سەرەنجام ح م س بەنەخشەکەی ترەمپ ڕازی بوو. بزووتنەوەکە لەبەردەم دووڕیانێکی سەختی مێژوویدا بوو، بژاردەی لەبەردەمدا نەمابوو، ئەوەی بەدوو بژاردە دەهاتە پێش چاو لەجەوهەردا هەریەك بژاردە بوو ، چونکە سەبارەت بەخۆی لەهەندێ ئاستدا هەمان چارەنووسی لێدەکەوتەوە، بەواتایەکیترو بەزمانێکی ئوسوڵیی، لەبەردەم دوو زیاندا بوو، ئەمەی ئێستای بەزیانە کەمترەکە زانیوە. دەربرینەکانیشی بۆ ئەوبەشەی نەخشەکە پەیوەندی بە ئایندەی غەززەو فەلەستینەوە هەیە، لانی کەم لەرووی تیۆرییەوە، زیرەکانە فرێداوەتە ناو بازنە نیشتیمانییە فراوانە فەلەستینییەکەوە.
لەهەموو حاڵەتێکدا پێم وایە، ئاسان نەبوو نەخشەکە رەتکاتەوەو رێگەکەی تر هاوشێوەی جاران درێژە پێبدات، لەبەرئەوەی جگەلەوەی لەخۆگرە ناوچەییەکانی لەدەست دەدا، لێپرسراویەتێکی گەورەشی دەخستە ئەستۆ، زیان و تراژیدییەکانی زۆرترو گەورەتر دەکردەوەو شکستەکەش بۆخۆی وفەلەستینییەکانیش گەورەتر دەبوو.
ئیدی ئەوەی رووشیدا، لانی کەم بەوجۆرەی لەدووساڵی رابردوودا بینیمان کەبەکارەساتێکی گەورەی مرۆیی لەقەڵەم دەدرێت، کۆتایی پێهات، گەیشتینە کۆتایی ئەم هەڵقەی چیرۆکێکی درێژتر لەوەی روویدا، کەچیرۆکی خەبات و ئازاری فەلەستینییەکانە. لێرەشەوە کاتی خوێندنەوەو هەڵسەنگاندن و پەندلێوەرگرتن لەوەیە روویداو بەخوێنی دەیان هەزارو وێرانەیەکی گەورەو ئازایەتی لەخۆنیشاندنێکی ئەفسانەیی بێ ئاسۆی سیاسی تەواو بوو.
هەڵبەت هێشتا زووە بزانین داخۆ بەتەواوەتی وکوت و مت لەسەرزەوی چی روودەدات ، چونکە هەل ومەرجە مەیدانییەکە ئاڵۆزەو پیادەکردنی خاڵەکان و سەرخستنی نەخشەکە هەوڵ ورەنجی زۆری دەوێت و ئیسرائیلییەکانیش لەهەندێ مانۆرکردندا هونەرمەندن، بۆیە دۆخەکە قابیلی بگرەبەردەو هەڵکشان و داکشانە، بەڵام ئەگەر شەریش نەگرێت و شەر دەستپێبکاتەوە بەتایبەتیش بەهۆی ئیسرائیلییەکانەوە ئەم هەڵوێستە بۆ ح س دەبێتە خاڵ تۆمارکردنێکی تەکتیکیی پێویست. هەرچی پەیوەستیشە بە جەنگەکە لەسەرئاستی ناوچەکەدا پێ ناچێت تەواو بوو بێت و بەئەگەری زۆرەوە درێژەی دەبێت؟.