دواین هەواڵ

بەم تفەنگە گوللە ناتەقێ

‌تەنیا کوردی

03/02/2023

تفەنگی کورد، بەدرێژایی مێژوو گوللەی پڕ ئاشتی لە مەخزەندا بووە، سەرباری شەڕ لە شاخ و شار، بەڵام ھەمیشە ئەم تفەنگە گوللەی ئاشتەواویی تەقاندووە، تەبایی دروستکردووە، بەڵام ئێستا خەلەلێک ھەیە، ئایا ئێمەی ئاشتی خواز ئێمەی پێشەنگ لە ناوچەکە بۆ دیموکراسیەت و ئاوەدانی، ئێمەی پێشەنگ لەناوچەکە بۆ تەبایی، ئێمەی حوکمڕان بۆ ئەم ئەزموونە لە شار، بۆ ھێندە لەم قۆناغەدا پەرتەوازەین!

دەبێ چ دیزاینێک ھەبێ لەوەی تفەنگی سیاسی ئێمە لولەی لەسەنگەری پێشەوە سوڕاندبێ و نیشانەی لە نێو ماڵی خۆی گرتبێ؟! ئەم ھەڵە تێگەیشتنە لەکوێ سەرچاوەی گرتووە، ئەم تفەنگەی لە شاخ سەرکردەی زیندوو شەھید ئیدریس بارزانی لولەکەی بە ژیری و  فکری کوردستانیانە، قەدەغەی کرد کە گوللە لە جەستەی یەکتر بگیرێ، نەیھێشت ئومێدو ھیوای گەلێکی ستەملێکراو لە داھاتوو خوێنی لێ بچۆڕێ، ئاشتەوایی ھێزە سیاسییەکانی دروستکرد و، وەک ئەندازیاری ئاشتی نەخشەی ھێزە سیاسییەکانی گۆڕی بۆ یەکریزی، ئەم تفەنگەی سەرۆک بارزانی و مام جەلال شەڕی کورد لەگەڵ کوردیان پێ حەرام کرد و، سەرۆک بارازنی قۆناغەکەی گەیاندە ریفراندۆم، ئەو تفەنگەی کە نێچیرڤان بارزانی لە شانی ھێزە سیاسییەکانی ھێنایە خوار و قۆناغی متمانەی دروستکرد و، سەنگەری ھێزە سیاسییەکانی لەیەکتر گۆڕی بۆ قۆناغی پێکەوەکارکردن و متمانەو ئاوەدانی، ئێستا بۆ دەبێ جارێکی تر ئەم تفەنگە مەخزەنەکانی پڕ فیشەک بکرێتەوە و لولەی بۆ نێو ماڵی خۆمان بێ.

بەویستی خۆمان کێشە دەخولقێنین، یان کێشەکان لە دەرەوە دێن؟ لەم شەڕەی بەدرێژایی مێژوو کە مەحکومین بە جوگرافیا، وانەمان وەرگرت؟ مێژوومان و جوگرافیامان بریندارە لە زامی قەزیەیەک کە باجی کوردبون و کوردستانی بوون دەدەین، ئایا تیماری ئەم زامەمان کرد؟ ئایا تێدەگەین کە ھێشتا دەخرێینە شەڕ، وەک قەوارەی ھەرێمی کوردستان، لە شەڕی سەربازی، بۆ شەڕی تیرۆر و بۆ شەڕی میلیشیا، ئێستا لە شەڕی یاساداین،  ئەمانە جەنگی گەورەن لە ناوچەکە کە ھەرجارەو بە بیانویەک یەخەی ئێمەی کوردی پێدەگرن.

جەنگی ئەم جارە ھی یاساییە، کە لە بەغدا لە دژمان بەرپاکراوە رەنگە بەرگێکی ئیقلیمی ھەبێ، بەڵام بۆشایی یاسایی گەورە لەنێو ماڵی خۆماندا ھەیە، شەڕ بە باوەڕەوە دەکرێت، شەڕ بۆ نیشتمان دەکرێت، بۆ قەوارەی ھەرێم دەبێ ھەندەسەی شەڕی نوێ فێربین، کەچی ھێشتا ھەندێ لە ھێزە سیاسییەکان، لە جیاتی سەنگەری شەڕکردن بدۆزنەوە کە چۆن بەیەکریزی و تەبایی دەتوانین، ئەم ئەزمونە سەرخەین، ئەم قەوارەیە بپارێزین، کەچی شەورۆژ بۆ دروستکردنی شەڕی یەکتر،  تەکبیر دەکەن.

بردنەوەی ئێمە لەم جەنگەی بۆمان تەوقیتکراوە سێ ھەنگاوی ئاسانە نە زیاتر:

-تێبگەین کە ئیتر دەبی بەیەکەوە ئەم ماڵە گەورەکەین، نەوەک دوو ماڵی بچوک.
-تێبگەین کە دەبێ ھەڵبژاردن بکەین.
-تێبگەین کە دەبێ پێشمەرگە رێکخەینەوە.

ئیتر کە دێینە سەر ھەڵبژاردن، رای گشتی وەک جاران نییە کە ھێزە سیاسییەکان لە کێبرکێی یەکتردا خەڵک کەسب کەن، ئێستا ھێزە سیاسییەکان لە شەڕی یەکتردان، جەماوەر لە شەڕی سەرجەم ھێزە سیاسییەکان دایە خەلەلێک ھەیە، ئەم خەلەلە دەبێ بۆچی جەماوەر بێزاربێ؟ ئەم ھێزە دەتوانێ سەرکەوێ کە خۆی لەگەڵ جەماوەر ئاشتدەکاتەوە، کەمینەیەکی سیاسی ناکرێ بیرکردنەوەی زۆرینە لەبەرچاو نەگرێت، ناکرێ تاوانە، گوناحێکی سیاسی گەورەیە لەپای ئەم ئەزمونەی کە ھاتووە، کەمینەیەکی سیاسی ببێتە بێزاری خەڵک، خەڵکێکی زۆر  لە راپرسییەکاندا بڵێن، قەوارەکە ھەڵبوەشێتەوە و بچینەوە سەر بەغدا.

ئاخر کامە بەغدا؟ ئێمە راستە دەبێ لە بەغدا سیاسەت بکەین و ھاوسەنگی راگرین، بەھێزبین، بەڵام ھەرگیز نابێ رادەستبین،  کاتی ئەوە ھاتووە کە دەبێ لەم خەڵکە تێبگەین، ئەم شەڕە سیاسییە رابگرین، کاتی ئەوە ھاتووە کە تەسفیەی ئەمنی و ئابووری سەر یەکتر رابگرین،  ئەگەر سنوورێک بۆ ئەمە دانەنێین، ئیدی زۆر ئازاربەخشە خەڵک لە جیاتی لەگەڵمان بێ، دەنگی بخاتە پاڵ بەغدا بۆ زیانگەیاندن بەم ئەزموون و دەسکەوتەی ھەیە.

ئەم ئەزموونە بە تفەنگی شۆڕشگێڕو قارەمانەکان، شەھیدو دڵسۆزەکان گەیشتە شار، ئێستاش بۆ ئەم گەلە باشترین وەفاداری ڕێگرتنە لە پەرتەوازەیی نێو ماڵی کوردستان و، بەم تفەنگەی کە ئێستا لە شانی ھێزە سیاسییەکانە کە لولەی لەیەکترە، گوللەی پێشکەوتن و پارێزگاری بۆ بەرژەوەندی ھەرێم لێ ناتەقێ،  پیویستە جارێکی تر، لولەی ئەم تفەنگە لە سێرەگرتن لەیەکتری لادەین، بگەڕێینەوە بۆ یەکتر و دیالۆگێک بۆ یەکترخوێندنەوە رابگەینین و رێککەوین، خۆ ئەگەر وانەکەین، ئیتر ھەموومان بەیەکەوە زەرەر دەکەین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP