دواین هەواڵ

ئابوری‌

 12/09/2023

بەمەستی ناردنی موچە، لە پەرلەمانی عێراق واژۆ کۆدەکرێتەوە

هەرێم نیوز 

پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەژێر چاودێری شاخەوان عەبدوڵڵا، واژۆ کۆدەکەنەوە بۆ فشار خستنە سەر، حکومەتی فیدراڵی بە مەبەستی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی 9ی 2023، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، لەنێو هۆلی پەرلەمانی عێراق لەژێر چاودێری شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق خەریكی كۆكردنەوەی واژۆن بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق بەپەلە رێكاری پێویست بگرێتەبەر و فشار لە حكومەتی فیدراڵی بكات بۆ چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان و هەندێك لە فراكسیۆنە عێراقییەكان واژۆیانكردووە و تا ئێستاش 96 واژۆیان كۆكردووەتەوە.

باسی لەوەشکردوە، "دڵنایی دەدەین هەرچی پێویست بێت بۆ وەرگرتنی مافی مووچەخۆرانمان دەكەین و دڵنیاش بن ئەم دۆخە خراپە بەمشێوازە بەردەوام نابێت".

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، نەناردنی شایستە داراییەکانمان وەک لە بودجەی فیدراڵدا هاتووە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP