کەمپەینی سەرۆکایەتی تورکیا لە 10ی ئازارەوە بە فەرمی دەستی پێکرد و سەرۆک ڕەجەبی تەیب ئەردۆغانیش کە بۆ سێیەم جار خۆی کاندید دەکاتەوە، ئێستا دەزانێت ڕکابەرە سەرەکییەکەی کێیە،
کەمال کیلیچدارئۆغڵوی ، 74 ساڵانە، پاشخانێکی بیرۆکراتی هەیە، زۆربەی کات لەلایەن چاودێرانەوە بە ڕکابەرە سەرەکییەکەی ئەردۆغان و میراتگری کەمالییەت و عەلمانییەتە تایبەتەکەی تورکیا وەسف دەکرێت، ئەو لە لایەن کوتلەی شەش قۆڵی یان هاوپەیمانی شەش لایەنەوە دوای چەند هەفتەیەک لە دانوستان و گفتوگۆی چڕ وەک سەرکردەو سەرکێشی ئۆپۆزسیۆن دیاریکرا.
کوتلەکە، پێش هەڵبژاردنی 2023 پێکەوە کاردەکەن ئامانجیانە گرەوی هەڵبژاردن لە سەرۆککۆمار ئەردۆغان ببەنەوەو سیستەمی پەرلەمانی بگێڕنەوەو تورکیا بخەنەوە سەر ئەوسککەیەیی کە پێشتر لە چوارچێوە عەلمانی و نەتەوەییەکەی تورک لەسەری دامەزراوە، جگە لە ستراکچەری دەوڵەت سیاسەتەکانیشی بریتی بێت لە کەمتر پەلهاویشتنی ئیسلامیانەی عوسمانیانە، بەڵکو پتر بەهێزکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی بێت، کەمتر پەیوەندی دەرەکی لەگەڵ گروپەکانی سونی لە عێراق، فلستین، یەمەن و لیبیا بێت، بەڵکو زیاتر کاری دیپلۆماسی دەوڵەتی بێت، هەموو ئەم گرەوانە ئاسان نین تا ئەردۆغان سەرۆک کۆمار بێت.
شەش قۆڵییەکە ڕایدەگەێنێت کە (بوونی ئەردۆغان و هەڵەکانی مایەیی قەیران و هەڵاوسان بوەو دەبێت) وبەڵێنی ژیانی چاکتر بەخەڵکەکە دەدەن.
هەرچەندە سەبارەت بە ڕۆڵی ئابوری لە هەڵبژاردنەکانی تورکیاو کاریگەری لەسەر تێڕوانینی دەنگدەران، ئوپوزسێۆن هێشتاش ناتوانێت ململانێی ئەردۆغان و پارتەکەی بکات، چونکە تۆماری ئوپۆزسیۆن تەقلیدی تورکیا لە شەست حەفتا ساڵی تورکیادا کە دەسەڵاتیان لە دەست بووە تۆمارێکی پڕ لەشکستی ئابورییەو هێشتاش لە بواری ئابوری دۆخی لایەنگرانی ئەردۆغان چاکترەو خاوەنی وێنەیەکی ئابوری شیاوترن، لەم هەڵبژاردنەیشدا تا ئێستە پارتی گەلی کۆماری CHP و پێنج لایەنەکەی دیکە پێشنیاری هیچ پڕۆژەیەکی ئابوری گرنگیان نەکردووە. ئەمەشە وادەکات بڵێین شتێکی بۆ دەنگدەری گەنج نەگوتووە.
لەوانەیە ستراتیژییەتی شەش قۆڵی ئۆپۆزسیۆن کەجەخت لە گۆڕینی سیستەمی سیاسی و بابەتی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی دەکاتەوە لەئەمڕۆدا کە سەدان هاوڵاتی لە سڕەی بەدەست هێنانی کیلۆ گۆشتێکی نرخ هەرزاندان زۆر کاریگەر نەبێت، ڕاستە ئۆپۆزسیۆن چەندین جار جەختیان کردۆتەوە کە پابەندن بە گەڕاندنەوەی پێکهاتە رەسەنەکەی تورکیا لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەڕلەمانی، بەڵام جەخت دەکرێتەوە کە لەهەموو ئەمانە زیاتر کاریگەری لە سەر تێڕوانینی دەنگدەران زەقکردنەوەی هەڵەکانی سەرۆک کۆمارە زیاتر لە باسکردنی کرۆکی یان چۆنییەتی سیستەمی سیاسی.
پرسێکی دیکە بریتیی لە سیاسەتی دەرەوە کە کاریگەری گرنگی لەسەر سیاسەتی ناوخۆی تورکیا هەیە شارەزایان باسی ئەوە دەکەن کە سەرۆک ئەردۆغان سیاسەتی دەرەوەی وەک ئامرازێکی توندوتیژانە بەکارهێناوە بۆ نمونە هێرشەکانی تورکیا لە سوریا و عێراق. هەروەها تێوەگلانەکانی لە باکوری ئەفریقا و ئازەرباینجان و ئەرمەنستان
بەمەش کوتلەی دەنگدەری ناسیۆنالیستی خۆی بەهێز کردووە و ڕای گشتی لە بەرژەوەندی ئەودا کۆکردۆتەوە، لەوانەشە ئەمەبێت کە ئەردۆغان کارتی نەتەوەپەرستی خستۆتەدەست خۆیی و ئەم کارتەشی وەک کارتی ئابوری لەدەستی ئۆپۆزسێۆندا لاواز کردووە،
- پرسی کورد،
ئۆپۆزسێۆن بە ئومێدی ئەوەن بەهۆی پاڵاوتنی کەمال کیلیچدارئۆغڵو بتوانن دەنگی کورد بۆهاوپەیمانییەتییەکەیان کۆبکەنەوە ، ناوبراو خەڵکی ناوچەی دێرسیمە کە زۆرینەی کوردە و ئەندامی کەمینەی عەلەویە، ئەو پێی وایە بە پێی پرۆفایلی خۆی دەتوانێت دەنگی کورد بەدەست بهێنێت
- ڕاپرسییەکان
ڕاپرسییە سەرەتاییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 14ی ئایار پێمان دەڵێن کەمال کیلیکدارئۆغڵو، ڕێبەری CHP ،کە بە کاندیدی هاوپەیمانی نەتەوەیی ناونراوە، لە پێش سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی دێت، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی راوێژکاریی ماک، ئەنجامی دوایین ڕاپرسییان بڵاوکردەوە کە بەگوێرەی ئەوان کلیچدارۆغڵو لەسەدا 47 و ئەردۆغان لەسەدا 42ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. R-G وای دەست کەوتووە کە هەڵبژاردنەکە دەچێتە خولی دووەم بەپێی ئامارەکە، کلیچدارۆغڵو لەسەدا 46.2 ئەردۆغان لەسەدا 43.1ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت.
لە 10ی ئازار لەلایەن PAR ئەنجامێکی سەرنج ڕاکێش ڕاگەیەنرا کەوا کاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی کلیچدارۆغڵو لەسەدا 57.1ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، هاوکات ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمارییەکان لەسەدا 42.9 ، PAR لە ڕێگەی چاوپێکەوتنی تەلەفۆنی بە یارمەتی کۆمپیوتەر (CATI) بە بەشداری هەزاران کەس لە 12 پارێزگا ئەنجام دراوە.
لە ڕاپرسیەکەی ALF دا، جیاوازیەکە 10.2خاڵ بوو.
لە ڕاپرسیەکەدا، کلیچدارۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی، لەسەدا 55.1ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، هاوکات کاندیدی هاوپەیمانی سەرۆکایەتی ئەردۆغان لەسەدا 44.9 مایەوە.
کاتێک تەماشای کاندیدەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 24ی حوزەیرانی 2018دا دەکەین دەبینین کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 24ی حوزەیرانی 2018دا، رەجیب تەیب ئەردۆغان بە 52.4 لە سەدی دەنگەکان لە خولی یەکەمدا بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا.
دەزگەو کۆمپاناکانی ڕاپرسی لە تورکیا ڕۆڵێکی گرنگیان لە نیشاندانی ئەگەرەکان هەیە، حساباتی زۆریان لەسەر دەکرێت هەرچەندە ئارگومێنتەکانی ئوپۆزسێۆن لاوازن و هێشتاش بەرامبەر دەسەڵات و توانا بیروکراتییەکەی بەهێز نین، لە گەڵ ئەوەشدا لە ناو ئەوپەڕی ژیان سەختی و گوماندا ، هەڵاوسانی پارەو وبازاڕو کارەساتەکانی سروشتی و نەبوونی دەست پێشخەری پێویستی دەوڵەتدا ڕاپرسییەکان ئاماژە بەسەرکەوتنی ئۆپۆزسێۆن دەکەن ئەمەش وادەکات لەکۆتایدا جەخت بکەمەوە ئەگەر پێش بینییەکان بەم شێوەیە لە بەرژەوەندی ئۆپۆزسسۆن بن دوور نییە هەڵبژاردن هەندێک دوابخرێت.