دواین هەواڵ

وەرزش‌

 18/05/2023

بەهۆی فشارەکان و خەرجکردنی سەدان ملیۆن یانەی چڵسی مان ڕەتکردەوە

هەرێم نیوز

بریکاری کارەکانی جولیان نایگلسمان ڕایگەیاند کە یانەی چێڵسی ئینگلیزی ڕاستەوخۆ دوای جێهێشتنی بایرن میونیح پەیوەندی پێوەکردوون، بەڵام ئەم ڕاهێنەرە پێشنیارەکەیانی ڕەتکردوەتەوە.

 دوورخستنەوەی لەناکاوی جولیان ناگلسمان لە بایرن میونیخ زۆر کەسی تووشی سەرسوڕمان کرد.  هەواڵەکە هێندە لەناکاو بڵاوکرایەوە، تەنانەت خودی ڕاهێنەرەکەش توشی شۆک بووە.

ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زۆرێک چاودێرانی تۆپی پێ لەناویاندا لۆتار ماتیۆس ڕەخنە لە هەڵسوکەوتی بەڕێوەبەرانی بایرن میونیخ بگرن، هەرچەندە لە بەرگریکردنیاندا ڕایانگەیاندووە کە هەواڵی دوورخستنەوەی ناگلسمان بە پێچەوانەی خواست و کاتی ئەوانەوە دزەپێکراوە. 

 ڤۆڵکەر سترۆس بریکاری کارەکانی جولیان ناگلسمان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بیڵد باسی لەوە کردووە کە چۆن لەلایەن بایرن میونیخەوە لەم هەواڵە ئاگادارکراونەتەوە.  ئه‌و ووتی:

 لە ڕێستۆرانتێکی شاری کۆڵن بووم ڕۆژنامەنووسێک تەلەفۆنی بۆ کردم و پێی وتم: "ئەمە زۆر بە خێرایی بەسەر جولیاندا هات" و وتم مەبەستت چییە و ئەویش وتی: چۆن هێشتا نازانیت؟ جولیان لە کارەکەی دوورخرایەوە و تۆخێل ڕاهێنەری نوێیە.  دواتر نامەی زیاترمان پێگەیشت و دواتر تەلەفۆنمان بۆ جولیان کرد.  ئەویش نەیدەزانی، کاتێک هەواڵەکەم بۆ گێڕایەوە، وتی گاڵتەم پێ دەکەیت؟

 ستڕۆس لە درێژەی قسەکانیدا وتی:

 دوای یەک دوو سەعات، ئەوەندە هەواڵ بڵاو بووەوە کە هاوبەشەکەم ساشا براس پەیوەندی بە حەسەن ساڵح حەمیدزیچەوە کرد و پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا شتێک هەیە کە پێویستە بزانین، ئەویش وەڵامی دایەوە: سبەی وەرە بۆ ئۆفیس.  دوای ئەوە تێگەیشتین کە شتێک ڕوودەدات.

یەکێک لە بژاردەکانی چێڵسی دوای دوورخستنەوەی گراهام پۆتەر جولیان ناگلسمان بوو کە دوای ماوەیەک ناوی لە لیستی یانەکە لابرا.  بەڵام ئێستا سترۆس ڕایگەیاند یانەی چێڵسی دوای ماوەیەکی کەم لە جێهێشتنی بایرن میونیخ پەیوەندی پێوەکردوون، بەڵام ئەوە ناگلسمان بوو کە دواجار پێشنیارەکەیان ڕەتکردەوە.  سەبارەت بەم بابەتە وتی؛

 چێڵسی خێرا پەیوەندی پێوەکردین و چەندین گفتوگۆی تەلەفۆنی ئەنجامدرا.  نەچوون بۆ ئەوێ بڕیارێکی دروست بوو.  ئەم یانەیە لە دۆخێکی زۆر پشێودایە.  بە سیاسەتی گواستنەوەیان و خەرجکردنی سەدان ملیۆن یۆرۆ، چاوەڕوانییەکانیان بەرزکردەوە کە دەبوو جێبەجێی بکەن.  بێگومان پرسی دیکەش هەبوون.  بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی هەمانبوو، جولیان هەڵبژاردەی یەکەمی چێڵسی بووە و ئەگەر بیویستایە ئیستا ڕاهێنەری ئەو یانە بوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP