دواین هەواڵ

تورکیا وەک نەخۆشیی

‌د.سەردار عەزیز

10/05/2023

پێش ئەوەی کارو سەرنجم بگوێزمەوە بۆ سەر چین، ماوەی چەند ساڵێک کارم لە سەر تورکیا کرد. چەندین جار سەردانی تورکیام کرد و لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ لە ئەنقەرە ژیام. لە ناو خانەی بیر و حیزب و زانکۆ و میدیادا تۆڕێکی بەرفراوان لە دۆستم هەبوو. ئەو سەردەمە تورکیا لە دۆخێکی جیاوازدا دەژیا. زۆرێک وەهایان دەبینی کە مۆدێلە. ئەوروپییەکان وەهایان دەبینی مۆدێلی ئیسلام و دیموکراسییە، ئەمریکاییەکان وەک هێزێک کە دونیای ئیسلامی پێ ئاراستە بکەن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەهایان دەبینی کە چۆن بە ڕێچکەکەیدا بڕۆن. بەڵام ئەم قۆناغە کورتخایەن بوو.

کەسێک تورکیا وەک برینێک دەبینێت بیرمەندی ئەمریکی سامۆئێل هانتنگتۆنە. بە دیدی ئەو تورکیا لە نێوان شارستانیەتە جیاوازەکاندا توشی برین بووە. داودئۆغلۆ هەوڵیدا ئەم دیدە پێچەوانە بکاتەوە و وەهای ببینێت کە لە بڕی لاوازی تورکیا دەبێتە سەنتەری ئەو هەموو شارستانییە جیاوازانەو وەک دەوڵەتێک بواری بۆ دەڕەخسێت کە سود لە ڕابوردوە کەلتوریی و شارستانییەکەی ببینێت، بۆ هەردوو دەسەڵاتی ڕەق و دەسەلاتی نەرمدا.

بەڵام هەمیشە پاش سەقامگیرییەکی کەم، تورکیا ڕوبەوڕی قەیرانی کوشندە دەبێتەوە. لە دروستبونیەوە لە سەرەتای بیستەکان، تورکیا مۆدێلی ئەو دەوڵەتەیە کە دەیەوێت بە زەبری هێز و بە پشتیوان بە مۆدێرنە نەتەوەیەکی تورک لە هەناو سنوری تورکیا دروست بکات. بەڵام ئەم پرۆژەیە نەک بوەتە مایەی سڕینە و نکوڵی لە کورد و ئەرمەن و چەرکەس و لاز و یونانی و جولەکە و ئەوانیتر، بەڵام لە ئاستی تردا هەمیشە لە قەیراندایە. تورکیا نازانێت لە کوێدایە، ڕۆژهەڵات یان ڕۆژئاوا، ئیسلام یان عەلمانیەت، فرەیی یان تۆرانیەت، دەوڵەتێکی نەتەوەییە یان شارستانی. سەرباری قەیرانی شوناسی، تورکیا هەمیشە پشتی بە زەبر و هێز و سەرکوت بەستوە بۆ مانەوە و دروستکردنی دەوڵەتە نەتەوەییەکەی. ئەمەش وەها دەکات کە دەوڵەتی تورکی بۆ سەردەمانێکی زۆر دەوڵەتی سەربازان بوە. ڕەهەندێکی تری سیستەمی تورکی ئامادەیی هەمیشەیی مافیا و چەتەکان لە ناو دەسەڵاتدا. ڕوادوی سوسورلوک لە ساڵی ١٩٩٦ دەرخەریی ئەم پەیوەندییەیە. نزیکی پارتی دادو گەشەپێدان لە کەرتی خانوبەرە و پێدانی گرێبەستی گەندڵی زۆر لەم بوارەدا، کە بومەلەزرەکە دەریخست چ کاریگەریی هەیە لە سەر خەڵک رەهەندی مافیایی ئیسلامییەکانە.

بەڵام تورکیا لەبەر هەژاربونی هەمیشە جێگای کاریگەریی ئەوانیتر بوە. پارەی ڕۆژئاوا و لەم دواییانەدا پارەی کەنداو ڕۆڵی سەرەکییان هەبوە لە مانەوەی تورکیا، هەروەها پارەی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆی ڕوسیا. ئەمەیە وەهایکردوە کە چەپی تورکی وەها تورکیا ببینێت کە دەوڵەتێکی بێ سەروەرە، تەنها سیاسەتی ئەوانیتر جێبەجێ دەکات.

چەند ڕۆژێکی کەمی تر تورکیا ڕوبەروی یەکێک لە سەخترین ساتەوەختەکانی دەبێتەوە، ئەویش لابردنی پیرەمێردێکی عاشقە دەسەڵاتە، کە بە هیچ جۆرێک نایەوێت دەستبەرداری دەسەڵات ببێت و هەموو شتێک دەکات لە پێناوی مانەوەیدا.

ڕەجەپ تەیپ ئەردۆگان بەڕەچەڵەک خەڵکی کەنارەکانی دەریای ڕەشە و لە گەڕەکی قاسم پاشای ئیستنەنبول گەورەبوە. قاسم پاشایەتی ئەردۆگان وەک وەسفێک بۆ کەسایەتی گەڵەگایەتی ئەو بەکاردەهێنرێت. ئەردۆگان لە ماوەی بیست ساڵی ڕابوردودا سیستەمی سیاسی تورکی لە هەموو خەسڵەتێک داماڵیەوە و خۆی کردوە بە ناوەند و بڕیاردەر و دەسەڵاتداری بێ بەربەستی تورکیا. سیستەمی سەرۆکایەتی تورکی لە راستیدا سیستەمی سەرۆکایەتی نیە، بەڵکو سیستەمی ئەردۆگانییە. سیستەمێک ئەو بۆ خۆی دادورییوە و پاش ئەو کەسی تر ناتوانێت جێبەجێ بکات. ئەم سیستەمە لە سەر ئەو دیدە بونیادنراوە کە دەوڵەت ئامرازی جێبەجێکەری پلان و خواست و بەرنامە و داواکانی ئەردۆگانە، بۆیە هەموو کەسەکان دەبێت لەلایەن ئەوەوە دابرێن و هیچ چاودێریی و لێپرسینەوە و ڕەخنەیەک نەبێت. ئەردۆگان نەک دەوڵەت، بەڵکو هەوڵیداوە کۆمەڵگاش بەو ئاراستەیە بەرێت. لە تورکیا کەمینەکی زۆر کەم لە خەڵک زمانی تر دەزانن، لە کاتێکدا میدیای تورکی بە زۆری لە لایەن ئەردۆگانەوە کۆنترۆڵکراوە، خەڵکی تەنها پیاهەڵدان و وەسفی ئەو دەبیستن و دەبینن.

لەم دۆخەدا ئەردۆگان بەبێ هیچ بەربەستێکی ئەخلاقی و کەرامەتی مرۆڤبون هێرش دەکاتە سەر نەیارەکانی. بێڕێزی، سوکایەتی، تیرۆری کەسایەتی، جنێو، ناو و ناتۆرە، خەسڵەتی هەرەسەرەکی کەسایەتی ئەون. لەڕاستیدا زۆرینەی خەڵکی تورک حەزیان لەمەیە. لە ڕاپرسییەکدا دەربارەی ئەوەی کە ئایا دەتەوێت لە گەڵ کێدا چایەک بخۆیتەوە، ئەردۆگان یان کلیچدارئۆغلۆ، زۆرینەی خەڵکی تورک حەزیان بە چا خواردنەوەیە لە گەڵ ئەردۆگاندا.

لێکۆڵەری تورک سۆنار کاگاپتایی ئەردۆگان وەک نمونەی دەسەڵاتی پۆپیولیزمی دەبینێت، بە قسەی ئەو ئەوانیتر لە دونیادا لە ئەوە فێربون، خەڵکانی وەک ترەمپ، بۆلسەنارۆ و ئۆربان. بە هەبونی ئەم پاشخانە یەکێک لە پرسیارە سەرەکیەکان دونیا سەرقاڵکردوە، ئەوەیە ئایا ئەردۆگان ئامادەیە دەستبەرداری دەسەڵات ببێت ئەگەر بدۆڕێت؟

لە خوارەوە هەوڵدەدەم سیناریو جیاوازەکان بخەمە ڕوو:

سیناریوی یەکەم، ئەردۆگان ئەگەر بشدۆڕێت بە دەنگێکی کەم دەدۆڕێت. ئەم برە ئایا زۆر کەم یان بڕێکی بەرچاوە. بۆ نمونە ئایا ئەردۆگان بە دوو یان سێ لە سەد جیاوازی دەدرۆڕێت. لە کاتێکی وەهادا ئەگەری زۆرە کە دەستبەرداری دەسەڵات ببێت، چونکە هەوڵدانی بۆ دروستکردنی ئالنگاریی لەو دۆخەدا کۆتایی بە شەرعیەتی دەهێنێت و ئابوری بە تەواوی دادەڕمێت.

سیناریوی دووەم، ئایا چیدەکات، کە واز دەهێنێت؟ لێرەدا قسە لە سەر مۆدێلی نەتانیاهو دەکرێت. بەو مانایە ئەردۆگان هەوڵدەدات رێگریی و پشێویی و ناسەقامگیری بۆ حکومەتە نوێیەکە دروست بکات هەتا لە کاتێکی کەمدا هەڵبژاردن بکرێت و بگەڕێتەوە. چاودێران دەڵێن هاوپەیمانی لە گەڵ تورکە ڕاستڕەوە فاشیتەکان و کوردە فاشیستەکانی وەک هوداپار بۆ ئەوەیە پشێویی دروست بکات. هەموان دەزانن کە هوداپار یان حیزب اللەی کوردی هیچ سەنگێکی هەڵبژاردنی نیە.

