دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 27/01/2021

گوڵی بیابان..قەتەر لە بیابانەوە بۆ حکومەتی ئەلکترۆنی و ئایکڵاود

هاورێ تۆفیق
بەھۆی پەتای کۆرۆناوە زۆربەی حکومەتەکانی دونیا رووبەڕووی قەیرانی بەڕێوەبەردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بونەوە، بەڵام ئەو حکومەتانەی کەبونەتە حکومەتی رەقەمی، تارادەیەکی باش بەسەر ئەو کێشەیە سەرکەوتوو بوون و لە ئێستایا بیر ئەکەنەوە کە چۆن زیاتر بەرەوپێشەوەی ببەن.
دەوڵەتی قەتەر بەرنامەی( تێڕوانینی نیشتمانی٢٠٣٠) دارشتوە، تایبەتە بە دیدوتێروانی دەوڵەت بۆ بەدیھێنانی پێشکەوتن و گەشەپێدانی بەردەوام sustainable development، کەبەھۆیانەوە سەربەرزی و خۆشگوزەرانی بۆ نەوەی ئێستاو داھاتوو مسۆگەربکات. بەرنامەیەکی وەبەرھێنانی ئازایانە کە ھەوڵئەدات چوار پایەی سەرەکی و پێکەوەلکێنراو بەیەکەوە پێشبخات لەسەر ئاستەکانی( ئینسانی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، ژینگەیی).
لە پلانی قەتەر سمارت، کارئەن وڵاتەکەیان بگاتە لوتکەی حکومەتی ئەلکترۆنی. تازەترین تەکنۆلۆژیای ژمارەیی بەکاربھێنن.
قەتەر، ئێستا بوو بە یەکێک لەو وڵاتانەی چۆتە چوارچێوەی خزمەتگوزاری مایکرۆسۆفت ئەزور Microsoft Azure ، ئەو خزمەتە بابەتێکی وردوھونەری دونیای بەرنامەسازی کۆمپیوتەرە، بۆ روونکردنەوەو ناساندنی ئەو خزمەتەی مایکرۆسۆفت . بە کورتی روونی ئەکەینەوە، کۆمپانیا مایکرۆسۆفت لەساڵی٢٠٠٨ ئەم بەرنامەیەی دەرکردو لەساڵی ٢٠١٢ دایخست، جارێکی تر لەساڵی ٢٠١٤ دەستیپێکردەوە، بەرنامەکە خزمەتگوزارییەکی کۆمپوتەریی ئایکڵاودە، بەھۆیەوە پلاتفۆرمی ھەیە و چەندین ئەپت بۆ ئەکاتەوەو زانیاریەکان بەسەنتەرەوە  ئەبەستێتەوە .لەھەمان کات توانای شیکردنەوەو لێکدانەوەی زانیارییەکانیشی ھەیە، بۆ ئاسانی تێگەیشتنی ئەم خزمەتە، نمونەیەکی زیندوو ئەھێنینەوە، وڵاتێک ئەیەوێت ئامێرێکی پیشەسازی تازە دروستبکات ، ئەم بەرنامەیە یارمەتی بە پێدانی بەزانیاری و تێستکردن و خزمەتگوزاری رۆبۆت پێشکەشئەکات. بێگومان بواری ئەم خزمەتە زۆر فراوانە تەنانەت بەھۆیەوە ئەتوانرێ سوتەمەنی بەکارھاتوی فرۆکە کەمبکرێتەوە، ھەروەھا پێشبینیکردنی خراپی کەشوھەواش بکرێ.  سیستەمی مایکرۆسۆفت ئاێکڵاو لەڕووەکانی ئاسایشەوە زۆر پارێزراوە. کۆگای ئاوی ھۆڵەندا PWN ئەم خزمەتە بەکارئەھێنێ بۆ پارێزگاری لەسەرچاوەکانی کۆکردنەوەی ئاو لە مەترسی کەمبونەوە بەھۆی گۆرانکارییەکانی کەشوھەواوە. 
باسکردنی ئەم بابەتە دوو باسی گرنگ ئەھێنێتەوە بەرباس، ئەوانیش؛
یەکەم: وڵاتێک ئەگەر بەشۆرشی پیشەسازی و پرۆسەی ڕێنیسانس ھاوشێوەی ئەوروپا تێ نەپەڕێ ، ئەتوانێ پێشبکەوێ؟ دەوڵەتی قەتەر و ئیمارات و مالیزیاو سەنگاپورە، وەڵام نین بۆ ئەو پرسیارو گریمانەیە؟
دووەم: سەرکردە بەمانا مۆدێرنەکەی کەپێی دەڵێن لیدەر ،نەک سەرۆک بەمانا کلاسیکیەکەی ، ئایا ئەو توانایەی ھەیە کە وڵاتەی پێشبخات لەگەڵ ئەوەی گەلەکەشی دواکەوتوو بێ؟ 
 بێگومان ئەزمونی کەنداوی فارس کە عەرەبەکان پێی ئەڵێن کەنداوی عەرەب لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ئاسیا ، ئەزمونێکی گەورەو گرنگن، کەناکرێ تەنیا بەچاوی کۆپیکردن و دروستکردنی باڵەخانە بیانبینین، چونکە لەئێستایا ئەوان ئەو  قۆناغەیان تێپەڕاندوەو خەریکی دروستکردنی پێشکەوتوترین سیستەمی بەڕێوەبەردنن. راستە لەرووەکانی مافی مرۆڤ و ئازادییەکانەوە پێشێلکاری ھەیە ، بەڵا ئەگەر بەشێوەی ڕێژەیی تاقیکردنەوەیان بۆ بکەین، ئەوا لە پێشکەوتنا نمرەی بەرزیان بەدەستھێناوە . 
کە ھەواڵی ئەم پێشکەوتنە تازەو بەردەوامەی قەتەرم بیست ، فێنکایی بەناودڵما ھات و زۆر پێی دڵخۆش بووم، بیابانێکی گەرم و وشک، بۆتە چی؟ لەھەمان کات کوردستانم ھاتەوە یاد و پرسیاری ،وڵاتەکەمان لە چ ئاستێکدایە؟ لەلام قوت بوەوە، بێگومان ھەرگیز نابێ بەراوردکردنی کوردستان بە وڵاتانی تر ،توشی نائومێدیمان بکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە پێویستە ببێتە سەرچاوەی وەرگرتنی وزەی تازەو ،بتوانین وڵاتەکەمان چاک بکەین و لاسایی پێشکەوتنی میللەتان بکەینەوە. ئەم باسە زۆر پرسیار دروست ئەکات لەوانە؛
کورد، بۆ لە مێژوویەکی داخراودا وەستاودا گیری خواردوە؟ 
گوناحی سیاسیەکانە، یان خەڵکەکەی؟ کورد لیدەری ھەیە؟ ئەگەر نیەتی ،ئەی چۆن لیدەر دروست بکات؟ ھەموو ئەم پرسیارو بیرکردنەوانە دیدێکی تازە دروست ئەکەن بۆ چەمکێک کە دونیای ئەمڕۆی لەسەر وەستاوە ئەویش چەمکی گەشەپێدانی بەردەوامە sustainable development 
ئەو تێزەی فریادرەسی لەناوبردنی بێدادیی و ھەژارییە، ئەو تێزەی خەون و ژیانی گەلان ئەگۆڕێ، کورد ھێشتا لەرووی سیاسی و دەوڵەتدارییەوە، ئەم چەمکە ناناسێ و ھێشتا چەمکە کلاسیکیە سۆزئامێزەکانی سیاسیە کلاسیکەکان ئەناسێ 
بەڵا رۆژێک دێت، کە نەک ھەر ئەیناسێ بەڵکو گەشەپێدانی بەردەوام sustainable development ئەبێتە شادەماری خوێنی . 
سەرچاوەی زانیاری؛
تۆڕی سی ،ئێن ،ئێن.CNN



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP