دواین هەواڵ

بۆچی ئۆجەلان پەیامی بۆ هەڵوەشانەوەی هەسەدە نەنارد؟

‌كارزان گلی

3 رۆژ پێش ئێستا

توركیا هیچی دەستنەكەوت لە رۆژئاوای كوردستان، بۆیە پرسی چارەسەریی لە توركیا پێشوەچوونی بەخۆیەوە نەبینی، بە كورتی (هێواش كرا). دیارە بەڕێز ئۆجەلان هەستی بەوە كرد پڕۆسەكە لەسەرخۆ دەڕوات، بۆیە داوای لە پەكەكە كرد لە هەنگاوی دووەمدا، هێزەكانیان لە تەواوی خاكی توركیا بكشێننەوە.

پێشتریش گوتوومە و دەیڵێمەوە، توركیا سیاسەتی بەرامبەر بە رۆژئاوا توند بێت و هەوڵی لەناوبردنی هەسەدە بدات، پرسی چارەسەری لە توركیا پەكی دەكەوێت، ئەو دوو پرسە بەیەكەوە بەستراوەتەوە، جیا نابنەوە. پرسی رۆژئاوا و باكووری كوردستان، گیانێكن لە دوو جەستەدا، بەڵام توركیا پێیوایە دوو گیان و دوو جەستەن.

باخچەلی هەوڵی زۆریدا تا فشار بخاتە سەر بەڕێز ئۆجەلان بۆ ئەوەی داوا لە هەسەدە بكات چەك دابنێت و خۆیان هەڵوەشێننەوە، ئەمەی بۆ نەكرا، بۆیە پرسی چارەسەری لە توركیا هەنگاوی كرداری نەنا و تەنیا لە چوارچێوەی برایەتی تورك و كورد سووڕدەخواتەوە.

دەبێت توركیا قبوڵی بێت رۆژئاوای كوردستان ببێتە دراوسێی و ئاڵوگۆڕی بازرگانیان لەگەڵدا بكات، سوودی بۆ هەردوو لا دەبێت و لەكۆڵ بەڵای تیرۆریش دەبنەوە، پرسی سووریاش بەرەو چارەسەری دەچێت و شەر كۆتایی پێدێت و بەفیدڕاڵییەت بۆ كورد، سووریا پێشوەچوونی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.

هەرێمی كوردستان نموونەیەكی زیندوو و گرنگە بۆ توركیا، چونكە لە ١٩٩١ توركیا دژی ئەوەبوو كورد ببێتە خاوەنی حوكمی زاتی و دەیانگوت كاریگەریی لەسەر جیابوونەوەی باكوور دەبێت، ئێستا ساڵانە بە بەهای ١٣ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ دەروازەكانی هەرێمدا هەیە و هەرێم نەك نەبووەتە كێشە، بەڵكوو نموونەیەكە بەگرنگەوە لە توركیا باس دەكرێت.

بۆ ئەوەی چەكەكان بێدەنگ بن، پێویستە توركیا بۆ فیدڕاڵییەتی رۆژئاوای كوردستان بێدەنگ بێت و دەستی دۆستایەتی بۆ درێژ بكات، بەپێچەوانەوە پرسی چارەسەریی لە توركیا دیسان تێكدەدرێت و رەنگە لەسەردەمی ئاكەپەدا نەیەتەوە بەرباس.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP