دواین هەواڵ

تەوەرەكانی بەرنامەی حكومەتی ئیئتیلافیی داهاتووی هەرێمی كوردستان

‌کامەران ساڵحی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

لە سایەی ئەو گۆڕانكارییانەی كە ڕووبەڕووی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، واقیعی ئێستا پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسیی ڕاستگۆیانە هەیە لەلایەن هەموو حزبە كوردستانییەكانەوە، لەپێش هەموویانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ دانانی بەرنامەیەكی حكوومی كە لەسەر بنەمای حكومەتێكی هاوپەیمانی بێت و بەرپرسیارێتیی قۆناغی داهاتوو بگرێتە ئەستۆ بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی و بووژانەوەیەكی گشتگیر بۆ كۆمەڵگەی كوردستانی.
پێویستە ئەم پڕۆگرامە گشتگیر و واقیعی بێت و ئاواتەكانی گەلی كوردستان بهێنێتە دی و، لەسەر بنەمای ئەولەوییەتەكانی قۆناغی داهاتوو بێت، هەروەها پێویستە سوود لە هەڵەكانی ڕابردوو وەربگرێت و، تەنیا دووبارەكردنەوەی دروشمەكانی ڕابردوو، یان كۆمەڵێك بەڵێنی وەهمی نەبێت، وەك ئەوەی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا هەیە.
پێویستە ئەم بەرنامەیە، سەرەتا لە ڕێگەی میدیاكانەوە بخرێتەڕوو و، لەلایەن دەستەبژێری ڕۆشنبیر، دامەزراوە ئەكادیمییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت، پاشان پێویستە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمەوە بە زۆرینە پەسەند بكرێت، بۆ ئەوەی تەنیا بەڵێنی حزبی نەبێت، بەڵكو لە پابەندبوونێكی سیاسی و ئەخلاقی بۆ گەلی كوردستان بگۆڕدرێت و بكرێتە كرداری ڕۆژانە، كە هاووڵاتی هەستی پێ بكات، چ لە بواری خزمەتگوزارییەكان، یان لە بواری جێبەجێكردنی دادپەروەری و یەكسانی لەبەردەم یاسادا، یان لە بواری ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دارایی و كارگێڕی، هەروەها دابینكردنی هەلی كار بەبێ جیاوازی، هاوكات پێوەری نیشتمانپەروەری نەبێتە پەنابردنە بەر حزبەكان، یان ستایشكردنی شانازییەكانی ڕابردوو.
دەبێت بەرنامەكەی داهاتووی حكومەت ئەم بنەما گشتی و سەرەكییانە لەخۆ بگرێت:
1- پابەندبوونی حزبە دەسەڵاتدارەكان بە پاراستنی یەكڕیزیی كوردستانی و یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان و ڕێزگرتن لە دامەزراوەكانی هەرێم.
2- پشتبەستن بە هاوبەشیی ڕاستەقینە لە بڕیارە سیاسییەكان و قۆرخ نەكردنی دەسەڵات و پەیڕەوكردنی میكانیزمێك بۆ بڕیاردانی چارەنووسساز، لە ڕێگەی دامەزراندنی ئەنجومەنێكی سەركردایەتی لە هەردوو حزبە سەرەكییەكە، بۆ پێداچوونەوەی كێشە ستراتیژییەكان بە شێوەیەكی دەوری.
3- پابەندبوون بە یەكێتیی هەڵوێست لە پاراستنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم بەرامبەر بە هەمووان.
4- پشتبەستن بە شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی سامانی گشتی و سەرچاوە سرووشتییەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دارایی و خزم خزمێنە.
بەڵام گرنگترین تەوەرەكانی بەرنامە حكوومییەكە وەك نەخشەڕێگەیەك، بەرەو سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و كەلتووری و گەیشتن بە قۆناغی خۆشگوزەرانی و پێشخستنی كۆمەڵگەی كوردستانی لە ڕێگەی گەشەپێدانی بەردەوامەوە، كە ئەمانەن:
تەوەری یەكەم: چاكسازی لە دامەزراوەكانی حوكمڕانیدا لە ڕێگەی:
1- پەرەپێدانی كارامەیی و شەفافیەت لە پڕۆسەی چاكسازی و چالاككردنی دامەزراوە حكوومییەكانەوە.
2- بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دارایی لە ڕێگەی پاڵپشتیكردنی دەستەكانی چاودێری و نوێكردنەوەی یاساكان بەپێی پێداویستییەكانی واقیعی ئێستا.
3- بەردەوامبوون لە سادەكردنی ڕێكارەكانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی ڕۆژانە بە هاووڵاتیان.
4- چەسپاندنی بنەماكانی دەستپاكی و پشتبەستن بە پێوەرەكانی كارامەیی و دادپەروەری و ئەزموون لە دابەشكردنی پۆستەكاندا، بە دووركەوتنەوە لە پشكپشكێنەی حزبی، یان خزم خزمێنە.
تەوەری دووەم: بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام لە ڕێگەی:
1- هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهاتی نیشتمانی بە پاڵپشتیكردنی كشتوكاڵ و پیشەسازیی كشتوكاڵی و بازرگانی و گەشتوگوزار و پڕۆژەكانی ئاودێری.
2- دامەزراندنی سندووقێك بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژە بچووك و مامناوەندەكان.