سیناریوی سێیەم، ئەگەر ئەردۆگان بە بڕێکی کەمتر لە یەک لە سەدی دەنگەکان بدۆڕێت، ئەوا ڕەنگە پەنا بۆ شێوازەکانی ترەمپ و بۆلسەنارۆ بەرێت. لە کاتێکی وەهادا ئەردۆگان لایەنگرانی، بە تایبەتی لایەنگرە چەکدارە ناحکومییەکانی وەک موختار و ئەو هێزە چەکدارە تایبەتانە کە دروستییان کردون، لە گەڵ هەوادارانی تردا، کۆبکاتەوە و هێرش بکاتە سەر ناوەندەکانی حکومەت و دان بە دۆڕانیدا نەنێت. ئەردۆگان خۆی و هاوەڵەکانی بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەم سیناریویە دەدەن کاتێک باس لە دۆخی یان ئەو یان پشێویی دەکەن. ئەردۆگان دەڵێت، هاوپەیمانییە ڕەکەبەرەکی تەنها بۆ دژی ئەو دروستبوون، بۆیە ناتوانن حکومەت بەڕێوەبەرن و لە ئەنجامدا پشێویی دروست دەبێت. سلێمان سۆیلو وەزیری ناوخۆ، کە کەسێکی توندڕەوەی فاشیستە لە ئێستاوە باس لە دەستوەردانی دەرەکی دەکات لە هەڵبژاردنەکاندا، بە تایبەتی ئەگەر ئەوان بدۆڕێن.

سیناریوی چوارهەم، ئۆپۆزسیون بە جیاوازییەکی باش دەیبەنەوە، بە تایبەتی ئەگەر هەڵبژاردن بچێتە دەوری دوەوە. لە کاتێکی وەهادا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت دەستوبرد بە هانای تورکیاوە بچن هەتا دراوەکەی بە تەواوی نەتوێتەوە. بەڵام دۆخی ئابوریی و کۆمەڵایەتی تورکیا وەها نیە کە دەستوبرد مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت.

هەموو سیناریوکان ئاماژە بۆ داهاتویەکی ناسەقامگیر دەکەن بۆ تورکیا. جاران لە دۆخێکی وەهادا دەستوبرد سوپا کودەتای دەکرد. بەڵام ئێستا سوپا وەک جاران نیە. دەستوەردانی سوپا تورکیا بەرەو ڕوی شەرێکی ناوخۆیی گەورە دەکاتەوە.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەرچۆنێک بێت، کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر سێ پارچەی کوردستان هەیە. تورکیای پێش ئەردۆگان و تورکیای پاش ئەردۆگانیش وڵاتێکی کاریگەر دەبێت لە لە قاڵبدانی دۆز و چارەنوسی کورد. ڕەنگە هاتنی ڕکەبەرەکانی ئەردۆگان هەڕەشەی سەربازیی و هێرشکردن کەمبکاتەوە یان نەهێڵێت، بەڵام ناتوانێت دۆخەکە چارەسەر بکات بە خێرایی. ڕەنگە کەسی کلیچدارئۆغلۆ خۆی کەسێکی توند نەبێت بەوەی کوردە، عەلەوییە، دوو پێکهاتە کە زۆرترین ئازاریان بە دەست دەوڵەتی تورکییەوە چەشتوە. هەرچەندە کەمال بەوەی کەسێکی ئەسیمیلە یان بە تورک بوە، کە وەک جۆرێک لە نەخۆشییە، چونکە هەمیشە لە دۆخێکی نکوڵیدا دەژی. ئەم نەخۆش بونە بە شێوازی جیاواز دەکەوێتەوە.

تورکیا لە پەیوەندی بە هەرێمدا پۆلەسییەکی ئاڵۆزی هەبوە. پێش ئەردۆگان وەک پرسێکی سەربازیی و ئەمنی لە هەرێمیان دەڕوانی. ئەگەر تەماشای وێنە کۆنەکان بکەیت دەبینیت چۆن جەلال تاڵەبانی و مەسعود بەرزانی لە دیاربەکر لە لایەن سەربازەکانەوە پێشوازی دەکرێن. ئەردۆگان وەهای بینی کە ناتوانێت ڕێگری لە دروستبونی هەرێم بکات لە بەر پشتیوانی ئەمریکی بۆیە هەوڵدەدات کە چۆن لە قاڵبیبدات و لێی سودمەندبێت و بەکاری بهێنێت. ئەوەی من لە زاری سیاسییەکە کەمالییەکانم بیستومە ئەوەیە کە ئەوان دەوڵەتین، بەومانایە زیاتر دەخوازن لە گەڵ دەوڵەتی عێراقدا مامەڵە بکەن. بەڵام پرینیسپ و واقیع جیاوازن. دونیا چاوەڕێیی گرنگترین هەڵبژاردنی ساڵە، وەک گۆڤاری ئیکۆنۆمیست نوسیبوی

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP