بە گەڕانەوە بۆ هەموو ئەو خەونە نەزۆکانەى دەسەڵاتدارانى عێراق لەماوەى 15 ساڵى رابردوو چ لە سەر ئاستى بەکارهێنانى هەندێک تاقم و لایەنى سەر بە بەغدا بەناوى کورد و دروشمى کوردى و ئۆپۆزسیۆنى مورتەزەقە و تابوورى پێنجەم بۆمان دەردەکەوێت هەموو ئەو هەنگاوانە هەر لە ساڵى 2011 وە بە خۆپیشاندان ساختە و مانگرتن و هێرش وپەڵاماردان بە دروشمى بڕوخێت کوردستان بە سیناریۆ و پیلانى پێشتر دارێژراوەى عێراق و وڵاتێکى هەرێمى بووە بە ئێستاى ساڵى 2025
ئەگەر سەرنج و هەڵوەستەى ورد لەسەر رووداوەکانى بکەن ، هێرشى میدیایی و چەواشەکارى و تا بە زۆر پەلەکێشکردنى خەڵکانێک لە نێو ئەو لایەنانەى و بەکارهێنانیان بۆ دروشم گووتنەوە و کارى توند وتیرژى و جنێودان و سووکایەتیکردن بە خەبات و مێژوو و سەروەرییەکانى و ئینجا پەلاماردانى دام و دەزگاکانى حکوومەت و دواتر شکستى هەموو ئەو هەوڵانە و ئاشکرابوونى دەستەکان و پاڵپشتییەکان ، هیچ ڕێگەیەکى جگە لە بەکارهێنان و خۆ تاقیکردنەوە بە هێرش و پەڵاماردانى سەربازى و میلیشیایی بۆ سەر هەرێمى کوردستان نەهێشتەوە ، هەڵبەتە بۆ ئەوەش پاساویی ڕێفراندۆمى سەربەخۆیی بەکارهێنرا ، ئەوە بوو لە رۆژى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 هەزاران میلیشیا و پاسدار و دەزگەى هەواڵگرى و جبەخانە لە هێرشێکى چڕ و پڕدا هێرشیان کرد بە مەبەستى کۆتایی هێنان بە قەوارەى هەرێمى کوردستان ، خەونێک کە پێشتریش نوورى مالیکى سەرۆکوەزیران ئەو کاتەى عێراق خۆى بۆ ئامادە کردبوو و ئەندازیارى جێبەجێنەکردن دەستوور و بڕینى بودجە و مووچەى کوردستان بوو ، دواتر پیلانى هێرشکردنەکە لەلایەن حەیدەرى عیبادییەوە دژى کوردستان کرا ، بەڵام رووبەڕووى بەرگرى قارەمانانەى هێزى پێشمەرگە و گەلى کوردستان بوونەوە .
ئەوەتا دەسەڵاتدارانى عێراق بەوەشەوە نەوەستاون هەر لە ساڵى 2018 وە تا ئێستە بە سیناریۆ و پیلانگێرى بەردەوام درێژەى بە سیاسەتى لاوازکردنى هەرێمى کوردستان و شەڕى دەروونى وئیرادە و تابوورى پێنجەم و ئابوورى و برسیکردنى گەلى کورد دەدەن ، ئەوەش ئاماژەیەکى مەترسیدارە بەوەى بەغدا مەرامى خراپە و دامودەزگاکان و بەتایبەتى دادگە و بودجە وەک کارتێکى فشار بۆ سزادانى بەکۆمەڵ بەکار دێنێت ، ئێستا دواى ئەوەى سەرکردایەتیی سیاسى هەرێم هەموو ڕێگە یاسایی و دەستوورى و لۆژیکى و سیاسییەکانى لەگەڵ عێراق تاقیکردەوە ، پێناچێت بەغدا هەنگاوى چارەسەرى بهاوێژێت ، چونکە بەکارهێنانى مووشەک و درۆن لە جیاتى جێبەجێکردنى مافە دەستوورییەکان بەتایبەتى ماددەى 140 ى تایبەت بە چارەسەرى کێشەى ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان لەلایەک و ڕێگریکردن لە هەناردە کردنەوە نەوتى کوردستان لەلایەک و نە ناردنى مافى بودجە و مووچە و رەنگە لە داهاتووشدا دادگە جارێکى تر بۆ بڕیارێکى مەترسیدار دژى کوردستان بەکار بهێنرێت ، ئاماژەن بەوەى عێراق بڕیارى شەڕى لەگەڵ کوردستان داوە .
بۆچى کوردستان لە عێراق بکشێتەوە :
یەکەم ،، عێراق لە دواى 2014 وە لە جیاتى جێبەجێکردنى مافە دەستوورییەکانى تایبەت بە هەرێمى کوردستان ، رۆژ بە رۆژ پاشەکشەى کردووە و لە جیاتى هێزى بەکارهێناوە
دووەم ،، ئێستا باشترە بکشێتەوە و باشترین کارتى گوشارە چونکە ڕەنگە سبەى دەرفەتەکە قورستتر بێت عێراق خەونى خراپ بەرامبەر بەکوردستان دەبینێ و پیادە دەکات
سێیەم ،، کاتى ئەوە هاتووە هەموو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بێنە سەر هێڵ ، لەگەڵ ئەوەى نوێنەرانى کورد ، بەسەرۆککۆمار و وەزیرەکان و پەرلەمانتاران نەیانتوانى عێراق ناچار بکەن و پابەندى بکەن بۆ قەرەبووى کۆمەڵکوژى ، زیندەبەچاڵکردن و کیمیابارانکردنى هەڵەبجە ، وێرانکردنى زیاتر لە 4500 گوند و بێ سەروشوێنکردنى زیاتر لە 200 هەزار مرۆڤى کورد ، وەک چۆن کوێت بە زۆر عێراقى ناچارکرد وەک میراتگرى ڕژێمەکەى سەدامى ڕووخاو قەرەبووى بکاتەوە ، ئەو هەڵە ستراتیژییە وایکرد کە تا ئێستا دەسەڵاتدارانى بەغدا بەردەوام بن لە سیاسەتى بەعەرەبکردن و راگواستن و ستەمکارى بەرامبەر بەگەلى کورد.
چوارەم ،، کاتى ئەوە هاتووە ناوچە داگیرکراوەکان چ بە فشارى دیپلۆماسى و سیاسى بێت یانیش هێزى پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکەکانى سنوورى ماددەى 140ى دەستوور چوونکە عێراق ئامادە نییە دەستوور جێبەجێ بکات و کوردستانیش مافى خۆیەتى .
پێنجەم ،، زۆر هەوڵماندا و خەونى جێبەجێکردنى دەستوورمان بینى ، نەک سەرۆک کۆمار پارێزەرى دەستوور بوو ، نەپەرلەمانتاران و نە وەزیرە کوردەکانیش لەماوەى 20 ساڵى رابردوو دەسەڵاتدارانى بەغدا ناچار بکەن یەک مادەى دەستوورى تایبەت بە مافەکانى گەلى کورد جێبەجێ بکەن و ئەویش پێشێڵکرا .
شەشەم ،، هەموو جومگەکانى دەسەڵات هیچ هاوبەشى و سازانێکى تێدا نەماوە ، لەلایەن دەسەڵاتى زۆرینەى عەرەبى شیعەوە قۆرخکراوە ، بە حەز و خواستى خۆیان بڕیار بە سەر گەلى کورد دا دەسەپێنن و لەکاتێکدا نەک کورد وەک دووەم گەورە نەتەوە و نە پێکهاتەکانى تر مافى ناڕەزایی دەربڕینیان هەیە .
حەوتەم ،، بڕیارەکانى دادگەى فیدڕاڵى تەنها لەبەرژوەندى تاقم و گروپێکى میلیشیا خۆسەپێننە و تەنها ئەو بریارانە دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە کە لەدژى گەلى کورد و قەوارەى هەرێمى کورستانن
هەشتەم ،، هەنگاوەکانى دەسەڵاتدارانى عێراق 20 ساڵە پشتیان لە هەموو بنەماکانى فیدڕاڵى و هاوبەشى کرد و ئیستا دەوڵەتى عێراق بە کردەوە ناوەندییە و باوەریان بە قەوارەى هەرێمى کوردستان ، فیدڕاڵییەت و ئۆتۆنۆمى نەماوە و چەند ساڵە و هەنگاو بە هەنگاو هەوڵى هەڵوەشاندنەوە دەدرێت .
نۆیەم ،، هەموو ئەوانەى ئێستا لە عێراق دەسەڵاتیان لە بەردەستە بە زێهنێەتێکى فاشیزمى و بەعسیزم مامەڵە دەکەن و باوەریان بە دەستوور و دیموکراسى و برایەتى و ڕێککەوتننامە و بەڵێننامە نییە و ڕق ئەستوورن بە رامبەر بە کوردوکوردستان .
دەیەم،، لە ماوەى 20 ساڵى هەر بە سەرۆککۆمارەکان و تا وەزیرە کوردەکان و پەرلەمانتارە کوردەکان نەک هەر نەیانتوانى بەرگرى و داکۆکى لەمافەکانى گەلى کورد بکەن ، بەڵکۆ زۆربەیان دژى هەرێمى کوردستان کاریان کردووە و هەموو کێشەکان راستەوخۆ گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمى کوردستان تا لەوێ چارەسەرى بۆ بدۆزرێتەوە واتا ئەو پەرلەمانتار و وەزیرانە زۆربەیان زیانیان زیاتر بووە تا لەبەرژوەندى گەل ونیشتیمانەکەیان بن .
کاتى ئەوە هاتووە ئیتر سەرکردایەتى سیاسى هەرێمى کوردستان پشت بە هێزو لایەنە نیشتیمانپەوەرەکان ببەستێت ، ئەگەر هەر هێزێک ویستى خۆى بە عێراقەوە هەڵبواستێت ، بەدڵنییاییەوە لەلایەن گەلى کوردستانەوە سزا دەدرێت ، لە هەمانکاتیشدا ئیتر هەر چۆنێک بێت هەڵویستى رژدى کوردانە بەرامبەر ستەمکارییەکانى عێراق وادەکات عێراق بەرەو گرژى و ئیفلیجى بروات و دەیان کێشەى دیکە دروست ببێت ، لە هەمانکاتیشدا کاتى ئەوەش هاتووە حکومەتى کوردستان وەک بە پلانێکى ئابوورى و ستراتیژى هەنگاوى سەرەتایی بۆ چارەسەرى مووچە وبودجە دابنێت هاوشێوەى ساڵى 2014 ئەو کاتەى عێراق سزاى بەکۆمەڵى خەڵکى کوردستانى دا ، بەڵکو کوردستان خۆى نەچەماند و بەهێزتر بوو ، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمى کوردستان لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى دۆست وهاوپەیمانى گرنگى هەیە ، ئەگەر هەر دەسەڵاتدارانى عێراق بەردەوامبوون لەنکۆلیکردن ، گرنگە کارتى گوشارى بەهێزترى دیکە کە دڵنیام بە زیادشەوە هەیە تا چۆک بە ملهورەکانى عێراق دابنێت بەکار بێنێت