3- هاندان و پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت.
4- هاندانی وەبەرهێنان لە بوارەكانی گەشەپێداندا.
تەوەری سێیەم: پێشكەشكردنی زیاتری خزمەتگوزارییە گشتییەكان، لەوانە:
1- بەردەوامبوون لە پڕۆژەكانی كارەبا و پشتبەستن بە وزەی نوێبووەوە.
2- فراوانكردن لە دروستكردنی زیاتری بەنداو و حەوزە ئاوییەكان و پڕۆژەكانی پاڵاوتنی ئاو.
3- پاڵپشتیكردنی نەخۆشخانە حكوومییەكان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی خۆڕایی و توندوتۆڵكردنی چاودێری لەسەر نەخۆشخانە تایبەتەكان بۆ ڕێگریكردن لە ئیستیغلالكردنی نەخۆش.
4-نوێكردنەوەی پڕۆگرامەكانی خوێندن لە هەموو قۆناغەكانی خوێندندا و هاندانی زانكۆكان بۆ دروستكردنی سەنتەرەكانی توێژینەوە و پاڵپشتیكردنی خوێندنی پیشەیی و تەكنیكی.
تەوەری چوارەم: دابینكردنی هەلی كار بۆ گەنجان لە ڕێگەی:
1- زیادكردنی هەلی دامەزراندن لە ڕێگەی ڕێكخستنی بازاڕی كار و هەمەچەشنكردن لە وەبەرهێنانی ناوخۆییدا.
2-پێشكەشكردنی قەرز بۆ پڕۆژە داهێنەرەكان.
3-دامەزراندنی سەنتەری وەرزشی و ڕۆشنبیری بۆ گەنجان و دەستپێكردنی هەڵمەتەكانی هۆشیاركردنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان و توندوتیژی و ماددە هۆشبەرەكان.
4- هاندانی گەنجان بۆ بایەخدان بە میراتی فۆلكلۆری و كەلتووری میللی.
تەوەری پێنجەم: پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە ڕێگەی:
1- پاراستنی ئازادییە گشتییەكان و ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن و مافی كەمینەكان.
2-بەهێزكردنی بەشداریی ئافرەتان لە ژیانی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتیدا.
3- پشتگیریكردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و پێدانی دەرفەت بەوان، بۆ ئەوەی ڕۆڵێكی ئەرێنییان لە كۆمەڵگەدا هەبێت.
تەوەری شەشەم: بایەخدان بە ژینگە لە ڕێگەی:
1- هەڵمەتەكانی دروستكردنی باخچە گشتییەكان و چاندنی دار.
2- هاندانی بەكارهێنانی وزەی خاوێن.
3- قەدەغەكردنی پیسبوونی ژینگە و توندوتۆڵكردنی ڕێوشوێنەكانی سزادان.
لە ڕاستیدا ئەم تەوەرانە بازنەی پێكەوەبەستراون و تەواوكەری یەكدین، بەم شێوەیە:
1- پەیڕەوكردنی شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی داهاتە گشتییەكان، واتە چاكسازی لە ئابووریی نیشتمانیدا.
2-ئابوورییەكی تەندروست و بەهێز، واتە فراوانكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان.
3-دابینكردنی هەلی كار بۆ گەنجان، واتە پڕكردنەوەی پێداویستیی بازاڕی كار.
4- ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ، واتە بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراسیی تەندروست.
5- پاراستنی ژینگە، واتە دابینكردنی ئایندەیەكی گەش بۆ نەوەكانی داهاتوو.
پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە حكومەتی داهاتووی ئیئتیلافی ڕووبەڕووی چەندین ئەرك و ئالنگاریی قورس دەبێتەوە، لەوانە:
1-پێویستە بگات بە ڕێككەوتنێكی هەمیشەیی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵدا سەبارەت بە بوودجە و نەوت و داهاتەكان و ناكۆكییەكانی ناوچە جێناكۆكەكان بەپێی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق.
2-ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت و گاز، ئەوانەی لە هەرێم كاردەكەن.
3-مسۆگەری لە خەرجكردنی ڕێكوپێكی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیناندا.
4-جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازی لە ئیدارە و دارایی گشتیدا و، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
5- بەردەوامبوون لە باشتركردن و فراوانكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و ئاو و تەندروستی و پەروەردە.
6-چارەسەركردنی بێكاری و بەرەنگاربوونەوەی تاوانەكانی قاچاخچێتی و ماددە هۆشبەرەكان.
7-بەهێزكردنی بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەكان.
8- پشتگیریكردنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن.
بێگومان، بوونی بەرنامەیەكی ڕوون، كە هەموو ئەم تەوەر و بنەما و ئامانجانە لەخۆ بگرێت، گەرەنتییەكی سەرەكییە بۆ سەقامگیریی سیستمی سیاسی لە هەرێم و بەدەستهێنانی متمانەی كۆمەڵگە بە حكومەت و ئاسانكاری بۆ دانوستانەكان لەگەڵ بەغدا، سەبارەت بە هەموو دۆسییە هەستیارەكان، دواجار گەشەسەندنێكی بەردەوام دێتە ئاراوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP