هەرێم نیوز
نەخۆشخانەی پار لە هەولێر، لەبارەی کەیسی نەخۆشێک کە لە نەخۆشخانەکەیانداخەوێنرابوو، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە ڕایگەیاند، بەداخەوە ئەم بابەتە مرۆییە کراوەتە بابەتێکی سیاسیی و دەیانەوێ لە پەنای ئەم بابەتەوە ئەسڵی بابەتەکە بشێوێنن.
نەخۆشخانەی پار لە هەولێر، ڕونكردنەوەیەكی لەبارەی کەیسی نەخۆشێک بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە،" ئێمە لە نەخۆشخانەی پار لە روونکردنەوەی پێشووشمان، راستی ئەم بابەتەمان خستەڕوو، بەشێکیش لە کەناڵە میدیاییەکان پیشەییانە مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەکەدا کرد، بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە ئینسانیە کراوەتە بابەتێکی سیاسی و دەیانەوێ لە پەنای ئەم بابەتەوە ئەسڵی بابەتەکە بشێوێنن و شکست و ئابڕووچوونە سیاسییەکانی خۆیانی پێ داپۆشن".
لە بەشێکی دیکەی ئەو روونکردنەوە ئاماژە بەوەکراوە،" هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی تێچووی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشە بە رەگەز عەرەبەی نەگرتووەتە ئەستۆ، خۆ ئەگەر هەر کەس و لایەنێکی سیاسی نیازی خزمەتکردن و چارەسەرکردنی خەڵکی هەیە، ئەگەرچی ئێمە لە نەخۆشخانەی پار پێویستمان بەوە نییە و بەگوێرەی توانا لە خزمەتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەراندا بووین، بەڵام دەکرێ ئەو لایەنانە پارەکانیان لەخزمەتی ئەوانە سەرف بکەن، نەک هەوڵی لێدانی کەسانێک بدەن و بابەتەکە بە سیاسی بکەن".
لەڕونكردنەوەكەدا ئەوەشهاتووە،" تیمی پزیشکی نەخۆشخانەکەمان لە سەرەتاوە هاوەڵی ئەم نەخۆشەیان ئاگادار کردەوە، کە ئەگەر ئەم نەخۆشە لە نەخۆشخانەکەمان بمێنێتەوە تێچووی هەیە، بەڵام هاوەڵی نەخۆشەکە گوتوویەتی کە ئامادەیە هەموو تێچووی چارەسەرەکە بگرێتە ئەستۆ و ئێمەش وەک نەخۆشخانە هاوکاری بووین و ئەو بڕەی کەوتۆتە سەر نەخۆشەکە تەنیا هەقی پزیشک و مەساریفەکانی چارەسەرە".
ئاماژە بەوەشكراوە،" لە ڕۆژی چوارشەممە 19/5/2021 بە ئەمبوڵانسی تایبەتی نەخۆشخانەکەمان و تیمی پزیشکییەوە ئەم نەخۆشە براوەتە نەخۆشخانەی حکومی و لە دوای ماوەیەکی کەم خۆی گەڕاوەتەوە نەخۆشخانەکەمان و ئامادە نەبووە لەوێ چارەسەر وەرگرێت".