دواین هەواڵ

کوردستان‌

 28/05/2023

هاوسەرۆکی هەدەپە: لەپێناو داهاتویەکی روناک بۆ تورکیا دەنگماندا

هەرێم نیوز

هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، بەشداری هاوڵاتیان لە پڕۆسەکەدا زۆرە و بانگەواز بۆ دەنگدەران دەکەم کە بچن دەنگی خۆیان بدەن، ئەم هەڵبژاردنە نەک تەنها هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیایە بەڵکو ئەم هەڵبژاردنە دەنگدانە بۆ ئایندەی تورکیا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، میتحەت سنجار، هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، دوای ئەوەی بەشداریکرد لە پڕۆسەی دەنگدانی خولی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان، رایگەیاند، "بەشداری هاوڵاتیان لە پڕۆسەکەدا زۆرە و بانگەواز بۆ دەنگدەران دەکەم کە بچن دەنگی خۆیان بدەن، ئەم هەڵبژاردنە نەک تەنها هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیایە بەڵکو ئەم هەڵبژاردنە دەنگدانە بۆ ئایندەی تورکیا، هیوادارم سبەینێ پاشەرۆژێکی روناک و ئازادبێتە کایەوە و ئەم دەنگدانە ئەرکێکی دیموکراتیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر سندوقەکانی دەنگدان چاودێرەکان کاری خۆیان دەکەن و کارمەندانی ئەوانیش لە هەمو بنکەکانی دەنگداندا هەن، پێویستە هاوڵاتیان بچن دەنگەکانی خۆیان بدەن و ئەرکی خۆیان بەجێبهێنن و دەنگی خۆیان بۆ داهاتویەکی روناک بەکاربهێنن، ئەوان دەیانەوێت وڵات بەرەو ئازادیی، دیموکراسی و روناک بچێت.

هاوسەرۆکی هەدەپە باسی لەوەشکرد، "ئێستا تورکیا بە قەیرانێکی قوڵدا دەڕوات و دەبێت لەو قەیرانە رزگارمان بێت بۆ ئەوەش دەبێت هاوڵاتیان بچن دەنگەکانی خۆیان بدەن".

کاتژمێر 8:00ی بەیانی ئەمڕۆ پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا دەستیپێکرد و تاوەکو کاتژمێر 5:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، هاوڵاتیان تورکیا لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆگان و کەمال کلیچدارئۆغلو هەڵدەبژێرێن.

پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کە سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتو دیاری دەکات لە هەزار و 94 نوێنەرایەتی دامەزراوەی هەڵبژاردنی لە 973 شارۆچکە زیاتر لە 191 هەزار سندوق دانراوە، زیاتر لە 60 ملیۆن دەنگدەر لە ناوەوەی وڵات دەنگدەدەن.

هەریەک لە کاندیدی هاوپەیمانێتی جمهور بۆ سەرۆکایەتی کۆمار رەجەب تەیب ئەردۆگان و کاندیدی هاوپەیمانێتی میللەت کەمال کلیچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکاندا کێبڕکێی دەکەن.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP