دواین هەواڵ

بە ڕێزگرتنی خواستی گەلان ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەقامگیر دەبێت

‌كاوە محمود

17/10/2023

لە رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023وە زنجیرەیەکی نوێی شەڕ و پێکدادان لە ناوچەی غەزە بە شاڵاوی لەناکاوی هێزی حەماس دەستیپێکرد و، لە ئەنجامدا جگە لە ژمارەیەک سەرباز و ئەفسەر لە هێزی سەربازی ئیسرائیل، کۆمەڵێک ژن و منداڵ و کەسانی سڤیل کوژران و بەدیلگیران.

حکومەتی ئیسرائیل لە یەکەم ساتەوە ڕەوشی جەنگی ڕاگەیاند و هێزی سەربازیی یەدەکی خۆی کۆکردوە و، دەستی بە جمجۆڵی سەربازی کرد و، ناوچەی غەزە تا وەکو ئەمڕۆ بە تۆپ و موشک و لە ڕێگای فڕۆکەوە بۆردومان دەکرێت و، حکومەتی ئیسرائیل ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریی لە ناوچەی غەزە بڕی و، ئەو شوێنە بە تەواوی گەمارۆدراوە و، هەزاران کەسی سڤیل بوون بە قوربانی و، خەڵکی غەزە دووچاری مەترسی ڕاگواستن دەبنەوە.

سەرەڕای جیاوازی هەڵوێستە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و، هەڵوێستى دەوڵەتە عەرەبییەکان و حزبە سیاسییەکان، جەنگى ئەم جارە کۆمەڵێک ڕاستیمان بۆ دەردەخات، لەوانە: گومەزی ئاسنی ئیسرائیل، کە گوایە موشەکەکان دەگەڕێنێتەوە و، ئامێری پەرەسەندوو و دەزگا ئەمنییەکان و سیاسەتی گۆڕانکاری دیموگرافی، توانای پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلیان نییە.

لە هەمان کاتدا بژاردەی ئاڕاستەی سەربازی بە ناوی بەرەنگاربوونەوە لە نموونەی ململانێی ئسیرائیل و فەلەستیندا، نەک یارمەتی پرۆسەی ئاشتی نەداوە، کە لەو ڕێگایەوە دەوڵەتی فەلەستین ڕایگەیەنرێت، بەڵکو لە ئاکامی ئەم بژاردەیە فەلەستینییەکان زیانی زیاتریان بەرکەوتووە و زەوی نوێیان دۆڕاندووە، لە کاتێکدا شیوازی بەرگرى و تێکۆشان بۆ جەختکردنەوە لەسەر دادپەروەرى دۆزی ڕەوای گەلان زۆرن و گرنگە لە پرۆسەی تێکۆشان و بەرگریدا هیچ بزوتنەوەیەکی رزگاریخوازی کار و کردەوەیەک وەک خۆتەقینەوە و گرتنی خەڵکی سیڤیل بەبارمتە ئەنجام نەدات کە بەرانبەرەکەیان بە ئاسانی بیانخاتە بازنەی تیرۆرەوە. دەربارەى گەلی فەلەستین یەکەمین هەنگاوەی بەرگرى بە یەکریزی و یەک هەڵوێست و یەک بڕیاری فەلەستینییەکان دەستپێدەکات، نەک دابەشبوونی دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین لە نێوان دوو زۆن، لە نێوان کەرتی ڕۆژئاوا و غەزە، نێوان ڕێکخراوی فتح و حەماس و ئیفلیجبوونی توانای هەڵبژارن و دامەزراوەکان.

بەشێکی دیکەی ڕاستییەکان پەیوەندی بە کات و شوناسی ئەم شەڕەوە هەیە، کە ناکرێ لە ڕەوشی سیاسی ناوچەکە و ململانێی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی دایبڕین.

لە ماوەی ساڵانی ڕابووردودا بارگرژی و ئاڵۆزییەکان تەنیا پەیوەندییان بە مەسەلەی فەلەستینەوە نەبووە، لە سوریا میلشیای ئیرانی و عێڕاقی و حزب الله ی لوبنان پشتگیری رژێمی ئەسەد دەکەن و، فرۆکە ئیسرائیلییەکانیش بە درێژایی ئەم ساڵانە ئەو میلشیانەی بۆردومان کردووە و، تورکیا بە بەردەوامی شەڕی ئیبادەکردنی دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندووە، جگە لە هێرشەکانی تورکیا و ئێران لە کوردستانی باشور و، حزب الله ی لوبنان دەوڵەتی قوڵی لە لوبنان درووستکردووە و جاربەجار ڕوکیت ئاراستەی ئیسرائیل دەکات و، هەندێک تەقینەوەش، کە لە ساڵانی ڕابووردوودا لە ناو ئێراندا ڕوویانداوە، حکومەتی ئێران دەستی تاوانی بۆ ئیسرائیل درێژ کردووە.

لە لایەکی دیکەوە پرۆسەی ئاسایکردنەوەی پەیوەندى نێوان ئیسرائیل و کۆمەڵێک وڵاتی کەنداو جێبەجێ بوو.

بەم جۆرە باس لەوە دەکرا، کە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکدایە، کە لەوانەیە لە 2024دا گڕبگرێت، بەڵام ئەوەتا لە کۆتاییەکانی 2023 بە شەڕی غەزە دەستیپێکرد و ئاڕاستەکانی نادیارن.

لەم ڕەوشە ناهەموارەدا، کە دەکرێ بڵین ڕەوشێکی شێتانە و ناعەقلانییە و لەگەڵ بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکەدا ناگونجێ و، بەداخەوە لە ڕێگای گوتاری ڕق و قینە و شەڕی ئاینی و بیرۆکەی جیهادەوە خەڵک دەبنە قوربانى.

ئەم ناوچەیە پێویستی بە گوتارێکی لۆجیکی و عەقلانی هەیە، کە ئەمەش ئەرکی هێزە دیموکراسی و پێشکەوتنخوازەکانی ئیسرائیل و فەلەستینییە بە پلەی یەکەم و، بە پشتگیری سەرجەم هیزی دیموکراتی ناوچەکە و ڕای گشتی جیهان بە پلەى دووە بۆ بەرقەرارکردنى ئاشتییەکی دادپەروەرانە و چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستنین لەسەر بنەمای دوو دەوڵەتی دراوسێ و بەپشتبەستن بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەم بوارە و، زەمینە خۆشکردن بۆ ئەوەی گەلانی ناوچەکە بە هەماهەنگی یەکتر لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەمەلایەنە بەشداربن.

حزبمان لە بازنەی داخراوی شەڕ و پێکدادانێکدا وەک ئەوەی لە غەزە ڕووی دا، ناڕوانێتە عەدالەتی دۆزی ڕەوای گەلی فەلەستین و پێداویستی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ئەم دۆزە. فەلەستینییەکان مافی خۆیانە دەوڵەتی نیشتمانی خۆیان هەبێت و ئیسرائیلییەکانیش مافی خۆیانە لە دەوڵەتی خۆیان بە ئاسایش بژین. لەلایەکى دیکەوە وروژاندنی ڕای گشتی کوردستان و هاوسۆزی درووستکردن سەبارەت بە بابەتی ئەم شەڕ و ماڵوێرانییەی غەزە، کە هەزاران خەڵکی سڤیل بوونەتە قوربانی، ڕێگای گونجاوی پشتگیرکردنی گەلی فەلەستین بۆ درووستکردنی دەوڵەتی نیشتمانی خۆی نییە و لە هەمان کاتدا ئەو ئاراستەیە نییە کە گەلی ئیسرائیل لە ڕەوشێکی ئاسایشدا ژیان خۆی بەسەر بەرێت.

ڕێگای ئاشتی و ئاسایش و گەشەپێدان و بەیەکەوەژیانی گەلان بە ڕێزگرتن لە بڕیاڕی سەربەخۆخوازانەی گەلان دەستپێدەکات و، لە میانەدا ئاماژە بۆ ئەو ڕاستییەش دەکەین، کە گەیشتن بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا بە چارەسەرکردنی دۆزی گەلی فەلەستین تەواو نابیت. گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەی نیشتمانەکەیدا خاوەنی دۆزێکی ڕەوایە و بە چارەسەرێکی دیموکراسی و ئاشتی بە شێوەیەکی عادیلانە، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابین دەکرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP