دواین هەواڵ

کوردستان‌

 01/02/2022

ئەو کۆچبەرانەى دەگەنە سنورەکانى یۆنان لە لایەن پۆلیسى ئەو وڵاتەوە تاڵان دەکرێن و دواتر دیپۆرت دەکرێنەوە

هەرێم نیوز

هیوا خدر، نوێنه‌ری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا ڕایدەگەینێت، دوێنێ دووشەممە، سێ كۆچبه‌ر دوای گەیشتنیان بە سنوری دەریایی یۆنان و نزیکبونەوەیان لە دورگەکان لەلایەن پۆلیسی ئێشکگری یۆنانیەوە دەستگیركراون و هەرچیشیان پێبووە لێیان وەرگیراوەتەوە و دواتر دیپۆرت کراون.

هیوا خدر، ئەندامی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، 31ی (كانونی دوه‌م/1)ی ئه‌مساڵ سێ كۆچبه‌ر دوای گەیشتنیان بە سنوری دەریایی یۆنان و نزیکبونەوەیان لە دورگەکان لەلایەن پۆلیسی ئێشکگری یۆنانیەوە دەستگیركراون و هەرچی پێیان بوە لە جلوبەرگ و پارەو مۆبایل و پاسپۆرت لێیان سه‌نراوه‌، دواتر بردویاننه‌ته‌ نزیک سنوری دەریایی تورکیا لە ناوچەی چەشمێ-ی سەر بە شاری ئزمیر.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ به‌بێ هیچ کەرەستەیەکی رزگارکردن خراونه‌ته‌ ناو ده‌ریاوه‌ و دو لە كۆچبه‌ره‌كان توانیویانه‌ به‌ بەمەلەوانی و هێزی پاڵنه‌ری شەپۆلەکانەوە بگەنە کەنار دەریا و كۆچبه‌رێكیشیان بەهۆی نەزانینی مەلەوە تا ئێستا نادیارە.

به‌پێی وته‌ی هیوا خدر، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی ئێشکگری دەریایی تورکیا لە روداوەکە دو كۆچبه‌ره‌كه‌ لەکەنارەکە رزگارکراون و گەڕان و پشکنینیش بەدوای كۆچبه‌ره‌ بێ سەروشوێنەکە بەردەوامە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، رۆژێك پێشتر و له‌ 29ی (كانونی دوه‌م/1) 37 كۆچبه‌ر رزگارکران کە پێشتر دوای گەیشتنیان بەسنوری دەریایی یۆنان لەلایەن پۆلیسی ئێشکگری دەریایی یۆنانەوە دیپۆرتکراونەتەوە، رۆژی 28ی (كانونی دوه‌م/1)میش لەناوچەی دیکیلی  17 كۆچبه‌ر رزگارکران، کە پێشتر دوای گەیشتنیان بە سنوری دەریایی یۆنان لەلایەن پۆلیسی یٔێشکگری دەریایی یۆنانەوە دیپۆرتکراونەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP