ڕەنگە باشترین دەقێک کە دەربارەی چیەتی فاشیزم نوسرابێت، بابەتێکە لە لایەن بیرمەندی ئیتالی ئەمبرتۆ ئیکۆوە نوسراوە. بە ناوی ئور-فاشیزم. ئیکۆ لەو نوسینەدا کە لە ساڵی ١٩٩٣ نوسیویەتی چواردە خەسڵەتی فاشیزم دیاری دەکات. خەسڵەتی یەکەم، دژایەتی فاشیزمە بۆ نوێ. بەڵام ئەو خەسڵەتانەی کە بۆ ئێمە بە سودە بۆ خوێندنەوەی دۆخی سوریا بریتین لە کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەت.
لە ڕۆژانی ڕابوردودا ئەوەی بۆ من جێگەی بێزارییەکی زۆر بوو، ئەو هەموو بیرمەند و لێکۆڵەر و توێژە و ڕۆشنبیرە سورییانە بوون، کە لە دەرەوە و ناوەوەی سوریان، لە گەڵ زۆرێک لە بازرگانانی خانە بیرەکان، کە هەموو بەبێ هیچ خوێندنەوەیەک، گومانێک، ڕاڤەیەکی ئەخلاقی، پاڵپشتی و دەسخۆشییان لە ئەو هێرشانە دەکرد. فاشیزم وەک ئیکۆ دەڵێت، هەمیشە پیرۆزکردنی چالاکی و کردار و ئەنجامدانە. فاشیست کردار وەک کاری پیاوانە و ماسکولەیی دەبینێت، بەڵام بیرکردنەوە وەک جۆرێک لە ناماسولکەیی و دژ کردار لە قەڵەم دەدات.
لە سوریا پیرۆزی کوشتن و هاندان و پشتیوانی دۆخێکی وەهای دروستکردبوو کە ئەوەی بەرامبەر کورد دەکرا وەک جۆرێک لە ئاهەنگ بەڕێوەدەچوو.
دیارە فاشیزم چ لە مۆدێلی بەعس یان ئیخوان لە سوریا ڕەگی قوڵی هەیە. بەڵام کەلتوری ناوچەکە، بە شێوازە جوراوجۆرەکانی پاڵنەری ئەم کردارانەن. دەکرێت بوترێت کە هانی کوشتن، وەک کردەیەکی پیرۆز، دەبێتە بەشێک لە خەسڵەتی ئەم دەسەڵاتە. لە هەمانکاتدا ئەگەر لە ڕەگەکانی ئەم دەسەڵاتە بنواڕیت، دەبینیت زۆربەی سەربازەکانی لە هەناو بەعس و پاشان قاعیدە وە هاتوون.
کاتێک ئەمانە کوردێک بە بەراز دەچوێنن، ئەوەنیە ڕقی خۆیان دەرببڕن، بەڵکو پرۆسەیەکی لە مرۆڤخستن لە ئارادایە، کە مەرگی کەسێکی کورد دەبێتە مایەی پێکەنین. دیارە کوشتنی بەرازی ئاژەڵ مایەی خۆشییە لای ئەوان، لە هەمانکاتدا مرۆڤێک کە بەبەرازکراوە بە هەمانشێوە.
وەک مێژوو پێمان دەڵێت ئەم کردانە تەنها لەو ئاستەدا نامێننەوە، بەڵکو دەبنە نەریت. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بە خەسڵەتێکی تری فاشیزم بدەین کە بە خائینکردنە. مرۆڤی فاشی کاتێک لە گەڵ کەسێکدا هاوڕا نابێت ئەوا ئەو کەسە وەها نابینێت کە خاوەنی رای جیاوازە و مافیەتی، بەڵکو وەک خیانەتکار دەیبینێت. ئەمە لە داهاتوودا تەنها لای کورد و عەلەوی و مەسیحی و دروز نابێت بەڵکو لای هەر کەسێک کە هاوڕا و هاو دید نەبێت وەک خیانەتکار دەبینرێت. بێگۆمان لە عەقڵی فاشیدا خیانەتکار هەقی کوشتنە.
جیاواز بۆ کەسێکی فاشی مایەی مەترسییە. چونکە ئەو ئامادەنیە کە گفتوگۆ و دانوستان ئەنجام بدات یان دەزگا بونیادبنێت بۆ سودبینین لە جیاواز. بۆیە هەموو فاشیستێک ڕەیستستە. رەیسیست بە مانای ئەوەی جگە لە خۆی هەموو ئەوانیتر بە پیس و خراپ و مەترسی دەزانێت.
فاشیزم بە زۆری لای ئەو تاکانەیە کە وەها دەزانن کە خەڵکانەکی تر بەرپرسن لە ژیانە خراپەکەیان، بۆیە دەبێت سڵ نەکاتەوە لە لابردنی بەربەستەکانی بەردەم ژیانی، هەتا ژیانێکی باش بژی، دیارە ژیانێک کە خۆی بەباشی دەزانێت.
لە سوریا، هەروەها لە دۆخی سیاسی و کەلتوری ئەمڕۆ لە دونیادا، ئەم کردە فاشیستانە بە گشتی سەرکۆنە ناکرێن.
بۆ نمونە کەسێکی وەک ترەمپ ئەم کردە فاشییانە نابینێت.
کردەی فاشیزم لە سوریا هەتا بێت خراپتر دەبێت چونکە دەوڵەتیی دەبێت. یەکێک لەو ئارگومێنتانەی ڕۆژانی ڕابوردوو بەرچاومان دەکەوت، ئارگومێنتی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتە. کەس نەیدەپرسی ئایا دەوڵەتی ژێر دەسەڵاتێکی ڕاگوزەر مافی خۆ سەپاندنی هەیە؟ ئایا دەوڵەت نابێت شەرعیەتی هەبێت لە خەڵکەوە هەتا بە سەر خەڵکدا خۆی بسەپێنێت؟
دەوڵەتێک کە لە پرۆسەیەکی موخابەراتی نێودەوڵەتییەوە هاتوە، بە پاشخانێکی تیرۆریستی دژە مرۆڤەوە، چ مافێکی هەیە خۆی بسەپێنێت جگە لە مافی هێز و خزمەتکردنی ئەجیندای هێزە هەرێمییەکان؟
بە دیدی من فاشیزمی سوری کاتێک، لە دوژمنایەتی دوژمنە تەقلیدییەکان دەباتەوە، ئەو کاتە کینە و ڕقی ئاراستەی خۆی دەکات.