دواین هەواڵ

ئایا تونس وەک میسری لێ دێ؟

‌دڵشاد نامق

26/07/2021

ئیخوان لە (تونس)یش لە دەسەڵات لادران.

لەدوای خولی دوەمی هەڵبژاردنەکانی تونسەوە، کە بزوتنەوەی نەهۆەی ئیسلامی سەرۆکایەتی پەرلەمانی وەرگرت و دواتریش سەرۆکێك بۆ تونس هەڵبژێردرا کە جیوازبوو لە ئیخوان ئیتر ناسەقامگیری ڕووی لەو وڵاتە کردووە.

لە دوای ٢٠١٩ وە لە تونس ململانێیەکی توند لە نێوان دامەزراوەکانی دەسەڵاتدا هەیە، لەبەر ئەوەی سیستەمە سیاسیەکەی نیمچە سەرۆکایەتیە و سەرۆكی وڵات (قەیس سعەید) کە ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە، بیر و هزری سیاسی جیاوازە لە زۆرینەی پەرلەمانی کە بزوتنەوەی نەهزەی ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی کۆنترۆڵیان کردوە، بۆیە ئەو ململانێیە پەرەی سەندووە بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵاتەوە لە ٢٠١٩، کە تا ئێستا نەتوانراوە دادگای دەستوری پێکبهێنرێت.
تونس خۆی کێشەی ناسەقامگیری سیاسی و گرفتی کۆرۆنا و خۆپیشاندان و بێزاری خەڵکی تیا هەیە کە لە ئەنجامی ئەو ململانێیەوە خزمەتگوزاری کەمی کردووە یان پەکی کەوتووە و نەخۆشی بەفراوانی بڵاوبووەتەوە.... .

لەم ماوەیە ململانێکان تەواو توند بوونەوە لە نێوان سەرکۆمار(قەیس سعەید) لەلایەک و سەرۆکی پەرلەمان(ڕاشد غەنوشی) و سەرۆکی حکومەت(هیشام مەشیشی) لەلایەکی ترەوە، بەتایبەت لەبابەتی سەرۆکایەتی هێزە چەکدارەکان و پێکهێنانی مەحکەمەی دەستوری، ئەڵبەتە هێزە عەلمانیەکان و پاشماوەکانی سیستەمی پێشوو پشتیوانی سەرۆك کۆمار دەکەن و تا ڕادەیەکیش بزوێنەری پەرەسەندنی ململانێکانن، دوێنێ و ئەمڕۆ خۆپیشاندانەکان پەرەی سەند و کار بەوە گەیشتووە کە سەرۆك کۆماری ئەو وڵاتە لە( ٢٥ / ٧ / ٢٠٢١)دا ئەم بڕیارانەی دەرکردووە:

١- پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و حەسانەی لە ئەندامەکانی سەندەوە!
٢- حکومەتی هەڵوەشاندەوە و خۆی کرد بە سەرۆکی دەزگای تەنفیزی هەتا ئەوکاتەی خۆی سەرۆک حکومەتێك تەعین دەکات!
٣- خۆی وەک نائیبی عام ناساند و دەسەڵاتەکانی دابەخۆی بۆ تەحقیق و لێپێچینەوە لە گشت کەسێک، بەئەندامانی پەرلەمانیشەوە!

هەموو ئەمانەی لە ژێر ناوی (مادەی ٨٠ی دەستور) دا کردوە، کە لە ڕاستیا ئەو مادەیە دەسەڵاتی داوە بەسەرۆك بۆ ئیجرائاتی ئیستیثنائی بەڵام بەم شێوەیە نا، بەڵکو دەڵێ: لەکاتی پێویستدا سەرۆك ئەو ئیجرائاتانە بکات بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت، وە پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە و تەجمید ناکرێ، بەڵکو دەچێتە کۆبوونەوەی بەردەوامەوە(انعقاد دائم) هەتا ئیجرائاتەکان تەواوەبن.

ئێستا بزوتنەوەی نەهزەی ئیسلامی بەتەواوی گشت ئیجرائاتەکانی سەرۆکی ڕەتکردەوە و بە ئینقیلاب ناوی دەبات، وە دەڵێ گشت دامەزراوەکان ماون و بە تەجمیدکراو دانانرێن.

کاردانەوەی شەقامیش ئێستا جۆرێك لە ئیختیناق هەیە لە نێوان لایەنگرانی هەردوولادا کە بەشێك لە خەڵك بۆ پشتگیری سەرۆك و بڕیارەکانی هاتونەتە سەر شەقام و بەشێکیش لە لایەنگرانی نەهزە و هاوپەیمانەکانی بۆ دژایەتیکردنی هاتونەتە شەقام، وە سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاندوە کە شەقام دەجوڵێنن دژی بڕیارەکانی سەرۆك.
ئەم سەرۆک کۆمارەی تونس (قەیس سعەید) ئەگەرچی خۆی کەسێکی مەدەنیە و پسپۆڕی یاسای دەستورییە و مامۆستای زانکۆ بووە، بەڵام پەیوەندیەکانی لەگەڵ (عبدالفتاح  سیسی) سەرۆکی میسر، بزوتنەوەی نەهزەی تونسی نیگەران کردووە، تەنانەت کاتێک سەردانی میسری کرد ڕووبەڕوی ڕەخنەی زۆر بوەوە لە لایەن نەهزە و هاوپەیمانەکانیەوە، قسەیەك هەیە دەڵێن کە جۆرێك دەست لەپشتدانی (عبدالفتاح سیسی) هەیە ودەیەوێ ئەزموونی ئەو دووبارە بکاتەوە، لەم ڕۆژانەدا سەرۆکی میسر ڕایگەیاند ئامادەن هاوکاری بنێرن بۆ تونس!

بە پێی دەستوری ساڵی ٢٠١٤ی تونس، سەرۆك کۆمار فەرماندەی سوپایە، سەرۆك وەزیران فەرماندەی هیزە چەکدارەکانی ناوخۆیە(ئەمن و شورتە و تەشکیلاتەکانی)، بەڵام سەرۆك کۆماری تونس هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە خۆی فەرماندەی گشت (هێزە چەکدارەکان)ە.

مانگی چواری ئەم ساڵ، ئەم سەرۆك کۆمارە لە ئاهەنگی هێزە ئەمنیەکاندا، ڕوی کردە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت و پێی وتن: من فەرماندەی گشت هێزە چەکدارەکانم، کێ تا ئێستا نەیزانیوە با بیزانێت، دواییش پەیامێکی دا و وتی: (الیوم صبر، وغدا أمر/ ئەمڕۆ ئارامگرتنە و سبەی فەرمانە!).... ئێستا وادیارە ئەو (سبەینێ)یە هاتووە!       

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP