دواین هەواڵ

جووڵەی سیاسی لەنێوان (گونجاو و مەحاڵدا)

‌فارس نەورۆڵی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

 

 

ڕاستە هیچ شتێک لە سیاسەتدا مەحاڵ نییە، بەڵکو ئەوە جۆرەکانی هێزە هەلومەرجی مەحاڵ و گونجاو دەسنیشان دەکات، ( مومکین و موستەحیل ) کە دەوڵەتێک یان حکومەتێک و میللەتێکی ژێر دەستە و حزبێک بیەوێت یان بتوانێت چارەنووسی خۆی دیاری بکات، لە گەمەی سیاسیدا دوو جۆر ڕێگاو جووڵە هەیە بۆ بەدەسهێنانی ئامانجەکە، لەو دوو چەمکەدا دەتوانێت بەدەستی بهێنێت ( سیاسەت وەک هونەری گونجاو و مومکین یان وەک خولقاندنی مەحاڵ، هەر چەندە لەئەدەبیاتی سیاسی باودا هەمیشە سیاسەت وەک هونەری گونجاو (فن الممکن ) باسکراوە، سیاسەت لەپەیوەندی بە هونەری گونجاو ( ممکن ) خۆی لە مامەڵەی پراگماتیکی و خۆ گونجاندن لەتەک واقیعی سیاسی و هاوسەنگی هێز و دیاریکردنی کات و شوێن جگە لەتێگەشتن لەم  پێناسە و تێنەگەشتن لە واقیع جووڵەکان گرنگی لەدەست دەدەن و لەبەهای کەم دەبێتەوە. 

ڕۆڵی سیاسەت لە ڕوماڵکردنی سنووری گونجاودا شکست دەهێنێ و  ئەوەش دەزانین سیاسەت سروشتێکی دینامیکی هەیە، بۆیە دەکرێ لە گونجاو (ممکن )دا  نەمێنێتەوە و لەخەیاڵدا گیر نەخوات و تووشی وەهم نەبێت، چونکە سیاسەت لەجەوهەردا تەنها  هونەری مومکین نیە و دوورکەوتنەوە نیە لەبەدەسهێنانی مەحاڵ، ڕاستە سیاسەت هونەری گونجاوە داوای مەحاڵ نیە بەڵام لەهەندێ کاتدا بەدەسهێنانی ئامانجێک دەبێتە مەحاڵ، مەرجیش نیە ئەوەی ئەمڕۆ مەحاڵبێ بەهەمیشەیی بمێنێتەوە، دەکرێ ئەم مەحاڵەی ئەمڕۆ و سبەی گونجاو بێت، چونکە کە هەلومەرج گۆڕا هەموو مەحاڵێک دەبێتە مومکین، لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا  مەحاڵ و مومکین سیاسەتمەداری ژیر دەبێت بزانێت دەست بۆ کامیان  دەبات و کامیان واقیعترە دەستی بۆ ببات. 

ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  لەدۆخی جیوەدایە لەجێگایەک ناوەستێ، چونکە بەریەککەوتنی پرۆژە گەورەکان تا ئاستی جەنگ ڕۆشتووە، هێشتا بەرژەوەندی و دەسکەوتەکانی زلهێزەکان ساغ نەبوەتەوە ئالەم دۆخەدا کورد دەبێت دروست خۆی بخوێنێتەوە، بزانێ هێزی خۆی لەچ ئاستکدایە باوەڕی میللەتەکەی لەچ ئاستێکدایە، دواتر لەپەیوەندی هێزی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و بەرژەوەندیەکانیان بگات و دواتر بیر لە هەر جۆرە جووڵەیەک بکاتەوە، ئایە دەست بۆ مەحاڵ بەرێت یان بۆ گونجاو (مومکین )، لەبیریشمان بێت دەستبردن بۆ مەحاڵ و دەستەمۆکردنی مەحاڵ بەپشتبەستن بەیەکڕیزییەکی تۆکمە و تەواو باوەڕدارییەکی میللی و دامەزراوەی دەکرێت، کەواتە لە هەر جوڵەیەک دەبێت زۆر هەستیاربین لەنێوان دەسبردن بۆ مەحاڵ و هونەری مومکیندا، کات وشوێن لەبیر نەکەین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP