تەحەدایەکی ئەخلاقی وسیاسی تر بۆ عەقڵی سەرکردایەتی کورد
لەدوای شیعەکان، سووننەکانیش سەرەرای ناکۆکی زۆری نێوانیان، چوار چێوەی هاوبەشی خۆیان پێکهێنا. ئەنجومەنی نیشتیمانی چوارچێوە کۆکەرەوە نوێکەی فراکسۆن و سەرکردە سیاسییە سووننەکانە. چونکە خۆیان وپشتیوانەکانیان لەوە تێگەیشتوون، عێراق وناوچەکە بەگشتی لەبەردەم تەحەدداو ئەگەری ئاڵوگۆری جددی و دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەو هاوکێشەو هاوپەیمانییەتەکاندان، ئەوەش دەخوازێت کۆی تواناکانیان کۆبکەنەوەو لانی کەم هاوشێوەی جاران سەرقاڵی ناکۆکی وململانێ حیزبی وتاکەکەسی وناوچەییەکانی نێوان خۆیان نەبن وبپەرژێنە سەر بەدوادا چوون بۆ بارودۆخەگشتیەکەو خۆیان بۆئەگەرو سیناریۆ جیاوازەکان ئامادەبکەن، کە رەنگدانەوەی بەسەر کۆی دۆخی عێراق وسووننەکان وهێزەکانیانەوە دەبێت، کەسیشیان بەتەنهایی یاخود بە پەرش وبڵاوی ناتوانن رووبەرووی دۆخەکە ببنەوەو بەرگری لەپێگەو مافی پێکهاتەکەیان بەو جۆرەی پێویستە بکات.
ئەنجوومەنی نیشتیمانی سووننەکان جگەلەوەی وێنای پێکهاتە گەربەکاتیش بێت بۆ سووننەکان دەگێرێتەوە، پێگەیان لەگفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت بەهێزدەکات بەحوکمی نوێنەرایەتی وبەرنامەو گفتوگۆی هاوبەش. ، رێگە لە پێکهاتەی زۆرینەش دەگرێت هەندێکیان هەندێکی تریانەوە بکات بەفشار وهەوڵبدات بەسوود وەرگرتن لەناکۆکییەکانی نێوانیان پێگەیان لاوازبکات وتواناکانیان بەرەو داڕزان بەرێت، ئەمەجگەلەوەی هەروەك وتمان پێکەوە باشتر دەتوانن رووبەرووی ئەگەرو گۆرانکاریە چاوەروانکراوەکان ببنەوە، بۆئەوەی دەرفەتیان لەدەست نەچێت ومەرجیان بەسەردا نەسەپێنرێت وگۆرانکارییەکان لەروانگەی بەرژەوەندە سیاسییەکانی خۆیانەوە بقۆزنەوە.
پێکهێنانی ئەم ئەنجوومەنە تەحەدایەکی سیاسی وئەخلاقی نوێیە بۆعەقڵی سەرکردایەتی کورد، کەلەپەیوەندی لەگەڵ گەل ونیشتیمان وهەرێمسازیی وبیناکردنەوەو تێکەڵکردنی توانا نیشتیمانییەکان وزاڵبوون بەسەرناکۆکی ودا بەشبوونە خێڵایەتیە سیاسییە خوار نەتەوەییەکاندا، لەژێر پرسیاری جدیدایە. ناکرێت ئەم عەقڵە بەنیمچە بەردەوامی لەبازنەیەکی نیمچە داخراودا بسورێتەوەو توانای برینی قۆناغی نەبێت، مێژوو بەرهەم بێنێتەوەو بۆئاستی خەمە نیشتیمانییە گەورەکان بەرز نەبێتەوە و لە بەرهەمهێنانی سازان وهاوکۆیی نیشتیمانی بەوجۆرە دەستە وستان وناکارا بێت. لەکاتێکدا کورد بێ پاڵپشتی هەرێمایەتی راستەقینەیە، لەهەموو پێکهاتەو هێزێکی تر لەعێراق و ناوچەکە زۆرترو زیاتر پێویستی بە هاوهەڵوێستی، یەکخستنی توانا نیشتیمانییەکان، چوارچێوەو کاری هاوبەشە، بۆئەوەی لەرێی قووڵکردنەوەی هاوچارەنووسی ناوخۆیی ودەستگرتن بە چەسپاوە نیشتیمانییەکانەوە، قەرەبووی نەبوونی پاڵپشت و قووڵایی هەرێمی بکاتەوە، دۆستە نێودەوڵەتیەکانیش زۆرتر قەناعەت پێ بکات کە دەتوانێت وەك خاوەن دۆزێکی نەتەوەیی وناسیۆنالیزم مامەلەبکات، بەسەر ناکۆکییە ناوخۆییەکانیدا سەربکەوێت و وێنای نەتەوە لەخۆی نیشان بدات.
لێرەشەوە ئەوەی لەئێستادا لەنێوان پارتی ویەکییەتیدا دەگوزەرێت، دژ بەئەرکە نیشتیمانییە هاوبەشەکان وبەرژەوەنییە باڵاکانی گەلی کوردستانی باشورو ناسیۆنالیزمی کوردی وپێداویستی وپێشمەرجەکانی بەرگری کردن لەماف ودەستکەوتەکان و خۆئامادەکردنە بۆ گۆرانکاریە چاوەروانکراوەکان و ئەو دەرفەت ومەترسیانەی لەگەڵ خۆیان سەبارەت بە ئێمە هەڵی دەگرن. ئەمەی دەگوزەرێت و روودەدات نائاساییە، خەمساردی بەرامبەر گەورەیی دەرفەت ومەترسییەکانی بەردەم گەلەکەمان وپرسەکەی پێوە دیارە.چونکە کوردی باشور پێویستی بە چوارچێوەی کاری هاوبەشە، پێویستە هێزو فراکسیۆنەکانی بەبەرنامەو وەفدی هاوبەشەوە بچنە ناوگفتۆوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراقەوە. بەرەو رووی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیش خاوەنی گوتارو دیدو خوێدنەوەو ستراتیژی هاوبەش بێت. لێرەشەوە ئاساییە چاوەکان لەسەر بارزانی بن بۆئەوەی لەرێی خۆی یاخود سەرۆکایەتی هەرێم یاخود هەرفۆرم و شێوازێکی تر، بۆ خستنە رووی دەستپێشخەریەكی بوێرانە تەکاندەر بەمەبەستی درووستکردنی چوار چێوەی هاوبەشی کاری کوردی لە بەغدا، تەختکردنی بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و کاراکردنەوەی دام ودەزگاکان، دەست شلکردن لەهەندێ داواکاری حیزبی وهەوڵدان بۆ پەسندکردنی دەستورێك بۆهەرێم، بۆئەوەی دۆخەکە بەئاقاری ناوخۆدا لەم چەقبەستوویی و بنبەستە سیاسی ودامەزراوەییە دەربچێت وئاسۆیەکی نوێ بەرووی ئایندەدا بەرووماندا بکرێتەوە.