دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای دابینی کردەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای "دابین"ی لە بناری چیای سەفین کردەوە.

پڕۆژەکە دەکەوێتە بناری چیای سەفین لە سنووری پارێزگای هەولێر و لە حوزەیرانی 2023 دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بەردی بناغەی دانرا.

لە میانی وتارێکدا لەبارەی کارگەی چیمەنتۆکەوە ڕایگەیاند، کارگەکە ساڵانە یەک ملیۆن و 100 هەزار تۆن چیمەنتۆ بەرهەمدەهێنێت. ڕاشیگەیاند، جێی دەستخۆشییە کە توانیویانە هەزار و 200 هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە بڕەخسێنن. کە بێگومان ئەمە بەشێکی زۆری پێداویستیی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش دابین دەکات.

وتیشی: چەندین پرۆژەی تری هاوشێوەش لە هەرێمی کوردستان هەن. ئەمە ئاماژە بەوە دەدات کە کوردستان شوێنێکی گونجاوە بۆ پەرەپێدان بە کەرتی پیشەسازی. ئێمە بەردەوام دەبین لە هاندان، پاڵپشتی و پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم جۆرە پرۆژانە کە بکەونە خزمەتی خەڵکی کوردستان.

هەروەها ئاماژەشی بەو پرۆژانەدا کە لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون و وتی "ئەو بەڵێنانەی حکومەتی هەرێم داویەتی بۆ پەرەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاری، خەریکە ئێمە بەرهەمەکانی وردە وردە دەبینین و بەشێکی زۆریان جێبەجێ دەکرێن.

سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند: کوردستان زۆر زۆر دەوڵەمەندە و مەجالی زیاتر هەیە کە ئێمە بتوانین لە هەموو بەشەکانی تری کوردستان، لە هەموو شوێنەکانی تر، لە هەموو شار و شارۆچکەیەک، گرنگی بە پێشخستنی ژێرخانی ئابووری بدەین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP