دواین هەواڵ

لەم ڕەوشەدا هەڵوێستی نیشتمانی کوردستانی چاوەڕوانکراو چییە؟

‌كاوە محمود

28/09/2023

ڵاپەڕە شاراوەکانی ئەو پلانە سیاسییەی دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان و ئاراستەی سیاسی دەسەڵات لە عێڕاقدا، کە دیاردەی (دەوڵەتی قوڵ) و بۆچوونی هەندێ هێزی سیاسی بە هەماهەنگی و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە جیاواز و ناکۆک و هاوبەشی دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان نەخشەی بۆ دەکێشرێت و، هەنگاو بە هەنگاو دژ بە بوونی کیانی هەرێمی کوردستان، پەیڕەدەکرێت، زۆر ئاشکرا بووە و، بە ڕێگای بەردەوامبوونی سیاسەتی گۆڕانکاری دیموگرافی و تەعریب و پەراوێزخستنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی دەستوور و جێبەجێنەکردنی ماددەکانی لەوانە 140 و، باشگەزبوونەوە لە یاسای بودجە و لێکدانەوەی بە شێوازی جۆراجۆر و بابەتی بودجە و، بڕیارەکانی دادگای ئیتحادی ئەنجام دەدرێت، کە سەرجەم ئەم بابەتانەش هاوکاتن لەگەڵ بۆردمانکردن بە روکیت و کاتیۆشا و درۆن و پێشێلکردنی سەروەری هەرێمی کوردستان، بێ ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێڕاق ڕێگای یاسای نێودەوڵەتی و کەناڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکاربهێنن. ئەم بابەتانە کۆمەڵێک پەیامن، کە هاوکاتە لەگەڵ هەڕشە سەربازییەکانی ئێران و تورکیا و دەستێوەردانی سیاسییان و هەڕەشەکردن لە پەلەکان بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان لە باکور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات.

پەیامی سەرەکی و نەخشەی دارێژراو لە سونگ و بەرژەوەندی جیاواز و ناکۆکی دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان، لاوازکردن و پاکتاوکردنی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستانە لە هەر چوار پارچەکەی نیشتمان.

مەبەست لەم شاڵاوە، کە بواری فشاری سیاسی و ئابلوقەی ئابووری و هەڕەشە و جموجۆڵ و کاری سەربازی دەگرێتەوە و، لەبەردەمی ڕای گشتی جیهان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا ئەنجام دەدرێت، بێهودەیی کردنی گەلی کوردستانە لە هەرچوار پارچەی نیشتماندا و درووستکردنی ڕەوشێکە، کە شێوازەکانی ناڕەزایی و تێکۆشانی جەماوەری کوردستان بنبەست بکەن و، خولیای قایلبوون بە سیاسەتە سەپێنراوەکانی ئەو دەوڵەتانە جێگیر بکەن و، ڕەوشێکی خوازراو لە لایەن نەتەوە و تایفەی باڵادەستی ئەو دەوڵەتانە بەسەر خەڵکی کوردستاندا وەک واقیعێکی نەگوڕ فەرزکەن.

نەخشە و پلانی دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان و خولیای نەتەوەی باڵادەست تیایاندا بەهەر شێوازێک دایبرێژن و، ئەنجامدانی هەر هەنگاوێک لە ئەجیندەی ئەو نەخشەیە، دۆخێکی ئێجگار کاتییە و ناتوانێ چارەسەری ئەو بارگرژییەی، کە لەو دەوڵەتانە بە هۆی سیاسەتی دیکتاتۆری و جیاکارییەوە هەیە داپۆشن و، بە درێژایی سەدەی ڕابووردووش حکومەتی باڵادەست لەو دەوڵەتانە سیاسەتی سەرکوتکردن و داپلۆسینیان بەکار هێنا، بەڵام نەیانتوانی قەیرانەکان چارەسەر بکەن و مەشخەڵی تێکۆشانی گەلی کوردستانیش دانەمرکا و بەپێچەوانەوە لە هەندێ حاڵەتیشدا لە بەشێک لە جەستەی نیشتماندا وەرچەرخانی گەورە ئەنجام درا.

شاڵاوی نوێ دژ بە کوردستانی گەورە و هەرچوار پارچەکەی لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە شکستی دێنێت:

1ــ دەسەڵاتدارانی دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان، کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە توانای خستنەڕووی چارەسەرێکی دیموکراتی مەدەنی ئاشتییانەی ڕەوایان بۆ چارەسەرکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان نییە.

2ــ سیاسەتی ئەو دەوڵەتانە پشت بە جیاکاری و فشار و داپڵۆسینی سیاسی و هەڕشە و شاڵاوی سەربازی و گەمارۆی ئابووری دەبەستێت و، سەرجەم ئەم ڕێگایانە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتنی وەدەس نەهێناوە.

3ــ ئەزموونی تێکۆشانی گەلی کوردستان گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی، کە هەمەجۆری لە شێوازەکانی تێکۆشان بەکاربهێنێت و لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆدا توانای بەکارهێنانی شێوازی گەنجاوی هەبێت، کە بەپلەی یەکەم پشت بە ئیرادەی و تێکۆشانی جەماوەری بکاتەوە.

4ــ ڕای گشتی جیهان و بەشێک لە هێزە سیاسییە ناکوردستانییەکانی ناوچەکە و هێزی سیاسی نەتەوەی سەردەست بۆی دەرکەوتووە، کە ئەو ڕێگایانەی پێشتر پەیڕەویان کردووە و سیاسەتی فشاری جۆراجۆر و هەڕشە و بەکارهێنانی هێز، چارەسەری دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستان ناکات و ئاشتی لەو دەوڵەتانە نایەتەدی.

5ــ شوناسی حوکمرانی لەو دەوڵەتانە شوناسێکی لەرزۆکە و هەندێ جار ڕەوابوونی خۆی لە نێو نەتەوەی سەردەست لە دژایەتیکردنی مافی ڕەوای گەلی کوردستان دەبینێتەوە، بەڵام ئەم سیاسەتەش کورتبینە و تەواوی خەڵک لەو دەوڵەتانە بە نەتەوەی جیاوازەوە دووچاری پێشێلکردنی ئازادییەکان و زەوتکردنی مافی مرۆڤ دەبن.

6ــ بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕوونبۆتەوە، کە ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدان و پاراستنی ئاسایشی جیهان و پەرەپێدانی بازرگانی نێودەوڵەتی، بە نەهێشتنی چاوگەکانی بارگرژی و بە چارەسەرکردنی کێشەکان دەکرێت نەک هەڵپساردنی، لەم ڕوانگەیەوە پەرپرسیاری نێودەوڵەتی سەبارەت بە چارەسەری ڕەوای دۆزی نیشتمانی کوردستانی دێتە کایەوە و، گرنگە سەرجەم پەلەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان جەختی لەسەر بکەنەوە.

لەم ڕەوشە ناهەموارەدا کە دژ بە گەلی کوردستان و بزووتنەوە رزگاریخوازەکەی دەکرێت، خوێندنەوەیەکی واقیعبینانە و بە پشتبەستن بە پێداچوونەوەیکی ڕەخنەگرانەی کاری پیشوو، ئەرکێکی هەنووکەییە بەتایبەتی لە باشور و، لەم پرۆسەیشدا گرنگە پشت بە بەشداری جەماوەر و لێکدانەوەکانی ببەسترێت و توانای گۆڕانکاری لە شێوازەکانی تێکۆشان لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا هەبێت و کار بۆ یەک ریزییەکی بتەو، دوو لە بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی لە نێو لایەنە سیاسییەکانی بکرێت و، ڕچاوی تایبەتمەندی و بڕیاری سەربەخۆی سیاسییانەی هەر بەشێکی کوردستان بکرێت و هاوکاریکردنی دەسەڵاتی حوکمران لەو دەوڵەتانەی نەیاری گەلەکەمانن هێڵی سوور بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP