ڕۆژئاوای
کوردستان خۆی لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدا دەبینێتەوە. دوایین
ڕێککەوتنی نێوان "هەسەدە" و حکومەتی کاتی لە دیمەشق، نەک تەنیا گۆڕینی
هاوکێشەیەکی سەربازییە، بەڵکو گۆڕینی ڕێڕەوی پڕۆژەیەکە کە لە خۆبەڕێوەبەرییەکی
واقیعییەوە بەرەو تێکەڵبوونەوەیەکی ناچاری هەنگاو دەنێت. لەڕاستیدا، ناکرێ بەمە
بگوترێت ڕێککەوتنێکی ئاسایی، بەڵکو گەورەترین قوماری سیاسییە لەسەر کلیلی ئەو
ماڵەی کە ساڵانێکە خوێنی بۆ دەدرێت؛ قومارێک لە نێوان هەڵبژاردنی "خراپ"
و "خراپتر"دا کە چارەنووسی نەتەوەیەک دەخاتە سەر تەرازوویەکی مەترسیدار.
ئەم مەترسییانەش لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت دەبنەوە:
یەکەم: داینامیکی هێز و
جوگرافیای نوێی ململانێ
ڕێککەوتنەکە لەم قۆناغەدا
بەرهەمی یەکگرتنی بەرژەوەندیی سێ کارەکتەری سەرەکییە: هەسەدە کە ناچارە بەدوای
چەترێکی یاساییدا بگەڕێت، حکومەتی کاتی کە دەیەوێت شەرعییەتی دەوڵەت و سەرچاوە
داراییەکان کۆنترۆڵ بکات، و تورکیا کە وەک سێبەرێکی کاریگەر لە پشتی پەردەی
بڕیارەکانی دیمەشقەوە وەستاوە. ئەحمەد شەرع لێرەدا وەک نوێنەری ناوەندێتییەکی نوێ
دەردەکەوێت کە دەیەوێت بەبێ تێچووی سەربازی، ئەو ناوچانە بگێڕێتەوە کە ساڵانێک بوو
لەژێر دەسەڵاتی دیمەشقدا نەمابوون.
ئەم وەرچەرخانە لە کاتێکی زۆر
هەستیار و خێرادا ڕوو دەدات؛ دیاریکردنی خشتەیەکی کاتی چڕ وەک "٢ی
شوبات" تەرخانکردنی تەنیا یەک مانگ بۆ ڕادەستکردنی هەموو دامەزراوەکان،
نیشانەی ئەوەیە دیمەشق دەیەوێت پێش ئەوەی کورد بتوانێت گەرەنتییە سیاسییە
کاریگەرەکان یان پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیی جێگیربەدەستبهێنێت، هەموو کارتە
ستراتیژییەکانی لێ بستێنێتەوە. ئەم پەلەکردنەش هەرخۆی گومان دەخاتە سەر نییەتی
ڕاستەقینە و درێژخایەنی حکومەتی کاتی بەرامبەر بە پێدانی مافە کولتوورییەکان.
لە ڕووی جوگرافییەوە، ڕێککەوتنەکە
حەسەکە و قامیشلۆ دەخاتە ناو جەرگەی تێکەڵبوونی ئەمنی. کاتێک نەوتی ڕمەیلان،
فڕۆکەخانەی قامیشلۆ و دەروازە سنوورییەکان ڕادەستی دیمەشق دەکرێن، کورد لە ڕووی
جوگرافی و جیۆپۆلەتیکییەوە دەبێتە کەمینەیەکی گەمارۆدراو؛ لە ناو خاکێکدا کە چیتر
کلیلی ئابووری و دەروازەکانی پەیوەندی بە جیهانی دەرەوەی لەدەستدا نییە. ئەمە
گۆڕینی هاوکێشەی هێزە لە "هاوبەشێکی خاوەن زەوی و سامان"ەوە بۆ
"پێکهاتەیەکی کارگێڕی" کە مووچە، بژێوی و ئاسایشی بە ناوەندەوە
بەستراوەتەوە.
