دواین هەواڵ

سودی ئازار شكێن و چارەسەری كاتی (لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداوە)

‌ جیهانگیر گوڵپی

12 کاتژمێر پێش ئێستا

وا باوە كە دەرمانی سڕكەر و ئازار شكێن و چارەسەری كاتی سودی بۆ نەخۆش نیە و نەخۆشیەكەی سەختتر دەكات و چارەسەری ڕاستەقنە دوردەخاتەوە.
ئەزانم تۆش باوەڕت بەوە كردوە... بەڵام مەرج نیە ئەوە ڕاست بێت.. با پێت بڵێم چۆن:

كەسێك توشی نەخۆشیەكی سەخت و ئاڵۆز بو، بەردەوام ئازاری هەبو و ئەیناڵاند.
پزیشكەكەی كۆرسێكی چارەسەریی دورودرێژی بۆ دانا، كە بریتیی بوو لە تەداوی و چارەسەری كاتی و دەرمانی ئازار شكێن.. ڕۆژانە سەردانی دەكرد، برینەكانی بۆ دەپێچا، حەب و دەرزی و گیراوەی ئازار شكێنی دەدایێ.. ئەمەیش ئازار و هاوار ناڵەی نەخۆشەكەی كەم دەكردەوەو ئارامیی پێ دەبەخشی..
پزیشكەكە لەو چارەسەركردنە بەردەوامبوو..

سەرەنجام پاش چەند مانگێك خۆشبەختانە نەخۆشەكە هیچ برین و ئازارێكی نەما و ئیتر نەدەگریاو نەی دەناڵاند و بەتەواوی ئارامبو.
ئەزانی بۆ؟
.
.
چونكە بەداخەوە مرد.
پزیشكەكان پێش نەشتەرگەری و چارەسەری ڕاستەقینە هەڵدەستن بەكەمكردنەوەی ئازار و هەوكردن و، كۆنترۆكردنی پەستان و شەكرەی نەخۆش و، سڕكردنی، هەندێ جاریش لەمیانەی چارەسەركردن و پێش چارەسەركردنەكەدا ئازار بە نەخۆشەكە دەگەیەنن.
دەبێ ئەم كارانە رێخۆشكەربن بۆ چارەسەری ڕاستەقینە نەك خۆیان وەك چارەسەر مامەڵەیان لەگەڵ بكرێ و درێژەیان پێ بدرێ. ئەگەر نا چارەسەریەكە شكست دەهێنێ.
ئەم ڕێككەوتنەی نێوان هەرێم و بەغدا و هەر ڕێككەوتنێكی تر باش و بەسود دەبێ، ئەگەر لەمەودای كورتدا ئازار و ئاڵۆزی كەمبكاتەوە و ڕێخۆشكەربێ بۆ چارەسەری ڕاستەقینەو درێژمەودا. هەندێ جار ئەگەر لە مەودای كورتدا ئازارەكانیش زیاد بكات بەڵام بەو مەرجەی ڕێخۆشكەربێ بۆ چارەسەری درێژمەودا ئەوە بێگومان هەر باش و بەسود دەبێ.

ئەم ڕێككەوتنەی كراوە بەپێی دەقەكەی خراپترین ڕێككەوتنە لەماوەی 20 ساڵی ڕابورد.
بەڵام ئەگەر بە لەبەرچاوگرتنی واقیع و بارودۆخەكە خوێندنەوەی بۆبكەین.. دەبێ بڵێین سازشەكانی هەرێم سنوردار و واقیعین و لەئاستی پێویستدان و خاڵی باشیشی تێدایە.

سەبارەت بەوەیش كە ئایا ئەم ڕێككەوتنە جێبەجێدەكرێت و دەبێتە ڕێخۆشكەر بۆ چارەسەری باشتری كێشەكە... ئەبێ چاوەڕێی ڕۆژو مانگەكانی داهاتو بین... یانیش ئەبێ زیاد لە ئەندازەی پێویست و بەبێ بنەما ئاستی گەشبینیمان بەرزبكەینەوە بۆ ئەوەی وەڵامێكی ئەرێنیمان هەبێ.. ئەگەر نا ئاماژە نەرێنیەكان زیاترن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP