لە دیداری سەرکردە سیاسیەکانی باکوری کوردستان، سەرۆک و سەرکردەکانی دەم پارتی و بەڕێزان ئەحمەد تورک و لەیلا زانا، لە کاتی نوێ کردنەوەی داخوازی بەڕێز عەبدوللا ئۆجەلان، بۆ دیداری لەگەل سەرۆک مەسعود بارزانی، وەڵامەکەی ئەوە بووە:”کە لە کاتێکی گونجاو ئەو دیدارە دەبێت”.
ئەو وەڵامەی سەرۆک بارزانی، زاکیرەی بۆ چەند ساڵێک بەر لە ئێستای گەڕاندمەوە، کاتێک لە گەرمەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ئاشتی، کاتێک سەرۆک بارزانی مێوانی فەرمی دەوڵەتی تورکیا بوو، ئەو کات ئەرۆغان داوای لە سەرۆک مەسعود بارزانی کردبوو، کە ئەگەر دەیەوێت لەگەڵ ئۆجەلان دیداریان هەبێت ئاساییە، بارزانی ئەو پێشنیارەی ئەردۆغانی ڕەت کردەوە، نەک لەبەر ئەوەی نایەوێ بەڕێز ئۆجەلان ببینێ، بەڵکو گوتبووی نامەوێ سەرکردەیەکی کورد لە زیندان ببینم، بۆیە داواکارم بە ئازادی بیبینم.
ئەو وەڵامەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی بۆ سەرکردەکانی باکوری کوردستان، هەڵگری هەمان ناوەڕۆکە و ڕووی لە سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز باخچەلی (گاد فازەر - Good Father)ی ئەو پڕۆسەیە، کە هەنگاو بۆ ئازاد کردنی ئۆجەلان بنێن تا پڕۆسەکە خێراتر و تۆکمەتر و بەرهەمدارتر بێت.
هەڵوێستی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەڵوێستێکی کوردانەی ڕەسەنی هەڵقوڵاووی ڕێبازی کوردایەتیە، کە سەرچاوەکەی عەقیدەی بارزانە. کە ئامانجی سەربەستی و ڕزگاری هەموو کوردێکە لە سەرتاسەری کوردستانی مەزن، جا هەڵگری هەر بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیایەک بێت.