پارتی دیموکراتی کوردستان، هێزی پێشەنگی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، لە مێژووی ٧٩ ساڵەی خۆیدا، وەک قەڵغانێکی پۆڵایین، داکۆکیکاری سەرسەختی ماف و داخوازییە ڕەواکانی کورد بووە و لەم پێناوەشدا قوربانیی زۆری داوە. پارتی، کە لەسەر بنەمای بیری نەتەوەیی و دیموکراسی دامەزراوە، هەمیشە هەوڵیداوە مافەکانی گەلی کوردستان بەدی بهێنێت و لەم ڕێگایەدا، بە دروشمی "کوردستان یان نەمان"، ڕێگایەکی دوور و درێژی بڕیوە.
ھۆکاری بەھێزبوون و بەردەوامی و مانەوەی پارتی بەدرێژایی (٧٩) ساڵ، بوونی ئەو مەرجەع و ڕابەر و پێشمەرگەیەیە، کە ھەموان بە کەسی یەکەم و فەرمانڕەوای ژمارە یەک دەیبینن، ئەدەبی سیاسیی سەرۆک بارزانی، شۆڕ بووەتەوە بۆ ماڵبات و تاک بە تاکی ئەندام و لایەنگرانی پارتی، ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی و ساڵانی پێشمەرگایەتیی ئەو وای کردووە، کە ھەموان قەدر و ڕێز بۆ بڕیارەکانی دابنێن، یەکگرتوویی ھۆکارە بۆ ڕێکخراوی و تۆكمەیی پارتی.
فەلسەفە و جووڵە و بەرنامە و ئەجێندای پارتی، سیاسەتێکی نێونەتەوەییە، سیاسەتی ھەموو شت قبووڵنەکردنە، سیاسەتی بەرپرسیارێتی و حورمەتدانانە بۆ نیشتمان و پاراستنیەتی، سیاسەتی خۆنەچەماندنە.
پشتئەستووریی پارتی
١- پارتی پشتئەستوورە بە دەنگدەر و جەماوەری دڵسۆزی خۆی و كوردستان.
٢- پارتی پەیڕەو و پڕۆگرامێکی پتەوی ھەیە، مێژوویەکیشی ھەیە کە شانازیی پێوە بکات.
٣- پارتی حزبێکە کە ھیوای کوردە لە باکوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژھەڵات و باشوور، تەنانەت لەنێو عێراقیشدا خەڵک ھیوای لەسەر پارتی ھەڵچنیوە، خەڵکی دیکە کەمینەی چەند شارێکن، نەک ئومێدی زۆرینە.
٤- پارتی پەروەردەی سیاسیی ھەیە، پەروەردەی سیاسی و فیکریی پارتی وای کردووە کە لایەنگر و دەنگدەری پارتی، وریاتر و ھۆشیارتر و زیرەکانەتر مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکەن.
٥- لە ھەمووی گرنگتر، پارتی نەتەوەییانە، کوردانە، لە پرسە نیشتمانییەکان دەڕوانێت.
٦- پارتی لە جەنگ و ئارامیدا بەرپرسیارێتی ھەڵدەگرێت، سەنگەری خەبات و حکوومەتداری بۆ خزمەتی گشتیی هەڵبژاردووە.
٧- پارتی ڕێنمایی دەداتە کادیرەکانی کە ڕەوشتی سیاسی لە نووسین و وتارەکانیان بە جوانی پەیڕەو بکەن و ڕەنگدانەوەی یەکڕیزی و یەکگرتوویی تیادا بێت.
٨- پــــارتــــی، خاوەنی مەرکەزییەت و مەرجەعی سیاسیی خۆیەتی، کە ڕێبەری ھێژا سەرۆک (مەسعود بارزانی)یە.
پارتی پشتی بە مێژوویەکی پۆڵایین قایمە کە خۆی لە ھەزاران شەھید و ئەوانەی لە ڕیزەکانیدا بوون، پێشتر شۆڕشی یەکەمی بارزان، شۆڕشی دووەمی بارزان، بەشداری و ھاوکاریی مەزنی کۆماری كوردستان لە مھاباد، شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، شۆڕشی گوڵان، ڕاپەڕینی ئازادی، پڕۆسەی ئازادی، ڕیفراندۆم و شەڕی تیرۆریستانی داعش و پردێ و سحێلای کردبێت و لەولاشەوە پووچەڵکردنەوەی پیلانە ئیقلیمییەکان، ھێشتنەوەی قەوارەی ھەرێمی كوردستان بە یەک پاکێج، بەشێکی خەبات و قوربانیدان و دەسكەوتەكانی پارتیین.
پارتی، حزبی هەموو چین و توێژەکانی کوردستانە، حەفتا و نۆ ساڵە، پشت و پەنای کوردستانیانە، ستراتیژی سەرەکیی سیاسەتی پارتی بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و پاراستنی دەستکەوتە بە خوێن بەدەستهاتووەکانی گەلی کوردستانە، بەتایبەتیش پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان شاڕێگەی کارکردنی پارتییە.
پارتی پارێزەری ماف و داخوازیی هاونشتمانیانی کوردستانیانە و وەکو هەمیشە بەرگریکاری راستەقینەی پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانە.
ئەزموونی سەرکەوتووی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە ئامانجی سەرەکیی پارتی ئەنجامدانی چاکسازی و چارەسەکردنی گرفت و ئارێشەکانە، کە ئەوەش بە پاراستنی مافە رەواکانی گەلی کوردستان و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانە.
پیرۆز بێت ١٦ی ئابی پڕشکۆ، ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، ڕابەریی نەتەوەیی، سەرۆک مەسعود بارزانی.