دواین هەواڵ

باسێکی دوێنێ، بەڵام قسەیەک بۆ ئەمڕۆ و خەمێکیش لە سبەی!

‌شیروان تاڵیب

21 کاتژمێر پێش ئێستا

ساڵی 2002، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا و بەنییەتی بەگەڕخستنەوەی پەڕلەمانی کوردستان، دووەمین دانیشتنی نائاسایی پەڕلەمان کە (وەک موجامەلەیەک بۆ یەکێتی)، لە هۆتێل حەسیب ساڵح لە سلێمانی بەڕێوەچوو، سەرۆک بارزانی لە تەنیشتی خوالێیخۆشبێت مامجەلالەوە و لەبەردەم تەواوی پەڕلەمانتارانی ئەوکات و بەرپرسانی پارتی و یەکێتی و میوان و میدیادا فەرمووی: ئەگەر لە دادگایەکی عادیلانەدا حوکم لەسەر شەڕی ناوخۆ بدرێ، ئەوا من و جەنابی مامجەلال بێ تاوان دەرئەچین! 
جا هەتا کتێبەکانی (بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد)ی سەرۆک بارزانی و (دیداری تەمەن)ی جەنابی مامجەلال و (بروسکەنامە)ی سەڵاح ڕەشید و ئینجا ئەو کتێبەی کە لەم ڕۆژانەدا بە ناوی (بیرەوەرییەکانم دوای ساڵی ١٩٩١) بە ناوی کاک نەوشیروان مستەفاوە بڵاوبووەتەوە، بە دیققەتەوە نەخوێنیتەوە، نازانی ئەو قسەیەی کە (ئەوکات) جەنابیان کردی، بۆ (هەموو کات) و بۆ هەموو (وەزعێک)، چەند دەقیقە!
ڕاستە قەرار لای شەخصی یەکەمە، بەڵام شەخصی یەکەم کێی لە دەوورە و کێ زانیاری پێ ئەدا؟!
کێن ئەوانەی کە لە سەرینی ڕاوێژ و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنەکانی ئەوانەوە، شەخسی یەکەم قەرارات دەرئەکا؟!
ئایا ئەوانە تەنیا حەقیقەت ئەگەێنن، یان ترش و خوێی نییەتی خۆیانی پێوەئەکەن؟!
لەمانەش گرنگتر،، 
ئایا ئەو مەئموورانە ئەزانن (کەی) ئەبێ (چی) بە ئامرەکانیان بڵێن و خۆ ئەگەر هەر زەروور بوو شتێک بڵێن، ئەزانن ئەبێ (چۆن) بیڵێن؟!
لە هەموو ئەو نامە و پەیام و برووسکانەی کە لە نێوان سەرۆک و سەرکردەکاندا هاتوون و چوون و لەو کتێبانەی کە باسم کردن وەک بەڵگەنامە بڵاوکراونەتەوە، دەستەواژەگەلی وەک( گێرەشێوێنانی هەردوولا، شەڕخوازانی هەردوولا،  ئەمیرەکانی جەنگی هەردوولا، لاسار و نامولتەزیم و نەفام و چی و چیی هەردوولا) نەک هەر ئیشارەتیان پێ دراوە، بەڵکوو سەرۆک و سەرکردەکان خۆیان، تکا و ڕجا لەیەکتری ئەکەن کە کارێکی وا بکرێ، ڕێ لە دەوور و ئەدائی ئەو کەسانە بگیرێ و چیتر ڕێ نەدرێ ئەوەی کە بینا کراوە، بە قسەی خوار و فیعلی چەوتی ئەو نەوعانە کە تەنیا مەسڵەحەتی خۆیانیان ئەوێ، تێکبچێ!
لەوانەیە هەبێ بڵێ: جا فەردێکی مەئمووری خوارەوە، چۆن ئەتوانێ قەراری شەخصێکی ئامری سەرووی خۆی (بە باش یان بەرەو خراپ) بگۆڕێ؟!
