دواین هەواڵ

گریمانەکانی بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای هەڵەبجە

‌دڵشاد نامق

پێش 2 هەفتە

دوای ئەوەی ڕۆژی (14/4/2025) پەرلەمانی فیدراڵ لە عێراق، دانی نا بە پارێزگای هەڵەبجەدا و بە یاسایەك ئەو پارێزگایەی وەك نۆزدەهەمین پارێزگا بەڕەسمی ناسی، ئیتر دامودەزگا رەسمیەكانی عێراق پێویستە لەسەریان وەك یەكەیەكی ئیداری سەربەخۆ لەئاستی پارێزگاردا مامەڵەی لەگەڵ بكەن، بۆیە ئەم یاسایە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقیش پابەند دەكات كە لەبواری هەڵبژاردندا وەك پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بكات.

لەبەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵی و ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2023ی هەمواركراو لە مادەی (12)دا بە دەق دەڵیت: پێویستە سنوری ئیداری هەر پارێزگایەك یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت. كەواتا پێویستە كۆمسیۆنیش بازنەیەكی هەڵبژاردنی سەربەخۆ بۆ پارێزگای هەڵەبجە دروست بكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە جیاوازبێت لە بازنەی سلێمانی، جا لەبەر ئەوەی هەڵەبجە لەڕوی ئیداریەوە لەسلێمانی جیابووەتەوە بۆیە لە كورسیەكانی پارێزگای سلێمانی كورسی بۆ دادەبڕرێت.

وە لەبەر ئەوەی بەپێی مادەی (49) بڕگەی (1) لە دەستوری فیدراڵی لە عێراق، پێویستە بۆ هەر 100هەزار كەس یەك كورسی لە پەرلەمانی فیدراڵی تەرخان بكرێت، بۆیە شێواز و ژمارەی ئەو كورسیانەی بۆ بازنەی پاێزگای هەڵەبجە دیاری دەكرێن لە پەرلەمانی فیدراڵی جێی مشتومڕە و زیاتر لە ئەگەرێك لەخۆی دەگرێت، ئەگەری یەكەم ئەوەیە كە پارێزگای هەڵەبجە بەو سنورە كارگێڕیەی ئێستایەوە بكرێتە بازنەیەكی هەڵبژاردن، كە لەم كاتەدا تەنها (1 كورسی) بەردەكەوێت چونكە ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی (130 هەزار كەس) ە، بەڵام ئەمە لەگەڵ بنەمایەكی تری هەڵبژاردندا دژ دەوەستێتەوە كە بنەمای گەرەنتی كردنی ڕێژەی ئافرەتە(كۆتای ئافرەت) كە دەستور بەپێویستی داناوە دەبێت بێتەدی لەهەر بازنەیەكی هەڵبژاردندا، بۆیە كۆمسیۆن ناچار دەبێت بۆ نەهێشتنی ئەم كەموكوڕیە زیاتر لە كورسیەك بۆ هەڵەبجە تەرخان بكات و بیكات بەدوو كورسی، لەو كاتەدا كورسی دووەم دەبێتە كۆتای ئافرەت. ئەمە ئەگەری هەیە ناهاوسەنگی لە ڕێژەی كورسی و دانسشتوان لە بازنەی سلێمانی بێنێتە كایەوە بەو پێیەی ئەو كورسیانەی لەوێ دەمێننەوە كەمترن لە ژمارەی دانیشتوانی بازنەكە.

ئەگەری دووەم ئەوەیە كۆمسیۆن بازنەیەكی هەڵبژارنی گەورەتر لە سنوری كارگێڕی ئێستای پارێزگای هەڵەبجە دروست بكات، ئەویش بەوەی هەرسێ قەزای (سەید سادق، پێنجوێن و شارەزوور) لەگەڵ هەڵەبجەدا بكات بەیەك بازنەی هەڵبژاردن، كە كۆی دەنگدەری ئەم سێ شوێنە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە دەگاتە ئاستێك سێ كورسی و ڕەنگە زیاتریش بۆ بازنەكە دیاری بكرێت، بەمەیش هەم كۆتای ئافرەت مسۆگەر دەكرێت و هەمیش كێبەركێی سیاسی باشتر وبەهێزتر دەبێت، بەشێوەیەك دەرفەتی كێبەركێی دادپەروەرانە زیاتر  دێتە پێشەوە بۆ قەوارە سیاسیەكان.

بەكورتی، لە ئەگەری چونە بواری جێبەجێكردنی یاسای داننان بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا، كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پابەندە لەگەڵ هەڵەبجەدا وەك بازنەیەكی سەربەخۆی هەڵبژاردنی تایبەت بە پارێزگاكە مامەڵە بكات، ئیتر ئەگەر بە ڕێگای یەكەم بێت یان ڕێگای دووەم.
وە پێویستە ئەوەیش بڵێین كە بەپێی دواهەمین سەرژمێری گشتی لە عێراقدا، ژمارەی دانیشتوانی عێراق و هەرێمی كوردستان زیاترە لەو ڕێژە كورسیەی ئێستا نوێنەرایەتیان دەكات لە پەرلەمان و ئەگەر یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە و ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان بەپێی دەستور دیاری دیاری بكرێت، ئەوا ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمانی فیدراڵییش دەبێت ببێتە نزیكەی (450 كورسی) و بەمەیش ژمارەی كورسی گشت پارێزگاكان زیاد دەكات بەهەرێمی كوردستانیشەوە، بەڵام هاوكێشەكان بەنیسبەت پارێزگای هەڵەبجەوە هەر بەو شێوەیە دەبێت كە باسمان كردن.

ئەوەیش پێویستە بڵێین كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پارێزگای هەڵەبجە خۆی بازنەیەكی سەربەخۆیە و ژمارەی كورسیەكانی (3) كورسیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP