گەلێک ھۆکاری ئاشکرا و ڕوون ھەن لەو بابەتەدا، بەڵام بە گشتی پرسی پارتی و کەرکوک، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، ئەو کات (بارزانیی نەمر) سوور بووە لەسەر وەرگرتنی ماف و شایستە سیاسی و داراییەکانی کورد لە کەرکوک، ئەو مساوەمە نەکردنە بووەتە ھۆی ناکۆکی ھەمیشەیی نێوان کورد و حکومەتەکانی ڕابردووی عێراق،ل ەو زەمەنەشدا "پارتی" لە کەرکوکدا جێگەی دیارە، چونکە لە چاندنی تۆوی خۆشەویستی بۆ نیشتمان و ھەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی فکری ناسیۆنالیستی لە کەرکوک، ھۆکارێکە بۆ ڕێگری کردن و کۆسپ دروستکردن بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک.
بە گشتی ئەو گردبوونەوە و خۆپیشاندانە ئاراستەکراوانەی کەرکوک بۆ ڕێگری لە ڕادەست کردنەوەی بارەگایەکی پارتی ئاماژە گەلێکی تێدان:
١- گەر پارتی لە کەرکوک بێت کورد بەھێز دەبێتەوە و ڕووح بە بەری خەڵکی شار کەرکوکدا دەکرێتەوە بێ جیاوازی بۆچوونی سیاسی.
٢- بە گەڕانەوەی پارتی ئەو بێدەنگ و شەرمنیەی کە ھەیە نامێنێت، بە تایبەت لە پرسی حەقی کورد لە نێو یەکە ئیدارییەکان و دەسەڵات و پێگەی کورد لە کەرکوک.
٣- گەڕانەوەی شکۆ و ھێز، ڕوونە کە پارتی بگەڕێتەوە سەر بڵندانە دەگەڕێتەوە سیاسەتی دیکتاتۆریەت و حوکمی عەسکەرتاریەت لە کەرکوک قبوڵ ناکات.
٤- کاریگەری گرنگ و یەکلاکەرەوە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و گۆڕانی ھاوسەنگی ھێز و دەنگ لەنێوان کورد و عەرەب و نەتەوەکانی دیکە.
٥-ھەوڵدان بۆ گەرانەوەی ماف بۆ ھەموو ئەو کەسانەی کە لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان غەدریان لێکراوە، پاش داگیرکردنی عەسکەرییانەی.
٦-بێدەنگ نەبوون لە پرسی بە عەرەبکردن و ڕاگواستنی عەرەب لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە بۆ کەرکوک.
٧- بە گەڕانەوەی پارتی ئەگەر گەڕانەوەی "پێشمەرگە" لە کەرکوک زیاتر دەبێت، وەک لە ئێستادا ئەمریکا پشتگیری لە پێشمەرگە دەکات ھەر لە پڕچەککردنەوە تا ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە.
ھەموو ئەمانە و چەندان هۆکاری دیکەش دیکەش هۆکاری تەنگەتاوبوونی میلیشیاکان و حکومەتی عێراقیش ناڕاستەوخۆ خۆشیان لە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک نەبێت.
ئەم جۆرە گردبوونەوانەی میلیشیا شیعیەکانیش دەستێکی ئاراستەکراوی لەپشتە ھەمان دەستی شکاندنی ڕێککەوتنی شنگالە، مەبەست لێی سەروەر نەبوونی یاسا و تەراتێنی ئەو ھەموو گروپە چەکدارییانە کە بوونەتە سەرئێشە بۆ کەرکوک و ھەموو ناوچە کوردستانییەکان.
ئەگەرچی پارتی لە ئێستادا بارەگاکانی لە شاری کەرکوک کراوە نییە و دۆخی داسەپێنراوی سەربازی بەسەر شارەکەدا پێ قبوڵ ناکرێت، بەڵام دواین ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن لە کەرکوک ئەوەیان بۆ ھەموولایەک سەلماندا کە پارتی لە ڕووح و دڵی کەرکوکییەکاندا ڕەگی داکووتیووە و دووانەیەکی دانەبڕاون، لە ئێستاشدا خەڵکی کەرکوک و تەواوی ناوچە کوردستانییەکان چاویان لە گەڕانەوەی پارتییە بۆ شارەکە، چونکە دڵنیان لە مساوەمە نەکردن و پارێزبەندیان لەمەڕ ھەموو ئەو زوڵم و ستەم و نایەکسانییەی لەنێوان ھاونیشتمانیانی شارەکەدا دەکرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەماوەی ڕابردوو و ئێستاش پرسی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی کردۆتە بنەمای یەکەمین و سەرەکی گفتوگۆکان، گرنگترین ئەو پایە بنەڕەتیانەی کە پارتی وەک ھەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی ماددەی 140 و کارپێکردنی خستنیە گەڕ پەیوەستن بە رێزگرتنی بڕی ئازادیەكانی خەڵك و مافەكانی هاوڵاتیان، کە ئەو ماددەیە لەسەر شاڕێگەی دیموكراسی، رادەی گەشەكردنی سیاسی و ئاشتی نێوان ئاینو ئاینزاكان و گروپە جیاوازە كۆمەڵایەتیەكان بەرز دەكاتەوەو زەمینەی كۆمەڵگایەكی پێشکەوتوو پێگەشتوو لە شاری کەرکوک دەڕەخسێنێت کە تا ئێستا بەھۆی پشتگوێخستنی داواکارییەکانی کورد لە شارەکە کە زۆرینەیە، ئەم ئامانجانە نەھاتوونە دی.