ئا: تارا فاتیح
-نەخۆشیەکانی گەدە بریتیین لە هەوکردنی گەدە بەشێوەی کاتی و درێژ خایەن، کە بەهۆی بەکتریای ئێچ پایلۆریک مرۆڤ تووشدەبێت، هاوکات شێرپەنجەی گەدەش باوترین نەخۆشییەکانی گەدەیە.
- هۆکارەکانی نەخۆشییەکانی گەدە زۆرە وەک ئەو کەسانەی کەدەرمانی ئازار شکێن زۆر بەکاردەهێنن، یان ئەو کەسانەی بەردەوام خواردنەوە گازییەکان و کهوولیەکان دەخۆنەوە، یان جگەرە دەکێشن یاخود خواردنی ئەو خواردنانەی زۆر دەبرژێندرێن یان لە قوتوودەنرێن یان بەسەردەچێت.
ئەمانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە بۆ تووشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشیەکانی گەدە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بیرکردنەوەی زۆر و ماندووبوون و دڵەڕاوکێ هۆکارێکی کاریگەرن بۆ تووشبوون بەنەخۆشییەکانی گەدە.
دەربارەی نیشانەکانی نەخۆشیەکە ئەگەر کەسەکە هەست بەئازاری گەدەی دەکات لەبەشی سەرەوەی سکیدا و تووشی کەمخوێنی دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا کێشی دادەبەزێت و بەردەوام دەڕشێتەوە و خواردنی بەگران بۆ دەخورێت، هەموو ئەمانە لە نیشانەکانی نەخۆشییەکانی گەدەن، بۆیە دەبێت نەخۆش لەم کاتانەدا سەردانی پزیشک بکات.
زۆر جاریش نەخۆشیەکە نیشانە خراپەکانی دەردەکەون ئەگەر بەزوویی چارەسەر نەکرێت، دەبێتە هۆی کوون بوونی دیواری گەدە و خوێن بەربوون و ڕەش بوونی پیسایی کەسەکە، لەم کاتەدا ژیانی نەخۆشەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.
دەرباری دەست نیشانکردنی نەخۆشییەکە، بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار 50 ساڵییەوەیە دەتوانرێت لەڕێگەی پشکنینی خوێنەوە جۆری نەخۆشییەکەیان دەست نیشان بکرێت، ئەویش دوای بەکارهێنانی دەرمان بۆ نەخۆشەکە بۆماوەیەک ئەگەر چاک نەبوو.
ئەوکات پشکنینی خوێنی بۆ دەکرێت بۆ دیاریکردنی جۆری نەخۆشییەکەی، بەڵام ئەگەر کەسێک تەمەنی لە سەروو 55 ساڵیەوە بێت، لەڕێگەی ئەنجامدانی هەناوبینینەوە (نازۆر) دەتوانرێت نەخۆشییەکەی دیاری بکرێت.
*چارەسەرەکانی بۆ نەخۆشی گەدە چین؟
- بەپێی جۆری نەخۆشییەکان چارەسەرەکان دەگۆڕێن، ئەگەر نەخۆشەکە هەوکردن یان بەکتریای ئێچ پایلۆری هەبێت لەڕێگەی بەکارهێنانی
دەرمانەوە دەتوانرێت چارەسەری نەخۆشیەکەی بکرێت، بەڵام ئەگەر حاڵەتەکە گەیشتبێتە شێرپەنجەی گەدە پێویستە لەڕێگەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشەکە، بەلابردنی بەشێکی گەدەی یان هەمووی دەتوانرێت چارەسەر بکرێت.
بۆ ئەوەی لە نەخۆشیەکانی گەدە بەدووربن، پێویستە لەکاتی هەست کردن بە ئازاری گەدەدا بەزوویی سەردانی پزیشک بکەن، خۆیان لەخواردنە زۆر برژاوەکان و کهولیەکان و جگەرە و خواردنی لە قوتوونراو بەدووربگرن، تا لەنەخۆشییەکانی گەدە بەدووربن.