دواین هەواڵ

لە ڕێکەوتنی هەولێر بەغدا دواجار ئیرادەو سەروەری کورد سەرکەوت

‌رێبوار محمد ئەمین

13 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای ململانێ یەکی تائاستی شکاندنی ئێسک و سەرنەویکردن کە لەلایەن بەغداوە گەمارۆ و چەکی بڕینی موچە بۆسەرنەویکردن و کۆتای هێنان بەسەروەری خەڵکی کوردستان بەڵام دوای خۆڕاگری نزیکەی سێ مانگی خەڵکی کوردستان هەولێرو بەغدا ڕێکەوتن .
دەمەوێت لەم شیکاریەدا ئاماژە بۆ هۆکاری سەرەکی ململانێکەو ئینکارکردنی بەغدا لەمافی دەستوری کوردو ڕۆڵی کورد لەسەندنەوەی ئەم مافە و ڕۆڵی لایەنە سیاسیەکان بەگشتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وەرگرتنەوەی ئەم مافە و دەستنیشانکردنی سەرکەوتنەکانی گەلەکەمان.

هۆکارەکانی دروست بوونی ململانێکان:

دوای ئەوەی بەعس ڕووخاو دەستوری هەمیشەیی عێراق پەسەندکراو زۆرینەی مافەکانی گەلی کوردی تیا سەلمێنرا لێرەوە ململانێکان سەری هەڵدا کەبەم شێوەی خوارەوە بوو :

یەکەم:پیلانەکانی بەغدا دژی کورد:
بەغدا بەچەند شێوەیەک کاری بۆ هەڵوەشانەوەی مافەکانی کورد کرد لەدەستور کرد کەبەم شێوەی لای خوارەوەیە :

١-سڕکردنی دەستورو جێبەجێنەکردنی:
حکومەتی فیدراڵی کەوتە دژایەتی و سڕکردنی دەستورو جێبەجێنەکردنی مافەکانی کورد.بەگشتی و مافەکانی کورد لەبواری وزە (نەوت وگاز) کە خۆی لە مادەکانی (١١٢,١١١)دا دەبینێتەوە ،دەبوایە بەغدا مافی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی بۆکورد بسەلماندایە بەدوو یاسا کەیاسای نەوت وگاز و یاسای دابەشکردنی داهات نەوتیەکان بوو.
٢- دانانی جێگرەوەی دەستور :
بەغدا پەنای بۆ سێ یاسای سەردەمی بەعس برد کە بەعس لەبواری نەوت دەری کردبوو.
هەروەها چوار پرۆژە یاسایان ئامادەکرد بۆ یاسای نەوت وگاز هەموویان پێچەوانەی ناوەڕۆکی دەستورو مافی گەلی کوردە.
٣-پەرچەکردارو دژایەتی کورد :
حکومەتی بەغدا بۆ کۆتابی هێنان بەو دەستکەوتانەی کورد ئەم هەنگاوانەی گرتەبەر:
ئەلف:چوار پرۆژە یاسا بۆ نەوت و گاز کە پێچەوانەی دەستورە.
ب:تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای فیدراڵی و دواجار بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازو گرێبەستەکانی کوردستان.
ج:بڕینی بەشەبودجەو سەپاندنی گەمارۆی ئابوری لەساڵی ٢٠١٤ تا ئێستا.
د: تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر تورکیا لەساڵی ٢٠١٤و لە٢٠٢٣ هەناردەی نەوتی هەرێمی ڕاگرت.
ه-ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
و- بەردەوام هێرش و درۆن و موشەک باران بۆسەرکێڵگەنەوتی و گازیەکان.
ز-پیلان گێڕی بەپشتیوانی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
دووەم:هەوڵەکانی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەدەستوریەکانی:
دوای ئەوەی کورد بێ ئومێدبوو لەبەغدا بۆ سەلماندن و وەرگرتنی مافەدەستوریەکانی ئەم هەنگاوانەی گرتەبەر:
١- دەرچواندنی یاسای نەوت وگازی کوردستان لەساڵی ٢٠٠٧.
٢-دابەشکردنی کوردستان بۆ (٥٧) بلۆکی نەوتی وگازی.
٣- واژۆکردنی (٥٤) گرێبەستی نەوتی گاز لەگەڵ (٤٠) دەوڵەت و کۆمپانیای بیانی.
٤-بەرهەم هێنانی زیاتر لە(٤٠٠)هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و (١٠٥٠)تەن گاز ڕۆژانە.
٥-ڕاکێشانی هێڵی بۆری نەوت وگاز لەکوردستان.
٦- هەناردەی نەوت بۆ دەرەوە.
٧- دابینکردنی گازبۆکارەباو پێداویستی ماڵان.
٨-دەرچواندنی یاسای سندوقی کوردستان بۆ داهاتوو نەوتی یەکان.
٩- وزەی کوردستانی بەستووە بە نەخشەی وزەی جیهانەوە.
١٠- پاڵاوگەی نەوتی و پاڵاوتنی نەوت.

ئەنجام
لەکۆتاییدا ڕێکەوتن کراوە بۆهەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێم لەنێوان بەغدا و هەولێر و لەو دەستکەوتانەی کورد بەهێزوبازوی خۆی بەدەستی هێناوە کەلە (١٠)خاڵەکەی سەروە خستمانەڕوو تەنها کورد بەشێک لە نەوتەکەی لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە دەکات کەئەمەش کارێکی دەستوری ئەگەر بەغدا تەواوی ناوەڕۆکی دەستوور لەبواری وزە جێبەجێ بکات. و لەبەرانبەردا کورد بەشەبودجەی خۆی وەردەگرێت کەواتە لەکۆتاییدا کورد بەدەستی خۆی دەستوری جێبەجێکرد لەسەر خاکی خۆی مافی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی سامانی سروشتی خۆی سەلماند و بەکردارەکی بڕیاری دادگای فیدراڵیشی پوچەڵکردەوە کە دەڵێت یاسای نەوت وگاز و گرێبەستەکانی کوردستان نادەستوریە .

گەلی کوردستان لەکۆتاییدا براوەیە و وەک هێزێکی خاوەن ماف دانوستان دەکات و دەدات وەردەگرێت نەک وەک پاشکۆ چاوەڕێی دەستی بەغدابێت هەرکات بەغدا پابەند نەبوو کورد سامانی سروشتی خۆی لەبن دەستی خۆیدایە.

لەکۆتاییدا پێویستە دەست خۆشی لە هەوڵەکانی لایەنەکانی چارەسەر لەکوردستان بکەین و بەتایبەت ڕۆڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرۆکەکەی کاک بافڵ تاڵەبانی .

ڕوڕەشیش بۆ ئەوانەی لەکوردستان کەبونە زوڕناکێش و جێبەجێکەری پیلانەکانی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان کە دەیانەوێت هەرێم لەبۆتەی بەغدا بتوێننەوە.
داواکارم لە بڕیاربەدەستانی هەرێم هەموو دەستکەوتەکانی بەدەست هاتووە بخەنە خزمەتی خەڵکی کوردستانەوە کۆتای بەناشەفافێت و گەندەڵی یانزەساڵی ڕابردوو بهێنن ئەوەی هەیە بیخەنە بەردەست پەرلەمان و خەڵک و حکومەت و مافی خەڵک بگەڕێننەوە بۆخەڵک و پشتیوانی گەلەکەمان بەدەست بهێنن بۆ ڕۆزەسەختەکان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP