ئەم نووسینە دوو چوارچێوەیە، چوارچێوەی دوەمیان گرنگترە، چوونکە مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەکان دەکات.
چوارچێوەی یەکەم:
- هەرێمی کوردستان (٣٣) ساڵە نەیتوانیوە هێزێکی سەربازیی یەکگرتوو- تۆکمەو پۆشتەو پەرداخ درووست بکات.
- هەرێمی کوردستان (٣٣) ساڵە نەیتوانیوە دەستوورێک بنووسێتەوە.
- هەرێمی کوردستان بە (٣٣) ساڵ نەیتوانیوە ژێرخانێکی ئابوریی بەهێز درووست بکات.
- هەرێمی کوردستان لە دوای (٢٠٠٣) ەوە کۆمەڵێک کۆمپانیای نەوتی هێناوە کە ئەزموونیان لە هیچ کوێ نەبوە، تێچوویەکی زۆریان هەبوە، ناو-بە-ناویش بە مەبەست و دەسیسەی ناوخۆ چوون لە دادگاکانی لەندەن و نیۆرک سکاڵایان لەسەر هەرێم تۆمارکردوە؛ چەندین ملیار دۆلاریان لەم هەرێمی کوردستانە سەندوەو، بۆ-خۆیان پارەکەیان بەو جۆرەش بردۆتە دەرەوەی وڵات ( نیزیکەی ٤٠ چل دانە گرێبەست واژۆی بەرهەم ساڵەح ی لەسەرە). ئەو کاتە خانە-شێرپەنجەییەکان لە گیانی ئابوریی-نەوتیی کوردستاندا تەشەنەیان کرد کە لەبری دامەزراندنی کۆمپانیای خۆماڵی خزمەتگوزاریی بواری نەوت بە ناوی "کوردستان پێترۆلیۆم" چوون ئەو کۆمپانیا "بیانی!"یانەیان هێناو گرێبەستییان لەگەڵ واژۆکرن.
- ئێستا ئەوەی سەیرە؛ ڕۆژ بە ڕۆژ کرێگرتەو دەستی وڵاتان و نەیارانی کوردستان لەناو هەرێمەکەماندا زیاتر دەبێت؛ ئەمە بەتایبەتی لە زیادبوونی ڕێژەی مایکەکان و ئامرازەکانی میدیادا دیارە؛ لە گوتاری هەندێ پەرلەمانتار و کۆنە پەرلەمانتاردا دیارە کە بەئاشکرا دژی هەموو شتێکی هەرێمی کوردستان کاردەکەن!
چوارچێوەی دووەم: دەروازەیەکی کورت بۆ چارەسەریی پرۆسە نەوتییەکان لە نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندیی بەغدا:
لە پرسی مووچە بڕین و تەواوی کێشەکانی تری نێوان هەرێم و بەغداد دا؛ بەتەواوی دیارە کە بەغدا تاوانبارە (لۆژیک ئەوە قبوڵ ناکات هەرێمێک ستەم لە حکومەتێکی فیدراڵی بکات کە زیاتر لە ٨٧٪ ی داهات و هێزی وڵاتەکەی بەدەستە):
پێشەکی پرسی نەوت و گاز بۆ هەرێمی کوردستان کۆتایی نەهاتوە؛ تەنانەت بە پێی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگای نێوبژیوانی پاریس (ICC) لە ئازاری ٢٠٢٣ دا؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی گرێبەست، دەرهێنان و هەناردەکردن و بە بازاڕکردنی نەوتیشی هەیە؛ بەڵکو کێشەکە لە ئالیەتی فرۆشتنەکەدایە. پێش باسکردنی چارەسەریی بۆ ئالیەتی فرۆشتنەکە، گرینگە ئەوە بزاندرێ له دەستووری زۆربەی دەوڵەتە فیدراڵییهتەکانی جیهاندا، مافى خاوهندارێتى كردنى نهوت و گاز دهگهڕێتهوه بۆ ههرێمهكان - كانتۆنهكان- میرنیشینهكان، وهكو كهنهدا، نهیجیریا، ئیمارات. بۆ نموونه: له دهستوورى ئیماراتى یهكگرتوى عهرهبى ساڵى (١٩٧١) مافى خاوهندارێتى كردنى نهوت و گازى داوه به میرنشینهكان واته ههرێمهكان، لهماددهى (٢٣) ى ئهو دهستوورهدا دهڵێت; خاوهندارێتى كردنى سامان و سهرچاوهى سروشتى له ههموو میرنیشین "ئهمارهتهكان" دهگهڕێتهوه بۆ ئهو میرنیشینه به تایبهتى، وه گهل بۆ بهرژهوهندى نیشتیمانى بهكارى دههێنن، ههر به پێى ئهم ماددهیه حكومهتى ناوهندى ئیمارات ناتوانێت خاوهندارێتى لهو پرسه بكات، بهڵكو له بنهڕهتدا ئهوه بۆ میرینیشینهكانه.
ئەم کێشەیەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی هەیە؛ ئاڵکێندراوە بە دەرزەنێک گرفتی تایەفی و جیۆپۆڵەتیکیی و دارایی و تەکنیکی و سیاسییەوە، گۆبەنگ و نیەتی بانکە جیهانیی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیش لەولاوە بوەستێت، هێشتا ئەو کێشەیەش ماوە کە هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی (٥٠) ساڵەی لەگەڵ تورکیا هەیە و، تورکەکان لە بە-بازاڕکردندا ئەرکیان هەیە بە پێی ئەو گرێبەستە؛ بەڵام لەمەولا "سۆمۆ" بە-بازاڕکردنەکە بکات ئەی ئەمەیان چۆن چارەسەر دەبێت؟
ڕێگەیەکی گونجاو و یەکلاکەرەوە ئەوەیە: هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا جیهانییەکانیش بە میکانیزمی خۆیان دەتوانن بەردەوام بن، ئەرک و مافی خۆیان دیاری بکەن و بچن تەنها بە کردنەوەی هەژماری بانکیی ئیسکرۆو (یان دامەزراوەیەکی دارایی بێلایەنی هاوشێوە) لە ژێر چاودێریی و نێوەندگیریی دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی یان دادگایەکی باڵای باوەڕپێکراودا ئەم هەژماری ئیسکرۆو- Escrow account بکەنەوە؛ ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵات یان هەرێمێک و حکومەتی ناوەندییەکەی لە کاتی فرۆشتنی نەوتدا بە مامەڵەکردن وەکو سەکۆیەکی دارایی بێلایەن یان نێوەندگیری. ئەم ڕێبازە شەفافیەت و متمانە و کۆنترۆڵکردن بەسەر بەڕێوەبردنی داهاتی نەوتدا زیاد دەکات، بەتایبەتی لە چوارچێوەی هەستیاری سیاسی یان ئابووریدا. هەریەکەیان کاڵای خۆی دەفرۆشێ و مافی دارایی خۆی بۆ ئازاددەکرێت لەو هەژمارە بانکییەوە.
بەغدا خۆیان دەڵێن، پێویستییمان بە نەوتی هەرێم نییە (چوونکە پابەندن بە بڕیاری ئۆپیکەوە بۆ سنوردارکردنی بە بازاڕکردن لە پێناو بە جێگیر هێشتنەوەی نرخی نەوتدا)، جگەلەوەش تەنانەت سۆمۆش نەوت بەبازاڕ بکات هەر دەبێت بە بۆڕییەکەی کە لە دوای (٢٠١٣) هەرێمی کوردستان درووستی کردوە تا فیشخابوور هەناردە بکرێتەوە (ڕێگەی دیکەو لوولەی دیکە نییە). جگەلەوە بەغدا ئەولەویەتی دیکەی هەیە خۆی پێوە سەرقاڵ بکات لەوانە؛ بەبیابانبوونی وڵاتەکە، کێشەی دابینکردنی کارەبا، کورتهێنانی مەترسیداری بودجە لەساڵانی ئایندە، بوونی تاکە یەک دەرچە بۆ هەناردەکردنی نەوت و...تادوایی.
ئەم شێوازە لە هەژماری (ئێسکرۆو) وەکو بانکەکانی دیکە نییە؛ هەرکەسێک بچێت دوو کاخەز ببات و هەژمارێک بکاتەوەو بە ئارەزووی خۆی پارە دەربهێنێت. ئەم ڕێگەیە چەندین وڵاتی دیکە دەستیان بۆ بردوە کاتێک ناکۆکی (Dispute) یان هەبووە چ لەناوخۆدا لەگەڵ هەرێمەکان، چ لە سنووری ئاویی نێوان دوو دەوڵەتدا کە کێڵگەیەک هەبووبێ بۆ ماوەیەکی درێژ کێشەیان لەسەری هەبووبێ، یان لەنێوان دوو کۆمپانیاشدا کێشە هەبووبێ؛ بەم ڕێگەیە چارەسەرکراوە. لە کردنەوەی هەژماری ئێسکرۆ دا لایەنی سێیەم وەک ڕۆڵی چاودێر دێتە ئاراوە؛ وەک وتمان دەکرێ چاودێری نێودەوڵەتی یان دامەزراوە داراییەکانی وەک بانکی جیهانی بەشداربن بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون:
بۆ نموونە کێشەی نێوان سودان و باشووری سودان (لە دوای جیابوونەوە- 2011) ململانێکە ئەوەبو باشووری سودان زۆربەی نەوتەکەی هەبوو بەڵام پشتی بە بۆرییەکانی سودان بەستبوو. هەوڵی چارەسەرییەکە بە جۆرێک بوو کە بە گرێبەستێکی کاتی لەگەڵ ڕێکخستنە داراییەکان لە ڕێگەی ئەژمێری نێودەوڵەتی ئیسکرۆوە بەڕێوەدەبرێن واژۆکرا، کە بە پێی گرێبەستەکە لەلایەن یەکێتی ئەفریقا پشتگیری دەکرێت و لەلایەن دامەزراوە داراییەکانەوە پشتگیری دەکرێت. بەمجۆرە ڕۆڵی شێوازی ئێسکریۆو-Escrow Account ئەوەبو کە دەکرا بۆ ڕاگرتنی کرێ و داهاتی ترانزێتی نەوت بەکاربهێنرێت، دڵنیابوونەوە درووست بو لەوەی هەردوو وڵات بەشە ڕێککەوتنەکانیان وەرگرتووە بەبێ متمانەی دارایی ڕاستەوخۆ؛ پشکی خۆیان وەردەگرن. تەنانەت عێراق خۆی لەدوای جەنگی کوەیت کە ئابڵوقەی خرایە سەر؛ بەرنامەی نەوت بەرانبەر خۆراک ی نەتەوەیەکگرتوەکان هاتە ئاراوە؛ عێراق خۆی نەوتەکەی نە دەفرۆشت؛ نەوتیان بۆ دەفرۆشت و دەچووە هەژمارێکی وەهاوە؛ ئینجا پارەکەیان بە ڕێکوپێکی دەدایە خۆراک و دەیاندایە خەڵکەکە.
ئەم شێوازە بۆ لیبیاو دەستەڵاتە کێبڕکێکارەکانی ناو لیبیای دوای ٢٠١١ ش ڕاستە کە لە نێوان (ترابلوس و توبرۆک) دا کێشەی لەسەر نەوت درووستکرد. بۆ ناکۆکییە دووبارە بوەوەکانی نەیجیریاو نەیجەر دەڵتا (Nigeria – Niger Delta Disputes) ش تەواوە؛ کە ناوە-ناوە هەرێمەکان دەنگیان لێ بەرز دەبێتەوە کە حکومەتی فیدراڵی ستەمیان بەرانبەر دەکات.
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان، هەندێک حیزب و کاندیدیش لە ژێر ناوی "ئۆپۆزسیۆن" دا ماوەی (١٥) ساڵ دەبێت مێشکی خەڵکیان تێکداوەو، هەموو موزایەدەو سنوور بەزاندنێک ئەنجام دەدەن؛ بەلایانەوە ئاساییە چوار تایە بخەنە ژێر کوردستان و بیبەن لە بەسرە بیفرۆشن، بەلایانەوە ئاساییە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنی نەیارەکانی ئەو کوردستانە قسە-گەلێک بکەن دژی هەرێمی کوردستان؛ مرۆڤ خۆزگە ناخوازێت ئەو دیمەنانە ببینێت؛ هەموو ئەمە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و پاڵپشتی ئەملاولاو بەدەستهێنانی کورسییە بۆ-خۆیان؛ خەڵکی کوردستان تێری خواردوە لە دەنگە-دەنگ و شەڕە-قسەو تانەو تەشەر. ئەوانەی لایانوابوو کە "قەیدی چی دەکا بە نەوتەکە ڕادەست بکرێت؛ سبەی لایان ئاساییە بڵێن قەیدی چی دەکا با پێشمەرگە چەک دابنێت؛ ئەوەتا حەشدی شەعبی دەمانپارێزێت."
وادیارە کێشەی مووچە ئەگەر چارەسەریش بێت؛ کاتییە، یان لە جێگەی دیکەوە لەئایندەدا کێشەی دیکە درووست دەکرێت.
چارەسەرێکی دیکە، ئەوەیە؛ پلاتفۆڕمێکی گەورە درووست بکرێت بۆ پیاچوونەوە بە تەواوی پرۆسە نەوتییەکان، چۆن لە کاتی کۆنگرەی حیزبەکاندا هۆبەی ڕاگەیاندن، هۆبەی ڕێکخراوەیی و ژووری دیکە درووست دەکەن بۆ نووسینەوەی پەیڕەوو پرۆگرام، ئاوهاش سەرکردایەتی حکومەتی کوردستان، ئەم هۆبانەی لای خوارەوە درووست بکات (بڕوام وا نییە هەر هەیان بوبێ!):
هۆبەی پیاچوونەوە بە گرێبەستەکان. هۆبەی کۆمپانیاکان، هۆبەی دەرهێنان، هۆبەی داهاتی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان (CSR)، هۆبەی پاڵاوتن و پاڵێوگەکان، هۆبەی پیشەسازیی، هۆبەی هەناردەکردن و جیۆپۆڵەتیکی وزە، هۆبەی بە بازاڕکردن، هۆبەی تەحکیم-Arbitration، هۆبەی بە دیجیتاڵی کردن، هۆبەی پەیوەندییە گشتییەکان و لۆبی کردن بۆ سێکتەری وزە، هۆبەی هەمەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە، هۆبەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوە ئابورییەکان، هۆبەی ژینگەو ستانداردە جیهانییەکان، هۆبەی یاسایی و دەستوریی (ئەم هۆبەیە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی حکومەتی عێراقیان لەبەردەست بێت):
ئەگەر بتەوێ کلیک لەسەر سەرچاوەکانی وزە بکەیت، یان قسەی لەسەر بکەیت، یان بتەوێ ژێرخانێکی بەهێزی ئابوریی درووست بکەیت، ڕووبەڕووی ئەو هەموو هۆبەیە دەبیتەوە کە ئاماژەی پێدرا. دەبێت هەرکام لەوانە خەڵکی پسپۆڕی ناوخۆیی و بیانی تیا بێت؛ ئامادەن وابکەن؟ برادەران سەت ساڵە لە بەغدا بەتایبەت و هەرێمی کوردستانیش لایانوایە؛ وزە هەر بەتەنها نەوت و گازە! یان وایانزانیوە گازی سرووشتی هەر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا باشە! گازی سرووشتی دەکرێت ببێتە پەیینی کیماویی-Fertilizer و زەوییە بێکەڵکەکان زیندوو بکاتەوە (ئاسایشی خۆراک بەهێز بکات) دەکرێت یۆریاو ئامۆنیا و،،،تادوایی بێت. نەوت و گاز (هایدرۆکاربۆنات) دوو کاڵای ستراتیجیین و کاریگەری گەورەیان بەسەر بازاڕی ئابوریی جیهانییەوە هەیە، بەڵام تەنها لقێکن لەسەرچاوەکانی وزە. لەگەڵ ئەوەشدا عێراق و هەرێمی کوردستان هەر نەوت و گاز دەردەهێنن؛ خاوەنی پیشەسازیی نین، عێراق شانازی دەکات کە لە ساڵی (١٩٦٠) ئۆپیل لە بەغدا دامەزراوە؛ بەڵام هێشتا عێراق بەنزین و پێکهاتە کیمیاوییەکانی تر لە دەرەوە هاوردە دەکات! هەروەها لەڕووی تەکنیکییەوە عێراق زۆر دواکەتوە؛ کۆریای باشورو فەڕەنسا خاوەنی بەرمیلە نەوتێک نین، بەڵام پێشکەوتووترین کۆمپانیای نەوتییان هەیەو لە عێراقدا کاردەکەن.
کۆی هەوڵەکان لەناوخۆی کوردستان بەستراوە؛ بە هەبوونی ئیرادەیەکی یەکگرتووی بەهێزەوە؛ کە بتوانێت دامەزراوەکان سەر پێ بخاتەوە.
-----------------------------------------------------
* بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری ئیسنتیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی. بەمدواییانە کتێبەکەی " شیکردنەوەی داینامیکی هایدرۆکاربۆنی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست: هەڵدانەوەی گۆڕانکارییە ناوچەییەکان" لە لایەن گرووپی ئیمراڵدەوە لە ١٤٠ وڵات بڵاوکراوەتەوە.