بۆیە من پێموایە، ناوەڕۆکی ئەم
ڕێککەوتنە زیاتر لە پڕۆسەیەکی تەسلیمکردنی سەربازی دەچێت تا ڕێککەوتنێکی سیاسی.
بەوپێیەی ئەوەی کورد لەم مامەڵەیەدا دەستی دەکەوێت، تەنیا بەڵێنە مەعنەوییەکانن
(وەک خوێندن بە زمانی کوردی)، بەڵام ئەوەی دەیدات، سەروەریی سەربازی و خاک و پڕۆژە
- سەربەخۆییە. پاڵنەری سەرەکیی هەسەدە، لێرەدا تەنیا ڕێگریکردنە لە داڕمانی
تەواوەتی و دوورخستنەوەی شەبەحی هێرشەکانی تورکیا؛ لە بەرامبەریشدا دیمەشق دەیەوێت
بەم هەنگاوە ئەنقەرە ڕازی بکات کە چیتر هێزێکی سەربازیی سەربەخۆی کورد لەسەر
سنوورەکان بوونی نامێنێت.
بەکورتی، شێوازی جێبەجێکردنی
ئەم ڕێککەوتنە لە ڕێگەی سڕینەوەی هەنگاو بە هەنگاوی "بەڕێوەبەریی خۆسەر"
و گۆڕینی بۆ فەرمانگەی پاشکۆی وەزارەتەکانی دیمەشق، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە
کورد لەسووریا چیتر وەک لایەنێکی سیاسیی خاوەن بڕیار مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت، بەڵکو
وەک فەرمانبەر و سەربازی دەوڵەتێک دەبینرێت کە ناوەندەکەی لە دیمەشقە. ئەمەش ئەو
مەترسییە دروست دەکات کە لە داهاتوودا هەموو تایبەتمەندییە نەتەوەییەکان لە ناو
چوارچێوەیەکی بەرتەسکی کولتووریدا بکرێنە قوربانی بەرژەوەندییە گەورەکانی دەوڵەت.
دووەم: تەڵەی ستراتیژی؛
هاوپەیمانی سێبەر لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرە
ئەم گۆڕانکارییە لە داینامیکی هێزدا تەنیا پەیوەندی بە ناوخۆی سووریاوە
نییە، بەڵکو لە قووڵاییدا تەڵەیەکی ستراتیژی گەورەتری تێدا چێندراوە کە ئەنقەرە و
دیمەشق پێکەوە دایانڕشتووە.
لە پشت پەردەی ئەم
ڕێککەوتنەدا، ئەکتەرێکی سەرەکی هەیە کە واژۆی لەسەر دەقەکە نییە، بەڵام
کاریگەرییەکەی لە هەمووان زیاترە؛ ئەویش تورکیایە. ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی حکومەتی
کاتی، بەو پێیەی پێویستی بە پشتگیری ئیقلیمی هەیە، ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بنێت کە
دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەنقەرە بێت. لێرەدا مەترسییەکە لەوەدایە کە دیمەشق وەک
"بریکارێکی سیاسی" بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئامانجانە کار بکات کە تورکیا بە
شەڕ نەیتوانی بیپێکێت؛ ئەویش هەڵوەشاندنەوە و ڕیشەکێشکردنی فەرمی و یاسایی قەوارەی
سەربازی و سیاسی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان.
کاتژمێری جێبەجێکردنی ئەم
پلانە،کە لە سەرەتای مانگی شوباتەوە دەست پێ دەکات، خۆیلەخۆیدا تەڵەیەکی
کاتیی مەترسیدارە. ئەم خێراییە ڕێگری دەکات لەوەی کورد بتوانێت میکانیزمێکی
پاراستن یان چاودێری نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی تری ڕێککەوتنەکە (وەک
مافە کولتوورییەکان) دروست بکات. دیمەشق دەیەوێت لە کورتترین ماوەدا کورد بێچەک
بکات و کلیلە ئەمنی و ئابوورییەکان وەربگرێت، بۆ ئەوەی دواتر لە پێگەیەکی زۆر
بەهێزەوە مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەیەکدا بکات کە چیترهیچ کارتێکی فشاری لەدەستدا
نامێنێت.
جوگرافیای ئەم تەڵەیە لە
دڵی شارە کوردییەکانی وەک قامیشلۆ و حەسەکەدا چێندراوە. هێنانە ناوەوەی یەکە
ئەمنییەکانی دیمەشق و تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە ناو سوپایەکدا کە
فەرماندەییەکەی لە دەستی ناوەنددایە، وەک "تەڵەی ڕاوچی" وایە. بەو
واتایەی کە دیمەشق بەبێ ئەوەی یەک فیشەک بتەقێنێت، توانیویەتی دیوارە ئەمنییەکانی
کورد ببڕێت و بچێتە ناو شارەکانەوە. ئەم پڕۆسەیە لە ڕێگەی گۆڕینی هێزە کوردییەکان
لە "هێزێکی تا ڕادەیەک نەتەوەیی پارێزەر"ەوە بۆ "لیوایەکی پاشکۆی
وەزارەتی بەرگری"، وا دەکات کورد لە ڕووی یاساییەوە بەتەواوی پابەندی فەرمانەکانی
دیمەشق بێت، نەک بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد.
لێرەدا، ئامانجی سەرەکی دیمەشق
و تورکیا، گۆڕینی پرسی کوردە لە لایەنێکی سیاسییەوە بۆ "کێشەیەکی
کارگێڕی". کاتێک تورکیا دەبینێت نەوت و سنوورەکان کەوتوونەتەوە دەست دیمەشق و
هەسەدە چیتر بوونی نییە، ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی بەدیهاتوو دەبینێت. لە
بەرامبەریشدا، حکومەتی کاتی بەم هەنگاوە دڵنیایی دەداتە ئەنقەرە کە مەترسی
قەوارەیەکی کوردی لەسەر سنوورەکان کۆتایی هاتووە.
گەورەترین مەترسی لە
شێوازی جێبەجێکردنی ئەم پلانەدا ئەوەیە؛ دوای ئەوەی دیمەشق هەموو کارتە بەهێزەکانی
(چەک، نەوت، فڕۆکەخانە، دەروازەکان و ئاسایشی شارەکان) لە کورد وەردەگرێت،
دەتوانێت بە ئاسانی لەژێر فشاری تورکیا یان بە پاساوی پاراستنی یەکپارچەیی خاک، لە
هەموو ئەو بڕگانە پاشگەز بێتەوە کە پەیوەندییان بە مافە نەتەوەییەکانەوە هەیە. لەو
کاتەدا، کورد نە هێزێکی سەربازی دەبێت بۆ بەرگری و نە ئابوورییەکی سەربەخۆ بۆ
مانەوە، لە کاتێکدا شەقام و سنوورەکانیشی کۆنتڕۆڵ کراون. ئەمە ئەو تەڵە ستراتیژییە
کورتخایەنەیە کە بەبۆچوونی من، دەکرێ ئەحمەد شەرع و تورکیا بۆ داهاتووی سیاسی کورد
نابێتیانەوە.
سێیەم: مافە کولتوورییەکان؛
پاراستنی شوناس یان تواندنەوەی سیاسی؟
لە ناوەڕۆکی ئەم ڕێککەوتنەدا،
چەند بڕگەیەک سەبارەت بە زمانی کوردی و دانپێدانان بە بڕوانامەکان هەن، کە وەک
"دیارییەکی سیاسی" لەلایەن حکومەتی کاتییەوە خراونەتە ڕوو؛ بەڵام لە
ڕاستیدا ئەم مافانە لە ناو چوارچێوەیەکی یاسایی زۆر لێڵ و لەرزۆکدا داڕژراون.
ڕوونتر بڵێم؛ ئەوەی لێرەدا ڕوو دەدات، کورتکردنەوەی پرسی کوردە لە دۆزێکی
نەتەوەیی، سیاسی و مرۆییەوە بۆ تەنیا "تایبەتمەندییەکی کولتووری" لە ناو
دەوڵەتێکی ناوەندیی عەرەبییدا.
ئەم مامەڵەیە بەو واتایە دێت:
"بۆتان هەیە بە زمانی خۆتان قسە بکەن و گۆرانی بڵێن"، بەڵام لە
فەرمانگەکانی دەوڵەتدا مافی ئەوەتان نییە نووسراوێک یان بەڵگەنامەیەک بە
زمانەکەتان تۆمار بکەن. ئەمەش هاووڵاتیی کورد دەکاتە "هاووڵاتیی پلە
دوو" لە سووریادا. جگە لەوەی ئەم بڕیارانە تەنیا لە ئاستی "مەرسوومی
سەرۆکایەتیی کاتی"دا ماونەتەوە و لە ژێر سێبەری حکومەتێکدان کە هێشتا خاوەنی
دەستوورێکی هەمیشەیی نییە؛ بۆیە دەکرێت تەنیا چەند بڕیارێکی کارگێڕیی کاتی بن و
دواتر بە واژۆیەک هەڵبوەشێنرێنەوە.
لێرەدا، خشتەی جێبەجێکردنی
ڕێککەوتنەکە نیشانەیەکی مەترسیدارمان پێ دەڵێت، چونکە مافە کولتوورییەکان خراونەتە
دوای ڕادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی شارەکان.
دیمەشق وەک "پاداشت" باس لە خوێندنی کوردی دەکات، بەڵام تەنیا دوای
ئەوەی کورد هەموو سەرچاوەکانی هێزی خۆی ڕادەست دەکات. ئەم "پاش و پێش
خستنە" لە کاتدا، کورد دەخاتە دۆخێکەوە کە چیتر هیچ کارتێکی فشاری لەدەستدا
نامێنێت بۆ ڕێگریکردن لە وەزارەتی پەروەردەی سووریا، ئەگەر لە داهاتوودا
پڕۆگرامەکانی خوێندن بە ئارەزووی خۆی دابڕێژێت و بگۆڕێت.
پانتایی ئەم مافانە تەنیا لە
ناوچە کوردنشینەکاندا قەتیس کراوە. ئەمەش لە ڕووی ستراتیژییەوە واتای ئەوەیە کە
نەک زمانی کوردی نابێتە زمانێکی فەرمی لە تەواوی سووریادا، بەڵکو تەنیا وەک
زمانێکی لۆکاڵیی ئارەزوومەندانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەم شێوازە، کورد لە
"نەتەوەیەکی هاوبەش" لە وڵاتدا دەگۆڕێت بۆ "کەمینەیەکی
زمانەوانی". جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیە لە ڕێگەی وەزارەتەکانی دیمەشقەوە و بەبێ
بوونی پەرلەمانێکی هەڵبژێردراو، شەرعییەتی مافەکان دەخاتە ژێر ڕەحمەتی
بیرۆکراسییەک کە مێژوویەکی درێژی لەگەڵ سیاسەتی "تەعریب"دا هەیە.
پاڵنەری سەرەکی حکومەتی ئەحمەد
شەرع بۆ گونجاندنی
ئەم بڕگانە، بێدەنگکردنی
شەقامی کوردییە تا بە ئاسانی دەستبەرداری کارتە سەربازییەکان بن. ئەمە جۆرێکە لە
"چاوبەستنی سیاسی"؛ واتە پێدانی مافی زمانەوانی لە بەرامبەر وەرگرتنی
سەروەری، ئابووری، ئاسایش و خاک. مەترسییەکە لێرەدایە کە کاتێک هەسەدە دەبێتە
بەشێک لە سوپای سووریا، چەک و هێزی کورد چیتر نابێتە پارێزەری ئەو زمان و
کولتوورە، بەڵکو دەبێتە ئامرازێک بۆ پاراستنی سنوورەکانی دەوڵەتی سوریای عەرەبی کە
ڕەنگە سبەینێ خوێندنی کوردی قەدەغە بکاتەوە. لەڕاستیدا، بەو پێیەی ئەم مافانە لە
دەستوورێکی جێگیردا نەچەسپێنراون، زیاتر لە "سەرابێکی سیاسی" دەچن تا
دەستکەوتی ڕاستەقینە. ئەگەر کورد نەتوانێت ئەم بەڵێنە کارگێڕییانە بە گەرەنتیی
نێودەوڵەتی و چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بگۆڕێت بۆ یاسای دەستووری هەمیشەیی،
ئەوا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و لەگەڵ یەکەم گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێزدا، زمان
و چاندی کوردی جارێکی تر دەگەڕێنرێنەوە ناو ژێرزەمینەکان.
چوارەم: ئاڵنگارییەکانی سەر
زەوی؛ لە کێشەی دیمۆگرافیاوە تا وابەستەیی ئابووری
ئەم ڕێککەوتنە لە قۆناغی
جێبەجێکردندا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەستی سیاسی، جیۆپۆلەتیکی و کۆمەڵایەتی
دەبێتەوە، کە ئەکتەرە سەرەکییەکانی وەک حکومەتی کاتی و هەسەدە ناتوانن بە ئاسانی
تێپەڕی بکەن. گەورەترین پێشهات لە جوگرافیای عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپیدا چڕ
دەبێتەوە؛ بەو واتایەی بڕگەی گەڕانەوەی ئاوارەکان تەنها پەیوەندی بە ئیرادەی
دیمەشقەوە نییە، بەڵکو بەو گروپە چەکدارانەشەوە بەستراوەتەوە کە ئێستا لەو
ناوچانەن و ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی ئەنقەرەدان. لێرەدا، مەترسی پێکدادانی خوێناوی
لە نێوان دانیشتووانی ڕەسەن و ئەو خێزانە عەرەبانەدا دروست دەبێت کە لە چوارچێوەی
پڕۆسەی گۆڕینی دیموگرافیای شارە کوردییەکاندا نیشتەجێ کراون؛ ئەمەش دەکرێت ببێتە
هۆی شەڕێکی ناوخۆیی نوێ و سەپاندنی واقیعێکی تری تەعریب لە ناوچە داگیرکراوەکاندا.
لێرەشدا خشتەی کاتی
جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە، کورد دەخاتە ناو تەڵەی وابەستەیی ئابوورییەوە. کاتێک
لە ماوەی تەنها دە ڕۆژدا کێڵگە نەوتییەکانی ڕومەیلان و حەسەکە ڕادەستی وەزارەتی
وزە دەکرێن، کورد بە یەکجاری دەماری ژیانی دارایی خۆی دەبڕێت. ئەمەش بەو واتایەیە
کە لە مانگی داهاتووەوە، مووچەی کارمەندان و تێچووی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە
کوردنشینەکان دەکەوێتە ژێر ڕەحمەتی وەزارەتەکانی دیمەشق. ئەم وابەستەییە دەکرێ لە
ئایندەدا وەک کارتێکی فشاری سیاسی بەکاربهێنرێت؛ هاوشێوەی ئەو مامەڵەیەی لە
عێراقدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت. هەر کاتێک کورد داوای مافێکی
نەتەوەیی یان سیاسی بکات، دیمەشق دەتوانێت بە بڕینی بودجە و سووتەمەنی، پڕۆسەی
ژیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا پەک بخات.
لە لایەکی تر، شێوازی
جێبەجێکردنی بڕگە ئەمنییەکان مەترسی گەڕانەوەی دەوڵەتی پۆلیسی لە ناو شارە
کوردنشینەکاندا زیندوو دەکاتەوە. چوونەژوورەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ قامیشلۆ
و حەسەکە و وەرگرتنی دامەزراوە مەدەنییەکان، تەنها ئامانج لێی گۆڕانکارییەکی
کارگێڕی نییە، بەڵکو گۆڕینی سیستەمی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگەیە. ئامانجی ئەحمەد شەرع
لێرەدا ئەوەیە کە لە ڕێگەی دەزگا ئەمنییەکانەوە، ڕێگری لە هەر جووڵەیەکی سیاسی یان
ناڕەزایەتییەکی جەماوەریی کورد بکات کە لە داهاتوودا دژی حکومەتی ناوەندی
سەرهەڵبدات.
ئەم دۆخە وا دەکات کۆمەڵگە
پەرت بێت و کۆنتڕۆڵکردنی ناوەندی شارە کوردییەکان لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە،
کورد لە کارتی "بەرگری جەماوەری" بێبەش دەکات. مەترسییەکە ئەوەیە؛ ئەگەر
دیمەشق نییەتی پاک نەبێت، دەتوانێت لە ژێر چەتری شەرعییەتی نێودەوڵەتی و بە
هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا، دوبارە فشارە سەربازییەکانی بۆ سەر هەسەدە دەست پێ
بکاتەوە، بێ ئەوەی ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی جدیی جیهانی بێتەوە؛ چونکە ئێستا وەک
سوپایەکی نیشتمانی دەردەکەوێت کە خەریکی چەسپاندنی یاسایە.
پێنجەم: ستراتیژیی مانەوە؛
کورد چی بکات تا لەسەر ئەم تیغە مەترسیدارە نەخلیسکێت؟
بۆ ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە لە
"تەسلیمبوونێکی سپی بێمەرج"ەوە بگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژی، پێویستە
لایەنی کوردی لەم ساتەوەختە هەستیارەدا کار لەسەر دروستکردنی کۆمەڵێک گەرەنتی بکات
کە لە دەرەوەی ئیرادەی حکومەتی کاتی دیمەشق بن. یەکەمین و گرنگترین هەنگاو ئەوەیە
کە ئەم بڕیارانە لە پەیوەندییەکی "دووقۆڵی و کاتی"یەوە بگوازرێنەوە بۆ
چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی. نابێت کورد ڕازی بێت کلیلی نەوت و سنوورەکان ڕادەست
بکات، بەبێ ئەوەی لایەنە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و فەرەنسا، یان دامەزراوەکانی
نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک چاودێر و گەرەنتیکاری جێبەجێکردن واژۆی کۆتایی لەسەر
ڕێککەوتنەکە بکەن. ئەمە تەنیا ڕێگەیە بۆ ئەوەی لە کاتی هەر پاشگەزبوونەوەیەکی
دیمەشق، کورد بتوانێت شەرعییەتی نێودەوڵەتی بۆ فشارخستنە سەر ناوەند بەکاربهێنێت.
لە ڕووی کاتیشەوە، پێویستە
کورد داوای خشتەیەکی کاتی هاوسەنگ بکات؛ بەو واتایەی ڕادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکان
و فڕۆکەخانەکان نابێت پێش فەرمیکردنی مافە کولتووری و کارگێڕییەکان بێت. ستراتیژی
ژیرانە ئەوەیە کە "هەنگاو بەرامبەر هەنگاو" بێت؛ هەر دامەزراوەیەک کە
ڕادەستی دیمەشق دەکرێت، دەبێت لە بەرامبەردا بڕگەیەکی یاسایی جێگیر لە بەرژەوەندی
کورد بەدەست بهێنرێت. ئەم هاوسەنگییە ڕێگری دەکات لەوەی دیمەشق دوای وەرگرتنی هەموو
کارت و سەرچاوە داراییەکان، لە بەڵێنەکانی بەرامبەر عەفرین و زمانی کوردی پاشگەز
بێتەوە.
جوگرافیای هێزدەبێت بە جۆرێک
ڕێکبخرێتەوە کە کورد لە ناوچەکانی خۆیدا شوناسی پارێزەری لەدەست نەدات. ئەو لیوا
کوردییانەی دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری، دەبێت لە ناوچە کوردنشینەکاندا
بمێننەوە و فەرماندەیی مەیدانییان هەر لە دەستی کورددا بێت. ئەمە تەنیا بۆ
پاراستنی ئاسایش نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە دیمەشق نەتوانێت ئەم هێزانە وەک ئامرازێک
دژی پێکهاتەکانی تری ناوخۆی سووریا بەکاربهێنێت. لە هەمان کاتدا، دەبێت جەخت لەسەر
"لامەرکەزییەتی دارایی" بکرێتەوە؛ بەو واتایەی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە
داهاتی نەوتی ڕومەیلان هەر لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە بۆ ئاوەدانکردنەوە، نەک هەمووی
بچێتە خەزێنەی ناوەندی و دواتریش وەک کارتێکی فشار بۆ بڕینی مووچە دژیان
بەکاربهێنرێتەوە.
هەوڵ و تێکۆشانی سەرەکیی کورد
لەم قۆناغەدا دەبێت گۆڕینی ئەم ڕێککەوتننامە کارگێڕییە بێت بۆ بنەمایەکی دەستووری. مادام
سووریا بەرەو داڕشتنی دەستوورێکی نوێ دەڕوات، دەبێت کورد سوور بێت لەسەر ئەوەی
مافی زمانی کوردی و گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین لە دەستووردا بچەسپێنرێن. مافێک
لە دەستووردا نەبێت، تەنیا بەڵێنێکی زارەکییە و مێژووی سووریاش پڕە لە بەڵێنە
شکێندراوەکان.
تاکە ڕێگە بۆ سەرکەوتنی ئەم
ستراتیژییە، یەکڕیزی سیاسی ناوخۆیییە. پێویستە هەموو لایەنە کوردییەکان، بەتایبەتی
هەسەدە و ئەنەکەسە، بەرەیەکی یەکگرتوو پێبهێنن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی ئەحمەد
شەرع. ئەگەر دیمەشق هەست بکات کورد دابەش بووە، بە ئاسانی یاری بە بڕگەکان دەکات.
کورد دەبێت تێبگات کە ئەمە تەنیا ڕێککەوتنێک نییە، بەڵکو دوایین قوماری سیاسییە بۆ
مانەوە؛ یان دەبنە هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە سووریای نوێدا، یان دەبنە پارچەیەکی
بێدەسەڵات لە ناو مەکینەی دەوڵەتێکدا کە هێشتا لەسەر بنەمای ناوەندگەرێتییەکی توند
ڕەفتار دەکات.
شەشەم: ڕێکردن لە نێوان
هاوبەشی سیاسی و تواندنەوەی کارگێڕیدا
ئەم ڕێککەوتنە لە قووڵایی
خۆیدا ململانێی نێوان دوو شوناسی جیاوازە؛ شوناسی دەوڵەتێکی ناوەندی نوێ کە ئەحمەد
شەرع نوێنەرایەتی دەکات، و شوناسی خۆبەڕێوەبەرییەکی جوگرافی و تا ئاستێک نەتەوەیی
کە هەسەدە دەیەوێت پاشماوەکانی بپارێزێت. ئەنجامی ئەم هاوکێشەیە تەنیا بەوە دیاری
ناکرێت کە لەسەر کاغەز چی نووسراوە، بەڵکو بەوە دیاری دەکرێت کە کێ لەسەر زەوی
کۆنتڕۆڵی ڕاستەقینەی بەدەستەوە دەمێنێت. ئەحمەد شەرع لێرەدا وەک کارەکتەرێکی زیرەک
دەردەکەوێت؛ ئەو دەیەوێت لە ڕێگەی "تێکەڵکردنی کارگێڕی"یەوە، دۆزی کورد
لە کێشەیەکی سیاسییەوە بگۆڕێت بۆ دۆسیەیەکی پەروەردەیی و کولتووری سنووردار، تا
ببێتە ئەو سەرکردەیەی بێ شەڕ یەکپارچەیی خاکی سووریای گەڕاندووەتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە مێژووییە لە
ساتێکی زۆر هەستیاردا ڕوو دەدات؛ کاتێک بەرژەوەندیی و هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان
لە سووریادا گۆڕاون. ئەو پەلەکردنەی لە جێبەجێکردنی بڕگە سەربازی و ئابوورییەکاندا
هەیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دیمەشق دەیەوێت پێش هەر گۆڕانکارییەکی کتوپڕ لە سیاسەتی
ئەمریکا یان فشارێکی نوێی نێودەوڵەتی (بە تایبەت ئەو دەنگانەی لە کۆنگرێسەوە بۆ
پشتیوانی کورد بەرز دەبنەوە)، واقیعێکی نوێ لەسەر زەوی بچەسپێنێت. بۆیە، کاتی
ڕێککەوتنەکە بۆ دیمەشق "دەرفەتێکە بۆ کۆنتڕۆڵکردن" و بۆ کوردیش
"هەوڵێکە بۆ مانەوە" لە ناو گەردەلوولێکدا کە هەڕەشەی سڕینەوەی لێ دەکات.
لە ڕووی جوگرافییەوە،
لێکەوتەکانی ئەم ڕێککەوتنە تەنیا لە حەسەکە و قامیشلۆدا ناوەستن، بەڵکو دەبنە
نەخشەیەک بۆ داهاتووی هەموو پێکهاتەکانی سووریا. مەترسییەکە ئەوەیە کە شێوازی
جێبەجێکردنەکە لە ڕێگەی وەزارەتەکانەوەیە نەک لە ڕێگەی پەرلەمان یان دەستوور؛
ئەمەش وا دەکات کورد هەمیشە وەک "میوانێکی یاسایی" بمێنێتەوە کە
مافەکانی لە هەر ساتێکدا ئەگەری هەڵوەشاندنەوەیان هەیە.
ئامانجی سەرەکیی لایەنەکان لەم
مامەڵەیەدا، گەیشتنە بە "سەقامگیرییەکی کاتی و دروستکراو" لە بەرامبەر
دەستبەرداربوون لەبەها و خەونە ستراتیژییەکان. لەناویشییاندا دیمەشق دەستبەرداری
ڕەتکردنەوەی ڕەهای کورد بووە و کوردیش دەستبەرداری خەونی قەوارەی سەربەخۆ بووە.
بەڵام ئەم سازانە، کە لە ڕێگەی گۆڕینی هەسەدە بۆ هێزێکی ناوخۆیی و ڕادەستکردنی
کلیلە ئەمنی و ئابوورییەکان ئەنجام دەدرێت، قومارێکی گەورەیە؛ چونکە کورد هەموو
ئامرازەکانی فشاری خۆی دەدات لە بەرامبەر وەرگرتنی کۆمەڵێک بەڵێنی مەعنەویی مەدەنی.
لە کۆتییدا دەکرێ ئەم ڕێککەوتنە ببێتە
دەروازەیەک بۆ ئاشتییەکی بەردەوام ئەگەر لەلایەن دیمەشقەوە وەک "هاوبەشی
نیشتمانی" مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئەگەری زۆرتر ئەوەیە ببێتە پڕۆسەی
چەککردنی سیاسی کورد. ئەگەر کورد نەتوانێت لەم قۆناغەدا پشتیوانی نێودەوڵەتی
مسۆگەر بکات و یەکڕیزی ناوخۆیی بپارێزێت، ئەوا ئەم ڕێککەوتنە وەک ئەو خاڵە
مێژووییە تۆمار دەکرێت کە تێیدا کورد بە دەستی خۆی "کلیلی ماڵەکەی"
ڕادەستی دیمەشق کردەوە، تەنیا بۆ ئەوەی لە ژێر بنمیچەکەیدا وەک کەمینەیەکی
بێدەسەڵات بمێنێتەوە. کورد ئێستا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدایە؛ یان
دەبێتە هاوبەشێکی ڕاستەقینەی دەسەڵات، یان دەبێتە بەشێک لە مێژوویەکی
دووبارەبووەوەی خیانەت و بەڵێنە شکێندراوەکان