پرسیارێکی مەعقوولە…
باشە ئەوە کێ بوو کە لە گەرمەی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی ناو کۆبوونەوە باڵاکەی نێوان پارتی و یەکێتی لە پیرمام، بە ڕەوانەکردنی گرتە ڤیدیۆی لێدوانێکی تەلەفزیۆنی بۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرەتا جەوی بافڵ و دواتر هی کۆبوونەوەکەیشی تێکدا؟! مەگەر هەر مەئموورێکی لای خوارەوە نەبوو؟! من نازانم ئەو کەسە چی دەستکەوت، بەڵام ئەزانم هەرێم و قەزییەکە، بەهۆی ئەو حەرەکەیەی ئەوەوە، چ زیانێکیان بەرکەوت!
ئەو کەسەی کە دەنگی نەوشیروان مستەفای لە مەجلیسێکی (خۆییانەیاندا) و دوور لە بەهای (المجالس بالأمانة) تۆمارکرد، من ئێستاش نازانم کێیە، بەڵام ئەکید مەئموورێک بووە کە مەسڵەحەتی (شەخصی)ی خۆیی ویستووە نەک هی عام! چونکە ئەوەی ئەو کردی، دیسان نازانم بۆ ئەو کەسە خۆی چی تێدا بوو، بەڵام ئەزانم چ زەربەلێدانێکی چاکی بۆ هەرێم و قەزییەکە تێدا بوو! 
بۆئەوەی بزانن ستافی ئەهلی قەرار ئەتوانن چی بکەن و چۆن بن، بەسەرهاتێک (بەبێ ئیزن وەرگرتن لە خاوەنەکەی) ئەگێڕمەوە..
ساڵی ٢٠٠٦ یان حەوت بوو، لە خزمەتی جەنابی سەرۆک بارزانی ـدا لە بەغدا بووین. تەبعەن ئەو ساڵانە جەنابیان یان بۆ خزمەتی هەرێم و قەزییەکە، یان بۆ چارەسەری قەیرانێک لە عێراق (کە دواجار ئەویشی هەر ئەخستەوە خزمەتی هەرێم و قەزییەکە)، زوو زوو ئەچووە بەغدا و ئەوجارەشیان هەر وەها و هەر بەو نییەتەش لە بەغدا بوو! 
لەو کاتەدا کە جەنابیان لەوێ بوو، لە جەریدەیەکی سێبەر کە سەر بە ڕەوتەکەی موقتەدا صەدر بوو، بابەتێکی نەشیاو لەسەر کورد لە عێراق، بە زمانێکی نزم نووسرا بوو! 
فەیسەڵ دەباغ (پیاوێکی عاقڵی تەجرووبەدار کە لە کاتی پێویستدا هەتا بڵێی بەجورئەت و لە شددەتیشدا تابڵێی ئازا) ڕاوێژکاری جەنابیان بوو، یەکێک لە ئەرکەکانی فەیسەڵ، کۆکردنەوەی جەریدە و بڵاوکراوەکانی ڕۆژ و دەستنیشانکردنی بابەتە گرنگەکانیان بوو تا بیانخاتە بەردەست و چاوی جەنابی سەرۆک، بەڵام ئەو ڕۆژە، نە جەریدەکەی سەر بە صەدری خستە بەردەستی جەنابیان، نە هیچ شتێکیشی لەبارەی نووسینی ناو جەریدەکەوە، بە جەنابیان وت!
نایشارمەوە، (ئەوکات) زۆر پێم سەیر بوو، خۆم پێ نەگیرا و لە تەنیشتەوە بە خار فەیسەڵم وت: بۆ واتکرد؟
ئەویش لێزانانە وتی: جەنابیان واجێکی گەورەی لەسەر شانە، ئەمن کوو بەو مەوزووعە بچووکەوە مەشغوڵی دەکەم و ئەو ئیشەی کە بۆی هاتووە، تێک دەدەم.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP