سیاسەتی ناوەندخوازی(سانترالیستی ) و چڕکردنەوەی بە ئەنقەستی پرسی ئابووری لە قوڵایی ستراتیژیکی وڵاتی ئێراندا بێجگە لە تێکدانی عەداڵەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی، گەورەترین خەساری قەرەبوونەکراوی ژینگەیی ئاراستەی ژینگە و پرسی ئاو لە ئێراندا کردۆتەوە. لە وڵاتانی دیموکراتیکدا بابەتی ناوەندخوازی بەو شێوازە بیرکردنەوەیە کە لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا هەیە بوونی نیە و کەرت یا پشکی ئابووری بە بێ هێچ هەڵاواردنێکی نەتەوەیی و ئاینی بە رەچاوکردنی هەموو لایەنە ژینگەیی و سرووشت پارێزییەکان بە سەر هەموو وڵاتدا دابەش دەبێت و لە ئاکەمدا هیچ تێچوویەکی زیادە رووبەرووی خەڵک، دەوڵەت و ژینگە نابێتەوە. سیاسەتی ناوەندخوازی و گوێنەدان بە پەراوێز و قەراخ نشینەکان لە سەردەمی شاوە دەستیپێکرد و دواتر لە سەردەمی کۆماری ئیسلامییدا گەیی بە لوتکە.
لە سی ساڵی رابردوودا پرسی ژینگە و بێ ئاوی ئەوەندە زەق نەبووبووەوە کە پرسی ئابووری رووبەرووی ئاستەنگ بکاتەوە هەر بۆیە لە ژێرناوی نەبوونی ئاسایش و هێمنی بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکاندا، بووژانەوەی ئابووری خستە خانەی فەرامۆشییەوە. یەکێ لە دەرئەنجام و لێکەوتە نەرێنییەکانی سیاسەتی ناوەندخوازی بە نیشتمانی کردن(ملی کردن) و بە دەوڵەتی کردنی پرسی ئاو بوو. هەر چەن ئاو سەرمایەیەکی گشتییە بەڵام لە ئێراندا چەمکی گشتی بە لارێدا چوو و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کرا. بە نیشتمانی کردن لە ئێراندا بەو جۆرە خوێندنەوەی بۆ کراوە کە ئاوە شیرین و سوێرەکانی ئێران مافی هەموو تاکێکی ئێرانیە.
چەسپاندنی ئەو جۆرە بێرکردنەوە و لە ئاکامدا بە یاسابوونی بوو بە هۆی ئەوە کە دانیشتووانی پارێزگا ناوەندییەکان کە بە سەدان کیلۆمیتر لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و ئەلبورز دوورن بە مافی رەوای خۆیانی بزانن کە وەکوو خەڵکی ئەو ناوچەیە کەڵک لە سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو ناوچەیە وەربگرن. سەرئەنجامی ئەو خوێندنەوە حقووقییە بوو بە هۆی ئەوە کە سەرچاوە ئاوییەکان بەرەو ناوچە دوورە دەست و بیابانییەکان راگوێزن.
ناوچە بیابانییەکانی ئێران کە زیاتر لە %60 خاک و نزیک %40 حەشیمەتی ئێرانیان پێکهێناوە، ووەشتووار و بارینی ساڵانەیان کەمتر لە 10mm کە لە زانستی ژینگەناسییدا ئەو دیاردەیە یانێ قەیران و قاتی و وشکەساڵی هەمیشەیی. پێوەندی و گرێدراوە(تعلق) سیاسی، حقووقی، ئابووری و جوغرافیاییەکانی گەلانی ئێران ئەو مافەی بە تاکتاکی هەموو ئێرانییەک داوە کە سەرچاوە ئاوییەکان بە مڵکی گشتی بزانێ و هەتا ئیستەش هەروا بووە. بابەتێک لێرەدا کە جێی باسە ئەوەیە کە راگوازتن و بە لارێدا بردنی سەرچاوە ئاوییەکان تەنیا بە مەبەستی خواردنەوە نیە بەڵکوو لە بوارەکانی پیشەسازی و جوتیارییدا کەڵکی لێ وەرگیراوە. کارگە و کارخانە زەبەلاحەکان و بە تایبەتی بنکە ناوکییەکان کە پێویستی لە رادەبەدەریان بە ئاو هەیە لەو ئاوە راگوێزراوانە دابین دەبێت.
سەرئەنجام:
سیاسەتی پاوانخوازانە و ناوەندخوازی هۆکارێکە بۆ بە کۆلۆنی، دەوڵەتیکردن و داگیرکردنی ئاو. ئەگەر لە باری خواردنەوە و بەشی ماڵاندا مافی هەر ئێرانییەکە کەڵک لە ئاوی شیرین وەربگرێ ئەوا لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵدا بە هۆکارەکانی وشکەساڵی و بەرێوەبەری هەڵەوە ئیتر دابینکردنی ئاوی ناوچە دوورەدەستەکان ئیمکانی نیە و ئەگەر بێ بارانی و سیاساڵی بەو جۆرە بچێتە پێشەوە ئەوا بێجگە لە داخستنی کارگە و کارخانە گەورەکان دیاردەی کۆچ و کۆچبەری سەرهەڵدەدات.