هەڵبژاردنی ئەمجارەش بۆ پەرلەمانی عێراق، هیچ دەروازەیەکی نوێ بەڕووی بونیادنانی دەوڵەت و بەهێزکردنی پایەکانی نەتەوەسازیی و چەسپاندنی رۆڵی یاسا و دەستور، بەرووی عێراقدا ناکاتەوە! زیاتر رکابەرییەکی مەترسیداری نێوان ئەو نوخبە دەسەڵاتدارەیە کە ساڵانێکە دەوڵەت و سەرچاوەکانیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
سیستەمی بەش – بەشێنە، موحاسەسە؛ دەسەڵات لەسەر بنەمای ئینتیما مەزهەبی و ئیتنیکییەکان دابەش دەکات؛ ئەمەش رێگریی یەکەمە لەبەردەم دامەزراندنی حکومەتێکی لێپرسراو، چونکە لێپرسینەوە تیایدا ئەستەمە! حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی، ئەوەی جارێک سەدر هەوڵی بۆدا؛ نایەتەدی، تاکە بەدیل، حکومەتی ئیتیفاقی مەزهەبی و ئیتنیکییە و دەنگی خەڵک تەنها بۆ پڕکردنی دەفری هێزە تائیفییەکانە، لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین بەش لە هەزار پۆستی بەرزی حکومی و خەسخەسەی حزبی!
عێراق لەبەردەم شکستی سیستەماتیکی مۆدێلی حوکمڕانی دایە.
ئەو نوخبە سیاسی و دەسەڵاتدارەی لە ئەنجامی پشک – پشکێنە، موحاسەسەوە دەستی بەسەر وڵاتدا گرتووە، هاندەر و خوڵقێنەری زیاتری قەیرانە، نەک چارەسەریی!
ئەگەرێکی لاوازە ئەم هەڵبژاردنەش بتوانێت ئەم داینامیکە بگۆڕێت؛ بەڵکو، ئەگەرێکی زۆرە ببێتەهۆی بەرپاکردنی تەوژمێکی دیکەی بەهێزی ناسەقامگیریی. پرسی گروپە چەکدارەکان، قەیرانی ئابووری و دەستێوەردانی ئیقلیمی، فاکتەرە بەهێزەکانی پشت ئەم چاوەڕوانیەن!