ڕەبیع جابر
شوان ئەحمەد كردوویەتی بە كوردی
بێخەوی دەردە. چەند ڕۆژێك پێش ئێستا پزیشكێكی ئیتاڵی پوختەی توێژینەوە و گەڕانەكانی، دەربارەی ئەو نەخۆشییە بڵاوكردەوە، بەڵام ئومێدێكی ئەوتۆی بە كەس نەدا. مەعریفە و زانین فریادڕەس نین. خەڵكانی پێش ئێمە بە دەست مەعریفەوە موبتەلابون.
دەردی بێخەوی كوشندەیە. ماركیز لە ڕۆمانی (سەد ساڵ تەنهایی)دا، دەستەواژەیەكی تۆكمەی بۆ ئەو دەردە داهێناوە (تاعونی دڵەڕاوكێ). لە سێیەم نەسكی ئەو ڕۆمانەدا، تەواوی شارۆچكەیەك دووچاری ئەو دەردە دێن. خەڵكوخوای (ماكۆندۆ)، یەك لەدوای یەك دووچاری بێخەوی دەبن. سەرەتا خۆشحاڵ دەبن: (وا چاكترە نەخەوین، چونكە ژیان ئەو كات بە پێزتر دەبێت).
بەڵام دواتر پەی بە هەقیقەتێكی تاڵ دەبەن و تێدەگەن كە: (ترسی ئەوان لە بێخەوی نیە، چونكە جەستە هەست بە هیچ ماندوو بوونێك ناكات، بەڵكو لەوەدایە سەربكێشێ بۆ شتێكی لەوە خراپتر كە لەدەستدانی یادەوەرییە). بێخەوی هەڕەشەی لە دەستدانی یادەوەری، لە دانیشتوانی (ماكۆندۆ) دەكات. هەڕەشەی لە دەستچوونی مەعریفە و ڕابردوو و مێژوو.
لە ڕۆمانی (بەڵگە) كە ساڵی 1988 چاپكراوە و خاتوو ئاگۆتا كریستۆفی هەنگاری نووسیویەتی، بێخەوی پیاوێك (كە خاوەن كتێبخانەیە) بەرەو تاوان دەبات. ئەو پیاوە لەبەر بێخەوی و لەبەرئەوەی ناتوانێت كتێبی ژیانی بنووسێتەوە، دەبێت بە پیاو كوژ.
هەمان ئەو بێخەویە، خانمە ڕۆماننووسی ژاپۆنی بەنانا یۆشیمۆتۆش بە خۆیەوە مژۆڵ دەكات. لە ڕۆمانی (نوستووەکەدا)دا (كتێبێكە سێ نۆڤڵێت لەخۆ دەگرێت) و ساڵی 1992 چاپكراوە، خەو دەبێتە پانتایی ژیانێكی ئەفسوناویی (كارەكتەرگەلێك ژیانێكی پڕاوپڕ لە كاتی خەودا ئەزموون دەكەن، ژیانێكی ئەندێشەكراو كە هەڕەشە لە ژیانی ڕاستەقینەی ڕۆژانە دەكات).
ئەو ڕەگەزە خورافیە، لە ئەدەبی ژاپۆنیدا زۆر دووبارە دەبێتەوە. خوێنەرانی یاسۆناری كاواباتا بەهای بێخەوی لە هۆشیاری كارەكتەرەكانیدا، دەزانن و ئاشنان پێی. لە (هەرا و زەنای چیاکە) و (ماڵی شۆخە نوستووەکان)دا، پیرەمێردەكە تەنها لە ساتەوەختی نووستنی ئەوانی دیكەدا دەتوانێت، جیهان ماڵی بكات. خەڵكوخوا هەموو دەخەون، ئەمەش دەرفەت دەداتە ئەو ئێشكگرەی دوچاری بێخەوی بووە، تا لە دنیا حاڵی ببێت.
ئەوەی كاواباتا پێی ئاشنابوو، ئێمیل سیۆرانیش ئەزمونیكرد. ساڵی 1983 لە دیدارێكیدا باس لە پەیوەندی خۆی لەگەڵ پەتای بێخەویدا دەكات، لەو دیدارەیدا دەڵێت: (سەروەختێك تەمەنم نۆزدە ساڵانبوو دووچاری بێخەوی بووم، ئەوەش بە ئەزمونێكی بنەڕەتی ژیانم دەزانم. شەو دادێت و رۆژ دەبێتەوە و تۆ بە تەنها لەگەڵ خۆتدای.
نیوە شەوان هەموان نوستون و تۆش تەنها كەسێكی بەخەبەری. لەوەها حاڵەتێكدا هەست دەكەیت، تۆ بەشێك نیت لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بەڵكو سەر بە دنیایەكی دیكەیت. ئەم پرۆسەیەش چەندین مانگ و چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت و وات لێدەكات هەستت بە شتەكان و تێگەیشتنت بۆ ژیان بگۆڕێت.
بیست و چوار سەعاتی بەردەوام، تۆ بە ئاگا و بێدار بیت. لە ڕاستیدا بێدار بیت و هۆشیاریشت لە دەست نەدەیت، بۆ خۆی ماڵوێرانیەكی گەورەیە. ئاخر مرۆڤ دەتوانێت لە ڕۆژێكدا چەندین سەعات بە خەبەر بێت، بەڵام ناكرێت بە درێژایی شەو و رۆژ نەخەویت).
ساڵی 1934 و لە (ترۆپكی نائومێدی) دا، سیۆرانی لاو باس لە (چێژ و خۆشی بێخەوی دەكات). ئەو كتێبەی كاتێك نووسیوە كە لە ڕۆمانیا بووەو هیشتا نەچۆتە پاریس و بە زمانی فەرەنسی بنووسێت. لەوێدا باس لەدڵتەنگی شەوی گەردونی دەكات و بە خەم و ناسۆری میوزیكی خۆرهەڵاتی دەشوبهێنێ. بەگشتی بابەتی بیخەوی، پرسێكی كۆنە لە بواری ئەدەبدا.
خۆرخە لویس بۆرخیس ساڵی 1942 لە دەقی (فۆنس) دا، دەربارەی پەتای بێخەوی دەنووسیت: ( ئەو كوڕە ئیفلیجە لەو تاریكیەدا خۆی فێری لاتینی دەكات، بەرامبەر پەنجەرەیەك كە بەسەر دیمەنگەلێكدا دەڕوانێ لە مێشكی ئەودا چەسپیون. گەر بیویستایە بخەوێت، ئەوا مەزەندەی خۆی دەكرد لەناو ڕوبارێكدا پاڵكەوتووە و ئاوەكەش بەسەر جەستەیدا دەڕوات).