پێم وایە هەرکەسێك پێی وابێت ئەمریکاو ئیسرائیل لەم قۆناغەدا، بەبێ تاووتوێکردن ولێکتێگەیشتنی پێشوەختەو لانی کەم ئاگا لەیەکبوون، هیچ هەنگاوێك دەنێن، بەهەڵەدا چووە. چونکە ئەمریکییەکان بەهێزەوە لەپشت ئیسرائیلەوە وەستاون. هەرچیش دەکەن دەچێتە خزمەت بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانیانەوە. ئەگەر جیاوازییەك لەنێوانیاندا هەبێت، لەسەر هەندێ میکانیزم و چۆنییەتی ئیدارەدانی ململانێکان و مانۆڕو کاتبەندی و رۆڵ دابەشکردنەکانە، نەك ئامانج و ستراتیژەکان.
نەخشەکەی سەرۆکی ئەمریکاش بۆ ئاگربەست و مامەڵە کردن لەگەڵ دۆخی ئێستای غەززە دەچێتە هەمان چوارچێوەوە، بەجۆرێکی تر پێداگرتنە لەسەر بەدیهێنانی ئامانجەکانی ناتەنیاهۆ لەجەنگەکەی لەغەززەدا. ترەمپ داوای خۆهەڵوەشاندنەوەی حە؛ماس، هەڵتەکاندنی ژێرخانە سەربازییەکەی وخۆڕادەستکردن وڕاگەیاندنی خۆبەدەستەوە دانی دەکات، ئەمەش دەبێتە ئەرکی ئەوهێزو ئیدارە راگوزەرییەی کەبریارە بەگوێرەی نەخشەکە پێکبێت، کشانەوەی ئیسرائیلیش قۆناغ بەقۆناغ، یەکسانە بە دەرگاکرانەوە لەبەردەمیدا بۆئەوەی هەرکاتێك ویستی بەبیانووی پیادەنەکردنی ڕێکەوتننامەکە، جەنگەکە دابگیرسێنێتەوەو نەخشەکەی بۆ دوارۆژی کەرتەکە بباتە پێش. بۆیە وادەبینم ئەم نەخشەش هاوشێوەی رابردوو بەشێکە لەرۆڵ دابەشکردن وئیدارەدانی ململانێکان بەقازانجی ئیسرائیل.
ئامانجی نەخشەکەئەوەیە ئەوەی ئیسرائیل دەیەوێت بەجەنگ بەدیبهێنێت بەم نەخشەو بەئاشتی دەستی بکەوێت، بەوەش بەشێ لەوفشارەشی لەسەر سووك ببێت، کە دەوڵەتانێکی زۆرو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان وکۆمەڵگەی مەدەنی جیهانیی خستوویانەتە سەری. خۆئەگەر ح م ئامادەی ئەمەنەبوو، نەخشەکەی رەتکردەوە یاخوود دواتر ئەوهێزوئیدارەی بریارە درووست ببێت ئەم کارەی لەگەڵدا پێنەکرا، ئەوا ئەمریکاو ئیسرائیل بەجیهان دەڵێن ئەوە حە ئاشتی رەتدەکاتەوە بۆیە گەلەکۆمەکی کردن لەسەری بۆ لەناوبردنی ورزگارکردنی غەززەییەکان لەم دۆخە کارێکی ئەخلاقییە؟! ئەمە جگەلەوەی مەسەلەکە تەنها لەسەرئاستی غەززەدا سەیرناکرێت و هەڵناسەنگێنرێت، بەڵکو پێویستە ببەسترێتەوە بەکۆی ململانێ وبەرەکانی جەنگەوە لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوڕاستدا، لەوانەش، کۆماری ئیسلامی ئێران؟