دواین هەواڵ

ئەتاتورکیزمی عێراقچی

‌د.سەردار عەزیز

19/05/2023

ئەمرۆ وەها دادەنرێت کە ڕۆژی لە دایکبونی ئەتاتورکە. خۆی لە ڕاستیدا وەهانیە، بەڵام ئەو ڕۆژەیە کە شەڕی سەربەخۆیی تورکیا لە سامسۆنەوە دەستی پێکرد. ئەتاتورک بە چڕی لە ئەم هەڵبژاردنانەدا ئامادەیە، چ وەک دۆستێک هەروەها وەک نەیارێک.

هەندێک وەک حەمید بۆزئەرسەلان، ئەتاتورکیەت وەک جۆرێک لە فاشیزم دەبینن. هەندێکی تر وەک مۆدرێنخوازێکی سەرکەوتوو، هەندێکی تر وەک دوژمنی ئیسلام و پاڵەوانی عەلمانی.
ئەمڕۆ تەنها پارتەکەی کەمال کلیچدارئۆغلۆ میراتگریی ئەتاتورکیەت نیە، بەڵکو ئەتاتورکیەت بنەمای دەوڵەتی تورکییە، کە هەموو هێزەکان دەیانەوێت زیاتر و زیاتر بەهێزی بکەن.

پرۆژەی ئەتاتورک، پرۆژەیەکی فەرەنسی بوو، کە بریتیە لە زاڵکردن و پیرۆزکردنی دەوڵەت بە سەر هەموو پانتاییەکانی تردا و دروستکردنی نەتەوەیەک بۆ ئەو دەوڵەتە. لە پێناو ئەمەدا زەبر و کوشتن و ڕەگەزپەرستیی بە ڕەوا دەبینرێت، ئەمە بە یەکسانی لە لایەن چەپ و ڕاستەوە پیادە دەکرێت.

ئەمڕۆ ئەتاتورکیەت لە لایەن ئیسلامەوە لە ژێر فشاردایە، بەڵام ئیسلامی تورکی، ئیسلامی دەوڵەتی تورکیە. پرۆژەی ئەوان سودبینینە لە مۆدێرنە بۆ خۆ بەهێزکردن و ڕابەرایەتی دونیای ئیسلام لە پیناو ناوەندێتی دەوڵەتی تورکی، وەک تێزی داودئۆغلۆ جەختی لە سەر دەکاتەوە.

کەمالیزم ئەمڕۆ لە ناو عێراقچیەکاندا بەهێزە. خەونی دروستکردنی مرۆڤی عێراقی، کە لە سایەی دەوڵەتێکی ناوەندی عێراقیدا بژی، شوناسەکانی تری یان بسڕێتەوە یان پەراوێزبخات، لە ناو عێراقچییەکاندا بە ئاگایی و بێئگایی بانگەشەی بۆ دەکرێت. بەڵام ئەگەر لە ئەتاتورکدا سونییەکی حەنەفی بونی هەیە، هێشتا ڕون نیە پاشخانی عێراقی بوون، شیعەیە وەک سەدر بانگەشەی بۆ دەکات یان سونییە وەک لە مێژودا وەهابوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کوردنیە، چونکە کوردە عێراقچییەکان بانگەشەی سڕینەوەی خۆیان دەکەن.

لە پشت دروستبونی کەمالیزمەوە کوردی زۆر بونیان هەیە، هەرە دیاریان زیا گۆکئالپ. جارێکیان نەوشیروان مستەفا پێی گوتم، پاش ئەوەی زیا بە ناو عەشیرەتە کوردەکاندا دەگەڕێت [کتێبێکی لەبارەوە نوسیوە، کە لە تورکیا قەدەغەیە، بەڵام لە زانکۆی مێتۆ کۆپییەک هەیە] و سوکایەتی پێدەکرێت، بڕیار دەدات بە ئاراستەی توانەو و سڕینەوەی کورد کار بکات، لە داخا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP