چەند ڕۆژێک لەمەوپێش جۆزیف نای لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا مرد. مردنی لە ئێستادا مانای جیاوازی هەیە بۆ سەردەمی ئەمریکی. نای بەوە ناسراوە کە داڕێژەری چەمکی دەسەڵاتی نەرمە.
ماوەیەک لەمەوپێش یادی پەنجا ساڵەی شەڕی ڤێتنام بوو. پاش شەڕی ڤێتنام ئەمریکا خۆناساندن و خۆجوانکردنی کردە بەشێک لە سیاسەتی دەرەوەی. لەم ڕوەوە ئەمریکا هەوڵیدا زیاتر سەرنجی خەڵک بۆ ئەمریکا ڕابکشێت، لە بڕی ترساندن یان تۆقاندن. لە کۆنەوە میکیاڤیللی پێیگوتین کە میر یان دەسەڵات خەڵکی یان لێی دەترسن یان خۆشیان دەوێت.
چەمکی دەسەڵاتی نەرم رەنگدانەوەی ئەم دیدەی ئەمریکا بوو. لێرەوە حیکایەتی نوێ و زۆر دەربارەی ئەمریکا سەریانهەڵدا هەر لە کۆکاکۆلاوە هەتا هۆلیود و دیموکراسی و زۆر حیکایەتی تر.
ئەمرۆ ئێمە دەچینە قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی ئەمریکی کە چیدی تیایدا ئەمریکا بایەخ بەوە نادات چۆن دەبینرێت. بە مانایەکی تر سەردەمی دەسەڵاتی نەرم کۆتایی هات. لەم ڕوەوە ترەمپ کۆتایی بە دەنگی ئەمریکا و یوئێسئەید و ناوەندەکانی تر هێنا.
نای یەکێک بوو لە بیرمەندانی سیستەمی لیبراڵی دەزگایی نێودەولەتی. ئەمەش لە قەیراندایە. نای تەنها بیرمەند نەبوو، چەندینجار بەشداربوو لە حکومەتدا، لە سەردەمی کلینتۆندا جێگری وەزیری بەرگریی بوو لە پەنتاگۆن. لەو سەردەمەدا راپۆرتێکی نوسی کە ڕستەیەکی بەناوبانگی تیادایە کە دەڵێت: ئاسایش وەک ئۆکسجین وەهایە هەتا لێتنەبڕێت هەستی پێناکەیت. دیارە گەر نەچیتە حکومەت ناتوانیت قسە لە سەر حکومەت بکەیت، وەک چۆن ئەگەر نەچیتە ناو سیاسەتەوە ناتوانیت قسە لە سەر پۆلەسیی بکەیت. خۆم بە ئەزمونم ئەمە دەزانم. هەرچەندە بۆ ئێمە هێندە ئاسان نیە لە نێوان دەزگا و ناوەندی بیردا جۆلانێ بکەین، لە بەر دواکەوتویی دەسەڵاتی کوردی.