سەرەتا ئیمان دروستدەبێت، ئینجا یاسا دروست دەبێت، پارێزگاری کردن لە یاسا، چەسپاندنی یاسا، ئیشکردن بە یاسا، فێنۆمێنێکی ئیمانییە.
دەوڵەتی بێ بڕوا، دەوڵەتێکی سەقامگیر نییە، بەڵکو لەرزۆک و لاوازە، تاریک و پڕ شەبەحە، ئەوەی لە دەوڵەتی بێ ئێمانەکاندا حوکوم دەکات، شەبەح و سێبەرە، شەبەح و فانتۆمەکانی ناوەوەیە، بۆیە دەوڵەتێک حکومەتەکەی شەبەح ئاڕاستەی بکات، شەبەح بڕیاری پێبدات و شەبەح بیخاتە جەنگەوەو لە جەنگ دەریبێنێت، ناتوانێت پارێزگاری لە دەستور و یاسا بکات، چونکە دەستور و یاسا عەمەلییەی ڕەوانەکردنی بیرۆکەن بۆسەر کاغەز، هەموو جۆرە نوسراوێکیش نوسراوێکی ئیمانییەو بە باوەڕی قوڵی خاوەنەکەیدا دێت و خاوەنەکەی هەرگیز ناتوانێت لە ڕوویدا خۆی بە بەرپرسیار نەزانێت.
دەوڵەتی عێراقی، دەوڵەتێکی بێ ئیمانە، دەوڵەتێکە بڕوای تەواوی بە هیچ شتێک نییە، نە بە چەمکی پیرۆزی هاوڵاتی بوون، نە بە چارەسەرە فیدراڵییەکان ، نە بە دیموکراسی و هێما شکۆدارەکانی ئازادیی.
ئەم دەوڵەتە بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتێکی گوێلێگیراو دەبێت خۆی لە چڵکی شەبەحەکانی بشۆرێ و ئیمان بێنێتەوە، چونکە دەوڵەتی بێ ئیمان، دەوڵەتێکی فرۆشراوە، عەقدی لەگەڵ هیچ پیرۆزییەکی خۆیدا نییە، بە شێوەیەکی جیدی ناتوانێت دەسەڵاتەکانی خۆی بپارێزێت، دەوڵەتی بێ ئیمان وەک مرۆڤی بێ ئیمان وەهایە، ناتوانین چارەنووسی خۆمان بخەینە دەستییەوەو هیچ ئەگەڕێک نییە سبەینێ کەلەسەر مان بە نابودترین دەسکەوتی کۆمیدی نەفرۆشێت..