ـــ دەروونناس
ــ سامان سیوەیلی
ــ
دەوترێت (ئافرەتان لەچوارچێوەی ژیانی هاوسەرییدا سێکس لەگەڵ هاوسەرەکانیان دەکەن بۆ بەدەستهێنانی سۆز و خۆشەویستی و گرنگیپێدان،
بەڵام پیاوان سۆز و خۆشەویستی دەردەبڕن بۆ هاوسەرەکانیان بەئامانجی بەدەسهێنانی سێکس لەگەڵیاندا).
هەندێجار ئەو ئافرەتانەی هەست بەگۆڕانکاری ڕەفتاری هاوسەرەکانیان و ساردی ئەوان دەکەن لەپەیوەندیەکانی نێوانیاندا، دەخوازن لەڕێی گرنگیپێدان بەخۆیان بۆ پەیوەندیە سەرجێیەکانیان سەرنجی هاوسەرەکانیان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن، بەڵام کاتێک لەمەشدا شکست بهێنن، ئیدی تێدەگەن کە هاوسەرەکانیان لەدەرەوەی ژیانی هاوسەریی پەیوەندی تریان هەیە، یاخود ئەو بڕوایەیان لادروست دەبێت کە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەسەر پەیوەندی هاوسەرییان دروست بووە.
ئەو بۆشاییە ڕۆحیەی ئافرەتان لەئەنجامی بێبەشبوون لەدەستکەوتنی سۆز و خۆشەویستی لەچوارچێوەی ژیانی هاوسەرییدا لایان دروستدەبێت، نەک هەر تەنها مەترسی پەنابردن بۆ کەسی سێیەمی لێدەکەوێتەوە، بەڵکو لەهەندێ باردا ئەگەری تووشبوون بە فشارێکی دەروونی توند یان نەخۆشی دەروونیشی لێدەکرێت کە لەنیشانەکانی وەک: (دڵتەنگی، تێکچوونی خەو، گرنگینەدان بەپۆشاک و خۆگۆڕین، چێژ وەرنەگرتن لەهەبووەکانی ژیانی هاوسەریی، لاوازبوون لەپەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا، تێکچوونی سوڕی مانگانە، هەڵچوون و توڕەبوونی زۆر، ئازاری جەستە و … تد) خۆیان بەرجەستە دەکەن.
لەقۆناغەکانی تەمەنی پێش هاوسەرگیریشدا بەداخەوە هەندێجار کوڕان بەخراپی کەڵک لەم پێداویستیە ڕۆحیەی کچان وەردەگرن، بەجۆرێک دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی دەکەنە چەکێک بۆ داگیرکردنی پایتەختی دڵی کچان، بەتایبەتی ئەو کچانەی لەناو خێزانەکانیاندا هەست بەپەراوێزخستن دەکەن و خۆیان بەبێبەش دەبینن لەڕووی سۆز و خۆشەویستیەوە، هەربۆیە زۆرینەی ئەو پەیوەندیانەی بەپەیوەندی خۆشەویستی ناودەبرێن لەقۆناغی هەرزەکاریدا جگە لەهەوڵێک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە لەلایەن کچانەوە هیچ پەیامێکی تری نیە،
دواجار کاتێک بەشێک لەو کچانە دەگەنە قۆناغی هۆگربوون بۆ بەرامبەرەکانیان، بەشێک لەو کوڕانەش بەخراپ کەڵک لەم بارە سۆزداری و سایکۆلۆژیەی کچان وەردەگرن و مانەوەیان لەگەڵ ئەو کچانەدا دەبەستنەوە بەمەرجی ئەنجامدانی پەیوەندی سێکسیی، دەرئەنجام ئەگەر ئەو پەیوەندیە سێکسیەش ڕوویدا ئەو کات هەمان ئەو کوڕە ڕۆمانسیە خاوەن بەڵێنانەی دوێنێ دەگۆڕێن و بەهەرشێوەیەک بێت خۆیان دووردەخەنەوە لە خۆشەویستەکانی دوێنێیان، بەمەش ئەم کچانە لەو قۆناغە ناسکەی تەمەن کە ناوی هەرزەکاریە دووچاری تێکشکانێکی دەروونی خراپ دەبن،