نزیکەی هەفتەیەک زیاترە لە ماوەی مانگی 7 / 2025 ماوە نا ماوە دڕۆنی چەکی ملیشیاکانی عێراق کە ئەوان پێی دەڵێن « سلاح المقاومة » دەگرنە هەرێمی کوردستان بەئامانجی هەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووری و لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و وەدەرنانی کۆمپانیا بیانیەکان ، هەر لەوماوانەشدا لە ڕاگەیاندن و وتووێژە سیاسیەکان هاتووە کە وڵاتەیەکگرتووەکان گووشارێکی زۆری کردووە کە میلیشیا چەکدارەکانی عێراق کە ژمارەیان دەیان گروپن چەکەکانیان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەن ، کەچی وتەبێژی ئەمنی کتائیبی حزب الله لە عێراق دەڵێت : « چەکی مقاوەمە متمانەی ئیمامی مەهدیە بە موجاهیدەکان و بڕیاری وازهێنان لێی تەنها ئیمام دەتوانێت بیدا و بەبێ فەرمانی ئەو ڕادەستی ناکەین » ، « ئەو »گوێ بە مەرجەعیەتی شیعەکانی عێراق سیستانی نادات کە داوای ئەوەدەکات کە چەک تەنها لەدەستی دەوڵەت بێت ، هەروەها بێگومان وازهێنان لە بیرۆکەیەکی هەڵە مقاوەمەشە وەک نیلسۆن ماندێلا گوتبووی ، پاشان وەرە سەیری هەموو ئاینەکانی دونیا بکە هیچکامیان ناڵێن چەکی ئێمە چەکی ئەو کەسەیە کە رزگارمان دەکات…..مافی خۆتە هەر عەقیدەی ڕزگارکەر بۆخۆت پیادە بکەیت ، بەڵام چی بەوانە دەڵێی کە لەو وڵاتەدان و بڕوایان بەو عەقیدەیە نیە !! پاشان چۆن ڕێگە بەخۆت دەدەیت کە عەقیدەکە بکەیتە کۆگای چەک و تەقەمەنی و مرۆڤی پێ ئازار و ئەزیەت و زەلیل بکات ، ئەدی ئەم چەکە بۆ ڕزگارکردنی فەڵەستین و لە دەریانانی زاییۆنیزم نیە کە هەر وەک خۆتان دەڵێن ؟! باشە ئەو «موجاهیدە!!» چەکدارانەی عێراق وانەیان لە جەنگی غەززە و لوبنان وەرنەگرت و نەیانبینی کە چەکی مقاوەمە نەیتوانی ڕێگری لە دوژمن بکات و نەیتوانی گەل بپارێزێت و هەتا نەیتوانی ژینگەکەشی بپارێزێت و هەتا ئەوەی بەکرێشی گرتوون و وەک ڕۆبۆت بەکاریان دێنێت نیتوانی بیانپارێزێت !! هەروەک دەبێت ئەوەش بزانرێت کە ئەو گۆڕانکاریە ستڕاتیژی و جیۆسیاسیە لە ناوچەکەدا لە قوڵایی و ڕەهەندەکانیدا تەجاوزی ئەوەی کردووە کە ڕوودەدات کە ئێستا لە جەنگی لوبنان و غەززە و ، ئەوەی لە کەوتنی نیزامی ئەسەد و ، ئاشکرابوونی ئەو ڕاستیانەی لە جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەدیار کەوتن ، باشە ئەو ملیشیایانە ئەو ئەزموونانە نابینن کە ڕوویاندا ، ئەمە قسەکەی ئەنیشتاین دەسەلمێنێت کە دەڵێت :( دووبارەکردنەوەی هەمان تاقیکردنەوە بە هەمان ئامراز و چاوەڕوانی ئەنجامی جیاواز جۆرێکە لە شێتی ) بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو میلیشیا چەکدارانەی عێراق لە وەهم و خیاڵدا مەستی سەرکەوتنن ، ئەم سەرکەوتنەیان بۆتە هۆی خۆبەزلزانین و تەمبەڵی عەقلی و ڕەتکردنەوەی خوێندنەوەی پێشهاتەکان ، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین کە فێربوون لە فەشەل دەرگای خۆبەزلزانی و شوێنکەوتنی پێشهاتەکان و پێداگری لەسەر سەرکەوتن دەکاتەوە ، دڵنیاین کە مەهدی مونتەزەڕ و کەسی تر بوونی نیە ، چونکە ئەمە لە قورئان-دا نیە کە سەرچاوی بنچینەیی عەقیدە و تەشریعی ئایینیە ، چەک تەسلیمکردنی چەکی ملیشیاکان بەهێمنی بێت یان بە گووشاری هێز بۆتە پێویستیەکی حەتمی و شتێک نامینێت بەناوی سوپای مونتەزەڕ کە هەندێک لە پیاوانی ئایینی شیعە لەسەر مینبەرەکاندا ڕەسمی نەخشەی ئەو سوپایەیان دەکرد ، چەک داماڵینی ملیشیاکان ڕێگای بووژانەوەی ئابووری و پێشخستنی زانستە لەو وڵاتە ، ئەمە بۆتە بارگرانایەکی قورس بەسەر عێراق و بەرکەوتنە بەر دیوارێکی داخراو ، لە سەردەمێک داین چیتر شوێنی کۆمەڵێک وەهمی تێدا نابێتەوە ، وەهمی مەهدی چاوەڕوانکراو و دەوڵەتی ئایینی ئوسوڵی و وەهمی بزوتنەوی کۆنی ڕزگاری نیشتیمانی چەپ کە لەسەر تووندوتیژی دامەزراوە و وەهمی دەوڵەتی ئاسنینی مارکسی - لینینی و وەهمی ( یا عمال العالم اتحدوا - ئەی کرێکارانی جیهان یەکگرن ) ، خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لەو بومەلەرزەیەی دارستانەوە دێت ، دارستانێک دەبێت یاریکەرێکی باش بیت ئەگەر نا دەبێت ببیتە یاریگا .