هەرێم نیو
ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی بڵاویکردەوە، دوو خولی داهاتوی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەم هەفتەیەدا لە جنێڤ و هەفتەی دواتر لە عومان بەڕێوەدەچێت.
ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ڕایگەیاندوە کە "دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە لە ڕۆما بەڕێوەچوو و بە نێوەندگیری عومان پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا گفتوگۆی تەکنیکی زیاتر لە جنێڤ ئەنجام بدرێت، دواتر کۆبونەوەیەکی دیپلۆماسی ئاستی باڵای دیکە لە عومان ئەنجام بدرێت.
له ڕاپۆرتهكهدا هاتوه، "رووسیا دەتوانێت ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ئایندەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هەروەها نوێنەری تایبەتی ترەمپ، ستیڤ ویتکۆف کە لە دانوستانەکانی ڕۆمادا بو، دەیەوێت لە ماوەی 60 ڕۆژدا بگاتە ڕێککەوتن".
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 19ی 4ی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
دوای کۆتاییهانتی گفتوگۆکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، دانوستاندنەکانیان "لە کەشێکی بونیادنەردا" بەڕێوەچوون؛ ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی چوارشەممە شاندە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە عومان کۆدەبنەوە و دواتر شاندە دیپلۆماسییەکان رۆژی شەممەی داهاتوو لە هەمان وڵات دانوستاندن دەکەن.
گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.