دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

بزووتنەوەی گۆڕان بۆ یەکەمجار بەشداری هەڵبژاردن ناکات

هەرێم نیوز

یەکەمجارە لە مێژووی بزووتنەوەکەدا ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بکات، هاوکات، ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیش رایگەیاند: "چاوەڕێین هەڵاواردنێک بۆ بزووتنەوەکە بکرێت بۆ ئەوەی بەشداری بکات."

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تۆمارکردنی پارت، هاوپەیمانێتی و لیستە سەربەخۆکان تاوەکو کۆتایی دەوامی رۆژی 14ـی ئەم مانگە دەبێت.

جومانە غەلای ئەمڕۆ یەکشەممە ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێموانییە ئەو وادەیەی دیاریکراوە درێژ بکرێتەوە و هەر حیزبێکیش وادەی کۆنگرەی بەسەرچووبێت، ناتوانێت بەشداریی هەڵبژاردن بکات."

ئەندامێکی جڤات وتی،  بۆ بەشداریکردن چاوەڕێی هەڵاواردنین

جەلال ئیسماعیل، ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتمانیی‌ بزووتنەوەی گۆڕان و باژێروانى دهۆک بە رووداوی راگەیاند، بزووتنەوەکە رۆژی 24ـی ئایاری بۆ کۆنفرانس دیاریکردووە.

هاوکات چۆمان محەممەد، ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی و رێکخەری ژووری ياسايى بزووتنەوەی وتی، "ئەوەی ئێمە بیستوومانە وادەی تۆمارکردنی حیزب و قەوارەکان درێژ دەکرێتەوە."

چۆمان محەممەد روونیکردەوە: "لە ئەگەری درێژنەکردنەوەی وادەکەش رەنگە داوای هەڵاوێر بکرێت، چونکە لەنێو هەنگاوە یاساییەکان داین و بەرەو کۆنفرانس دەچین."

بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوای ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، 5ـی نیسانی ئەم ساڵ، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "بە دەستوەردانی حیزبی، کۆمیسیۆن بەشداریی نەکردووە".

ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان کە بە "باڵی کوردسات"یش ناودەبرێن، 26ـی نیسان کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد و کۆمیسیۆنیش ئامادە بوو، بەڵام بە گوێرەی یاساکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی پێویستی ئەندامانی بزووتنەوەکە ئامادە نەبوو، بۆیە هەڵگیرا بۆ کاتێکی دیکە.

بەرپرسێک لە ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان وتی: "بەرچاومان روونکراوەتەوە و بە گوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆن، 24 ـی ئەم مانگە بۆ کۆنفرانسی گشتیی دیاریکراوە".

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕانی ناچار کردووە، تەنیا ئەو ئەندامانە بەشداریی کۆنفرانس بکەن ناویان لە ساڵی 2017 تۆمار کراوە زیاترن لە 2100 ئەندام؛ ئەوانەش ئێستا بەسەر دوو ئاراستە دابەشبوون، جگە لەوەی بەشێکیان دەستبەرداری سیاسەت بوون و بەشێکیش چوونەتە نێو حیزبەکانی دیکە.

بەڵام بە گوێرەی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی کوردسات) ڕایگەیاند، "کۆنفرانسی داهاتووو بە گوێرەی دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبوو دەبێت، بۆ نموونە 400 ئەندام ئامادەبێت دەتوانن بڕیارەکانی کۆنفرانس بە زۆرینەی دەنگیان پەسند بکەن".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP