جوگرافیا
ئێران لەڕووی ژمارەی دانیشتوان و پانتایی خاكەوە لە ئیسرائیل زۆر گەورەترە، ئێران ژمارەی دانیشتوانی ٨٩ ملیۆنە، ئیسرائیل ١٠ ملیۆنە.
ژمارەی سەربازی ئێران شەش بەرامبەری ئیسرائیلە، ئێران ژمارەی سەربازی ٦٠٠ هەزار سەربازە، بەڵام ئیسرائیل ١٧٠ هەزار سەربازی هەیە.
دووری نێوان ئێسرائیل و ئێران 2100 كیلۆمەترە، ئەمەش پێمان دەڵێت، كە شەڕی زەمینی نێوان ئەو دوو وڵاتە زەحمەتە.
بودجەی گشتی ئێران ٤١٣ ملیار دۆلارە، بەڵام بودجەی ئیسرائیل ٥٢٥ ملیار دۆلارە و داهاتی تاك لە ئیسرائیل ٥٤ هەزار دۆلارە، بەڵام لە ئێران ٤٦٠٠ دۆلارە.
بودجەی بەرگری ئیسرائیل ١٩ ملیار دۆلارە، بەڵام ئێران ٧ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە.
ئیسرائیل خاوەنی ٣٤٠ فرۆكەی شەڕكەرە، كە دەتوانن ئامانجی خۆیان بەباشی بپێكن، لەوانە فرۆكەی جەنگی F16 و F35. بەڵام ئێران خاوەنی ٣٢٠ فڕۆكەی شەڕكەرە، بەڵام روون نییە چەندی بەكەڵكی شەڕ دێت، چونكە دوای ئەوەی گەمارۆی خراوەتە سەر، لەڕووی پیشەسازی سەربازییەوە زۆر دواكەوتووە.
لەڕووی موشەكەوە ئێران زۆر بە هێزە، بەگوێرەی زانیارییەكانی دەزگاكانی لێكۆڵینەوەی سەربازی بێت، ئێران خاوەنی زیاتر لە ٣ هەزار مووشەكی دوور هاوێژە. هەروەها دوای جەنگی عێراق، ئێران بیری لەوە كردەوە پیشەسازی دروستكردنی مووشەك و فرۆكەی بێفڕۆكەوان برەو پێ بدات.
بەڵام لەبارەی ئیسرائیلەوە، بابەتەكە جیاوازە، چونكە ئەو وڵاتە مووشەكی دوورهاوێژ دەفرۆشێتە وڵاتانی تر، بۆیە لەڕووی مووشەكەوە ئێران ناگات بە ئیسرائیل.
پرسیارێكی گرنگ دێتە پێشەوە، ئایە ئێران و ئیسرائیل، شەڕی زەمینی لەگەڵ یەكتریدا دەكەن؟
شارەزایانی بواری سەربازی و لێكۆڵەرانی سیاسی پێیانوایە، ئەستەمە شەری زەمینی لەگەڵ یەكتریدا بكەن و ئەگەرێكی لاوازە.
ئیسرائیل ئامانجە گەورەكەی ئەوەیە، لەڕووی هێزی ئاسمانییەوە گورزی گەورە لە ئێران بدات و بنكە ئەتۆمەییەكانی لەناو ببات، ئەگەر پێویستیش بكات سەركردە باڵاكانی دەكاتە ئامانج.
ئەوەی بۆ ئیسرائیل گرنگە و دەیكات، باڵەكانی ئێران لە ناوچەكە لێبكاتەوە، واتە وەكوو چۆن حیزبوڵا و حەماسی لاواز كرد و ئێستا ناتوانن بفڕن، دەیەوێت حوسییەكان و حەشدی شەعبیش پەروباڵ بكات، لێكۆڵەران پێیانوایە، چۆڵكردنی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە عێراق ئەوە دەسەلمێنێت، كە لێدان لە حەشد لە ئان و ساتدایە.