائیل بخەینە بەرچاو.

چەند ڕۆژێک لەمەوپێش مێژوونوسی ئیسرائیلی نۆڤال حەریری، لە لەندەن دیدارێکی هەبوو. لەوێ باسی لە دیدی زاڵی ناو کابینەی ئیسرائیلی کرد لە ئێستادا. بە دیدی ئەو ئەوەی دەگوزەرێت بێ وێنەیە لە مێژوی ئیسرائیلدا، بەوەی ئیسرائیل وەها بیردەکاتەوە کە دەتوانێێت پلانی ئیسرائیلی گەورە، لە ڕێگای باڵایی جوەوە بچەسپێنێت، بە پشت بەستن بە زانست و تەکنەلۆجیا بە تایبەتی ژیری دەستکرد.

لەم ڕوەوە سوریا وەک پانتاییەک سودمەندە بۆ ئەم پرۆژەیە، ئەگەر بێتوو ئێران لاوازبکرێت یان بگۆرێت ئەوا ڕکەبەر بۆ ئەم پرۆژەیە نامێنێت.
کەنداو دەیانەوێت دۆخێکی نوێ بێتە ئاراوە، بەڵام لە ئەمریکا دڵنیانین، لە ئیسرائیل بە ئاشکرا ناوێرن ببن بە بەشێک لە پرۆژەکەی، هەروەها حەز دەکەن ئێران بگۆڕێت نەک بریندار بێت.

دیارە تورکیا حەزی بە سەرکەوتنی پرۆژەی ئیسرائیل نیە.

ئایا هەتا چەندێک ئەمریکا ڕێگا بە ئیسرائیل دەدات؟ ئایا دەیەوێت وەک کارتێکی دانوستان سودی لێببینێت؟ یان دەبێتە بەشێک لە پرۆژەکە بە تایبەتی ئەگەر هاتوو ئیسرائیل توانای ئێران لاواز بکات وەک حیزبئەڵا و ئەوانیتر؟؟

ئەمانە ڕوون نین. بەڵام هەتا بێت زیاتر ڕوون دەبنەوە.

ئێران ئێستا لە بەردەم دوو بژاردەدایە، یان شەڕ یان تەسلیمبون. ترەمپ لە دوا پۆستدا داوای تەسلیمبونی دەکات و پێی دەڵێت زۆر هەڕەشەتان کرد، ئێستا ئەوانەی هەڕەشەیان دەکرد کوژران.

گەر هێرشەکان بەردەوام بێت، کە ئەگەری زۆری هەیە، وابزانم ئێمە لە سەرەتای دۆخێکی نوێداین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP